ئیبراهیم جەعفەری: کورد لە عێراق مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەر شانە

"كورد لە عێراق قوربانی زۆریداوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7e24e838-3f7a-406a-8a57-b8eeecfd1238/021418WDM.ism/manifest

K24 - كوێت

 وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی سزادانی خەڵکی کوردستان بە داخستنی گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەکان و نەناردنی مووچە، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی نادەستووری و ناڕاستی ناوە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کوردستان لە عێراق هاوشێوەی گەلانی دیکە قوربانی داوە، بۆیە مافی خۆیان هەیە و ئەرکیشیان لەسەر شانە.

ئیبراھیم جەعفەری گوتی: "ئێمە راستگۆین لەگەڵ گەلی خۆمان، لە کوردستان کاتێك ئەوان هەنگاویان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم نا، ئێمەش ئەم هەنگاوەمان بەناڕاست و نادەستووری دانا و دەنگی خۆمان بە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گەیاند، بە تایبەتی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و نەتەوەیەکگرتووەکان و پێمان راگەیاندن کە ئەمەی کراوە پێچەوانەی دەستوورە، لە ماددەی یەکەمی دەستووریش باسی یەکگرتووی خاکی عێراق و سەروەرییەکەی کراوە و لادان لەو بنەمایانەی دەستوور هەڵەیە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەمە هەڵوێستیکی جیاوازی گەلی کوردستانە، گەلی کوردستان بەشێکە لەو گەلانەی کە بە یەکەوە عێراقیان پێکهێناوە و هیچ جیاوازییەکیش لەسەر ئەمە نییە".

گوتیشی: "گەلی کورد هاوشێوەی گەلانی دیکە قوربانیداوە، لە هەڵەبجە و ئەنفالدا کورد هاوەشێوەی برایانی شیعە و تورکمان و مەسیحی و ئیزدی و سابیئەکان قوربانیانداوە، هەموویان لەپێناو عێراق وەك یەك قوربانیان داوە، ئێستاش بەهیچ شێوەیەک ناکۆکی دوولایەنە لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمانەکان و ئایینە جیاوازییەکان نییە، کاتێك هێزەکانی عێراق چوونە ناو کەرکووك، خەڵکی کەرکووك پێشوازیان لێکرد و دەیانەوێت ئەو شارە بە شارێکی عێراقی بمێنێتەوە، لە شارەکەدا کورد هاوشێوەی شیعە و سوننە و مەسیحیەکان پێشوازیان لە هێزەکان کردووە، بۆیە هیچ ناکۆکیەك لەنێوانیاندا نییە، گەلی کورد لە عێراق مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەر شانە، ئەوان لەلای ئێمە وەك سوننە و تورکمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەن".