به‌هۆی پاڵپشتی ھێرشی سه‌ر عه‌فرین بوراك ئوزچه‌ڤیت ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌خنه
K24 - هه‌ولێر:
بوراك ئوزچه‌ڤیت، ئه‌كته‌ری ناوداری توركی، به‌هۆی پۆشینی جلوبه‌رگی سه‌ربازی و چه‌كه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی له هه‌ژماری ئینستگرامه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆری چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه‌ته‌وه.
ئه‌و ئه‌كته‌ره توركه وه‌ك پشتگیركردن له سوپای وڵاته‌كه‌ی كه ئۆپراسیۆنی "چڵه زه‌یتوون"ـنیان بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین ده‌ستپێكردووه، وێنه‌یه‌كی خۆی به جلوبه‌رگی سه‌ربازی و چه‌كه‌وه له هه‌ژماری ئینستگرامه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و له ژێری نوسیووه: "خودا سوپاكه‌مان بپارێزێ و هه‌موو نزاكانمان و رۆحمان له پێناو ئێوه‌دایه".
بورااك ئوزچه‌ڤیت، وێنه‌كه‌ی له فیلمه‌كه‌ی خۆی به‌ناوی "رۆح به‌خشین" ده‌رهێناوه، به‌ڵام زۆرێك له كۆمێنته‌كانیاندا نوسیوویانه "ئه‌و ئه‌كته‌ره ئه‌و هێرشه‌ی سوپای توركیای بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ریكلامی بۆ فیلمه‌كه‌ی پێبكات".
هاوژینه‌كه‌ی بوراكیش به‌هه‌مانشێوه پاڵپشتی بۆ سوپای توركیا ده‌ربڕیوه، ئه‌ویش وێنه‌یه‌كی له ئینستگرام بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نوسیوویه‌تی: "خودا یارمه‌تی سوپای توركیا و سه‌ربازه پاڵه‌وانه‌كان بدات، نزاكانمان به‌رده‌وام بۆ هێزه سه‌ربازییه‌كانمانه".
به‌هۆی هێرشی توركیا و میلیشیاكانی سوپای سووریای ئازاد بۆ سه‌ر عه‌فرین، ژماره‌یه‌ك زۆری ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندانی تورك پاڵپشتی خۆیان بۆ سوپاكه‌یان راگه‌یاندووه، له كاتێكدا له‌و جه‌نگه‌دا كه بۆ سه‌ر شارێكه و خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی، ئه‌گه‌ری زۆره خه‌ڵكێكی زۆر ببنه قوربانی جه‌نگه‌كه، بۆیه ره‌خنه‌ی دیكه‌ش له‌و كه‌سانه گیراوه كه ره‌چاوی لایه‌نه مرۆییه‌كه‌یان نه‌كردووه‌و ته‌نها سوپاكه‌یان هانداوه".