هادى عامرى: ئێران ئه‌م داوايه‌ى له‌ لايه‌نه‌ شيعييه‌كان كردووه‌

ئێرانییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، چەند داواکارییەکیان لە لایەنە شیعەکان کردووە
kurdistan24.net

K24 – به‌غدا:

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هادى عامرى رایگەیاند، ئێرانییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، چەند داواکارییەکیان لە لایەنە شیعەکان کردووە، بەڵام داواکەی ئێران رەتکراوەتەوە.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و نێوەندگیری ئێرانییەکان لەنێوان لایەنەکاندا عامری جەختیکردووەتەوە، دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق شاراوە نییە و لە پێکهێنانی حکومەتیشدا ئامۆژگاری لایەنە شیعەکانیان کردووە.

سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح نەیشاردووەتەوە، خەمی ئێرانییەکان زیندووکردنەوەی هاوپەیمانی شیعە بووە، کە پێشتر لایەنە شیعەکانی لەخۆدەگرت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد مەساری، سەرکردە لە هاوپەیمانی قەرار روونیکرده‌وه‌، ئێرانییەکان بەشێوەیەکی گەورە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن.

هەروەها ئەو سەرکردە سوننییە هیوای خواستووە، لە داهاتوودا ئێرانییەکان بەو ئەندازەیە دەستێوەردان نەکەن.

ئاماژەى بەوەشدا، سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانێتی نەسر، بەڵام ئامادەنەبوون هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی پێکبهێنن.