سەرۆکی جەهەپە: ئەردۆغان قەشەکە بۆ داپۆشینی شکستەکانی بەکاردەهێنێت

"تورکیا 240 ملیار دۆلار قەرزارە"

K24- هه‌ولێر:

کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا(جەهەپە)، دەڵێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، زیندانیکردنی قەشەکە بەکاردەهێنێت تاکو شکستە ئابوورییەکانی بشارێتەوە.

لە لێدوانیکیدا بۆ رۆژنامەنووسان کە رۆژنامەی حوریەتی تورکی ئاماژەی پێداوە، کیلیچدارئۆغلۆ لەبارەی کێشە ئابوورییەکانی تورکیا دەڵێت: "هەمووان دەیانزانی ناسەقامگیری ئابووری تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی یەک دۆلار حەوت لیرە بکات. رۆژنامەکان و ئابووریناسان لەبارەیان نووسی و هۆشداریاندا. بۆچی ئەردۆغان دوو مانگ پێش ئێستا بیری لە ئامادەکاری نەکردەوە؟ ئەوە خۆی بوو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی ئەنجامدا تاکو خۆی رزگاربکات لە هۆکاری خراپتربوونی باری ئابووری".

لەبارەی کێشەکانی ئەمەریکا و زیندانیکردنی قەشە برونسۆنی ئەمەریکی کە تۆمەتی تیرۆر و کودەتای خراوەتە پاڵ لە تورکیا، سەرۆکی جەهەپە گوتی: "ئەردۆغان دەیەوێت هۆکاری خراپی باری ئابووری بە برونسۆن داپۆشێت".

هەفتەی رابردوو، لیرەی تورکی گەشتە نزمترین ئاست و 40%ی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار دۆڕاند، هێشتا ئەمەریکا هەڕەشەی زیاترکردنی سزاکان دەکات.

کیلیچدارئۆغلۆ ئاشکراشیکرد، تورکیا دەبێت لە ماوەی یەک ساڵ قەرزەکانی بداتەوە کە بڕەکەی 240 ملیار دۆلارە لە کاتێکدا ئابووری تورکیا خۆی لە قەیراندایە.

 H.J