چه‌ندین نهێنیی ترسناكی راكان جبووری ئاشكرا ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
موزاحم حوێت، وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به سوننه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌روه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووكی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه هه‌وڵی هه‌ڵگیرساندنی فیتنه‌ی تایفی له كه‌ركووك ده‌دات و ئاشكراشیكرد، "پێشتر جبووری ئه‌ندامێكی داعش بووه و ناوی له رێكخستنه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا هه‌بووه".
موزاحم حوێت له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 دووپاتیكرده‌وه، "بڕیاری جبووری بۆ ته‌رخانكردنی زیاتر له 1600 پارچه زه‌وی له سه‌نته‌ری شاری كه‌ركووك بۆ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیاندایه بۆ داگیركردنی ئه‌و شاره و ناوچه جێناكۆكه‌كانی دیكه".
حوێت كه راكان جبووری به "پارێزگاری 16ی ئوكتۆبه‌ر" وه‌سف كرد، گوتی: "ئێمه وه‌ك هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و ناوچانه، ئه‌و ره‌فتارانه‌ی پارێزگاری 16ی ئوكتۆبه‌ر به هه‌وڵێك بۆ چڕكردنه‌وه و پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نوێی ته‌عریب ده‌زانین، كه ئامانج لێی هه‌ڵگیرساندنی فیتنه‌ی تایفییه له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌و ناوچانه، به‌تایبه‌ت له شاری كه‌ركووك".
وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كان ئاشكراشیكرد، "له ساڵانی رابردوو راكان جبووری له‌چوارچێوه‌ی شانه نووستووه‌كاندا ئه‌ندامی رێكخراوی داعش بووه و ناوی خوازراویشی "ئه‌بو خه‌دیجه" بووه".
حوێت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "له‌ناو ئه‌و 1600 میلیشیایانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه پارچه زه‌وییان له شاری كه‌ركووك وه‌رگرتووه، 250 كه‌سیان سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانین، كه له شاڵاوی داگیركردنی ئه‌و شاره یارمه‌تی حه‌شدی شه‌عبیان دابوو، به‌ڵام ناویان به عێراقی تۆماركراوه"، گوتیشی: "زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی زه‌وییان له كه‌ركووك وه‌رگرتووه، خه‌ڵكی پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقن".
وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به‌كان له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24، به گاڵته‌جاڕییه‌وه گوتی: "ده‌بوایه پارێزگاری 16 ئوكتۆبه‌ر پارچه زه‌وی بۆ ئه‌ندامانی داعش‌یش ته‌رخان كردبا، چونكه پێشتر به‌ناوی "ئه‌بو خه‌دیجه" كه‌سێكی ناسراوی ئه‌و رێكخراوه بووه و نه‌ده‌بوو به‌مشێوه‌یه له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌ی كه‌سێكی بێوه‌فا بێت".
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر شاری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، راكان جبووری وه‌ك پارێزگار به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا سه‌پێندرا و له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته، راسته‌وخۆ ده‌ستی به پیاده‌كردنی سیاسه‌تی ته‌عریب كردنی ناوچه كوردستانییه‌كان كرده‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، له نوێترین هه‌وڵیدا جبووری بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 81 خێزانی عه‌ره‌بی بۆ گوندی شناگای كوردی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك ده‌ركردووه و، تائێستاش چه‌ندین پۆستی گرنگ له به‌رپرسانی كورد له شاری كه‌ركووك وه‌رگیراونه‌ته‌وه و شوێنه‌كانیان به كه‌سانی عه‌ره‌ب پڕ كراونه‌ته‌وه.
H.B