ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر داوای راگرتنی دەوامی فەرمانبەران دەكات

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر داوا دەكات دەوامی فەرمانبەران لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر رابگیرێت و تەنھا بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشەكان بە رێژەی 95% دەوام بكەن و لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش تەنھا 70%ی فەرمانبەران دەوام بكەن.

بەگوێرەی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و وەزارەتی ناوخۆی كردووە. داوا دەكات، لەپێناو پاراستنی گیانی فەرمانبەران و ھاووڵاتییان دەوامی فەرمانبەران لە فەرمانگە خۆجێییەكانی ھەولێر بە رێژەی 95% رابگیرێت و تەنھا بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشەكان دەوام بكەن، ھەروەھا لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بە رێژەی 70% دەوان بكرێت.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "لە كۆبوونەوەی ھەفتەی رابردووماندا داوامان لە پارێزگاری ھەولێر كردبوو كە ئەو پێشنیازەمان بگەیەنێت بە وەزیری ناوخۆ، كە دەوامی فەرمانبەران بە رێژەی 95% رابگیرێت، لەبەر ئەوەی بەشێك لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەران لە سنوورەكەمان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

گوتیشی: "ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بۆ ئەوەی داواكەمان بە ھەند وەربگیرێت".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، راشیگەیاند: "پێشنیاز دەكەین ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانەی واژۆ لەسەر نووسراوەكان دەكەن، لانی كەم مانگی دووجار پشكنینی كۆرۆنایان بۆ بكرێت".