مه‌سروور بارزانی گه‌یشته ئه‌مریكا
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به سه‌ردانێك گه‌یشته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و بڕیاره له‌و سه‌ردانه‌یدا چاوی به ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئه‌مریكا بكه‌وێت.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ واشنتن، بڕیاره راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، چاوی به چه‌ندین به‌رپرسی باڵای كۆشكی سپی و ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته بكه‌وێت و باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن.
سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی پاش به‌شداریكردنییه‌تی له كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان له میونشن، كه له چوارچێوه‌ی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان، رۆژانی 16 تا 18ـی ئه‌م مانگه له ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو.
له په‌راوێزی 54ـه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن،كه هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداربوون، مه‌سروور بارزانی، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، له په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی چه‌ندین وڵات كۆبووه‌ته‌وه و باسییان له قۆناخی داهاتووی ناوچه‌كه و هه‌رێمی كوردستان كردووه.