سێ رۆژ كارەبا نابێت

وەزارەتی كارەبا ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە، بەھۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز سرووشتی لە لایەن كۆمپانای داناغاز، لە بەشێكی ھەرێمی كوردستان سێ رۆژ كارەبای نیشتمانی نابێت.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبا ھاتووە: "ھاووڵاتییان ئاگاداردەكەینەوە رۆژی هەینی رێكەوتی 19/10/2018 كۆمپانیای داناغاز بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەڵدەستێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز سروشتی و، بەهۆی بەستنەوەی بۆرییەكانی غازی سروشتی بۆ ماوەی 48 تاكو 72 كاتژمێر بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەردوو وێستگەی غازی هەولێرو چەمچەماڵ رادەوەستێت".

وەزارەتی كارەبا لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا دەڵێت: "وەزارەتی كارەبا بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بە پەرۆشەوە كار دەكات لەرێگەی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە كاریگەریی كەمی لەسەر هاووڵاتییان هەەبێت".

لەو راگەیەندراوەی وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوەشكراوە: "هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەكەینەوە كە دوای جێبەجێكردنی پرۆسەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز كاریگەری باشی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت و هاووڵاتییان سوودمەندی سەرەكی دەبن".