ئێران یەدەگی یۆرانیۆم دوو هێند زیاد دەکات

"ئامانجمانە 190 هەزار ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاربخەین"

K24- هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند یەدەگی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی بۆ 950 تەن زیادی کردووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان نزیکن.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی تامپا بەی تایمزی ئەمەریکی، عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران، ئاشکرایکردووە:" ئێران لە ساڵی 2015ەوە، 400 تەن یۆرانیۆمی لە وڵاتانی رۆژئاوا هاوردەکردووە، بەمەش یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران بۆ 950 تەن زیادی کردووە".

ساڵحی دەشڵێت ئەو بڕە یۆرانیۆمە ئامانجی درێژخایەنی ئێران بۆ بەکارخستنی 190 هەزار ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم لە داهاتوو دەهێنێتە دی.

ئەم لێدوانەی ئێران لە کاتێکدایە، ئەمەریکا هەوڵی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەدات و هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە خستۆتە کار.

H.J