یەكێتی ئەوروپا بۆ نێوه‌ندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا لە ھەوڵەكانی بەردەوام دەبێت

سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا ریفراندۆم و پێشھاتە سیاسییەكان تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و رامۆن بلێکوا باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە دیدارێكدا ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و پێشھاتە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێكرد.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی لەو دیدارەدا جەختی لەوەكردووەتەوە: "کوردستان ئامادەیە بۆ دیالۆگ بە ئەجێندایەکی کراوە و بێ هیچ مەرجێك و کاتیش دەدەین بە گفتوگۆ".

باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاندووە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوه‌ندگیری و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت و دەخوازن ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕامۆن بلێکوا باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لەبەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقیا لە یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو".

وەك لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا توانیویەتی سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی کۆبێتەوە. دواتر سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییانەش کە لەبواری هاوکاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەڵوێستی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە حەواندنەوەی ئاوارەکان بەرز نرخاند".

ئەوەشخراوەتەروو: "هەر لە دیدارەكەدا لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و كاردانەوەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا. شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕی کە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ میانگیری و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت و دەخوازن ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێت".

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز ڕامۆن بلێکوا لە ئەرکی نوێی خواست. لەبارەی هەوڵی نێودەوڵەتییش بۆ ڕێکخستنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە ئێمە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی کراوە، ئێستاش کوردستان ئامادەیە بۆ دیالۆگ بە ئەجێندایەکی کراوە و بێ هیچ مەرجێک و کاتیش دەدەین بە گفتوگۆ.