عه‌بادی به كوردی سوپاسی پێشمه‌رگه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له په‌یجی تایبه‌تییانه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه، ده‌قی وتاری"سه‌ركه‌وتن"ـی عه‌بادی به زمانی كوردی بڵاوده‌كاته‌وه‌و له وتاره‌كه‌دا باسی رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كات.
له ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌دا كه به زمانی كوردی بڵاوكراوه‌ته‌وه عه‌بادی ده‌ڵێت: "سڵاو ئاڕاسته‌ى هه‌موو سه‌ركه‌وتووان ده‌كه‌م، هێزه قاره‌كانه‌كانمان له سوپا، پۆلیس، ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، حه‌شدی شه‌عبی، ده‌زگاى دژه تیرۆر، هێزی ئاسمانی، پێشمه‌رگه، وه هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانمان به هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه. هه‌روه‌ها سڵاو له ستافی ئه‌ندازیارى، پزیشكی، فریاگوزارى، عه‌شره‌ته‌كان، هاوڵاتیانی ناوچه ئازاده‌كان ده‌كه‌م، كه هاوكار بوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانماندا. سڵاو بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا حكومییه‌كان كه ماندوبوون و پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ربوون بۆ دووباره گێڕانه‌وه‌ى ژیان و بیناسازى و خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌كیه‌كان. ده‌مه‌وێت سڵاوی خۆم ئاڕاسته‌ى هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندان و ڕووناكبیران بكه‌م و هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێكیش كه به وشه‌یه‌كیش پشتگیری له میلله‌ت و هێزه‌كانمانی كردبێت له كاتی پڕۆسه‌ى ڕزگاریكردندا".
به‌ڵام سه‌ره‌تا عه‌بادی ناوی پێشمه‌رگه‌ی له وتاری "سه‌ركه‌وتن" نه‌هێنابوو، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی زۆری لێكه‌وته‌وه‌و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر په‌راوێزخستنی رۆڵی بنچینه‌یی پێشمه‌رگه له جه‌نگی دژی داعش به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد و نیگه‌رانی خۆیان له هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ده‌ربڕی، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی عه‌بادی نیگه‌ران بوون.
تا ئێستاش نیگه‌رانی خه‌ڵك نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌و ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ولێر هه‌زاران قوتابی و مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، دژی لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ناونه‌هێنان و په‌راوێزخستن و باسنه‌كردنی رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له جه‌نگی دژی داعشدا خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئه‌نجامداو تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
رۆژی 10/12/2014 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌و بڕگه‌یه‌ی له پۆسته عه‌ره‌بییه‌كه‌ی په‌یجه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له فه‌یسبووك چاككرد و ناوی پێشمه‌رگه‌ی بۆ لیستی ئه‌و هێزانه زیادكرد كه به‌بۆنه‌ی كۆتایی داعش سوپاسیان ده‌كات و پیرۆزباییان لێده‌كات.
به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی له هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران نیگه‌رانن و ئه‌و هه‌ڵوێستانه به سیاسه‌تێكی په‌یڕه‌وكراو به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن. چونكه له‌ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا و پێشتریش، هیچ كاتێك حكومه‌ته‌كانی عێراق، بوودجه و مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان نه‌داوه‌و ته‌نانه‌ت رێگه‌یان له هاتنی كۆمه‌كی وڵاتانی ناو هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی داعش بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌گرت و رێگه‌یان نه‌ده‌دا چه‌كی قورس و كاریگه‌ر بكه‌وێته ده‌ستیان.