گەورەترین كۆمپانیای گەوھەر لە جیھاندا چیدیكە زێڕ و زیو ناكڕێت

دەست بە ریسایكڵێنكردنی كانزا دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

گەورەترین كۆمپانیای گەوھەر لە جیھاندا، چیدیكە زێڕ و زیو ناكڕێت و دەست بە ریسایكڵێنكردنی كانزا دەكاتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگ، لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێكی نوێ بۆ زیادكردنی پێگەی پشكەكانی بۆ وەبەرھێنەرانی جیھان دانراوە، كۆمپانیای پاندۆرا "Pandora" كە بە گەورەترین كۆمپانیای گەوھەر لە جیھاندا ھەژماردەكرێت و دەكەوێتە كۆبنھاگن ، چیدیكە زێڕ و زیو لە كۆمپانیا كانزانییەكان ناكڕێت و خۆی دەست بە دووبارە ریسایكڵێن كردنی كانزا دەوڵەمەندەكان دەكاتەوە.

كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، بڕیارە ساڵی 2025 كار بە سیاسەتە نوێیەكەی بكات و یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بۆ ئەو وەبەرھێنەرانە زیاتر دەرخات، كە زۆر سەرقاڵی ئەو قەواڵانەن كە لە رێگەیەوە پێداویستییەكانی ژینگە و كۆمەڵایەتی دابیندەكات.

لە دوایین مامەڵەكانی بورسەدا، پشكی كۆمپانیای پاندۆرا لە بازاڕی بۆرسەی دانیمارك بەرێژەی 5% بەرزبووەوە، ئەوەش یارمەتریدەر بوو كە ھەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەھای بە بازاڕكردنی كۆمپانیاكە زیادەیەك بەرێژەی 20% تۆماربكات، بەڵام پێنوێنی كۆبنھاگن لە مامەڵەكانی ئەمڕۆدا، بەرێژەی 0،1% داكەوتنی تۆماركرد.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە سیاسەتی كۆمپانیاكەدا دەكرێت، ھیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر تێچووی كۆمپانیاكە نابێت و تەنانەت كاریگەری لەسەر كوالێتی ئەو گەوھەرانەش نابێت كە لەلایەن كۆمپانیاكەوە دروستدەكرێت.

پاندۆرا جەختیشیكردەوە، كە پشت بەستنی كۆمپانیاكە بە دووبارە ریسایكڵینی كانزاكان، دەبێتە ھۆكار كە سێ ھێندەی دەرھاویشتەكانی كاربوون لە زیو و  بەرێژەی 99% زێڕ كەمببێتەوە و ئاماژەیدا كە یەكێك لە سوودە سەرەكییەكانی ژینگە، كەمكردنەوەی بەكارھێنانی ئاوە كە لە پرۆسەكانی دەرھێنانی كانزا بەكاردێت.