حەشدی شەعبی بارگەکانی دەپێچێتەوە

"بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکایە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران'

K24 – هه‌ولێر:

حەشدی شەعبی بڕیاریدا لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش رزگارکراون بکشێننەوە کە تەواوی ناوچەکانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، ئەنبار و نەینەوا دەگرێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، هێزەکانی حەشدی شەعبی جیا لە کشانەوەی هێزەکانیان، نووسینگەکانیشیان لەو پارێزگایانەی عێراق دادەخەن.

ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەیاننامەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە شارە ئازادکراوەکان چۆڵدەکرێن، هەروەها هەر بارەگایەکی دیکە کە پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە هەبێت لە شارە ئازادکراوەکان دادەخرێن".

لەلێدوانێکیدا بۆ شەرقلئەوسەت، دکتۆر هاشم ئەلهاشمی، شارەزای گروپە چەکدارەکان، هۆکاری ئەو بڕیارەی حەشد ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "ئەمە پەیوەندی بە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی عومان، ئەمەریکا و ئێرانەوە هەیە، کار لەسەر ئەوە دەکرێت ئێران هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە و هەژموونیشی لەعێراق کەمبکات".

هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سەروبەندی رووبەرووبوونەوەی داعش لە عێراق دروستکران و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێن، پێشتریش بە چەند تاوانێکی مرۆیی بەرامبەر بە کورد و سووننەکان تۆمەتبارکراون.

H.J