یەپەگە شەڕ دەباتە نێو خاكی توركیا

" 7 سەربازی توركیا كوژراون"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c1327512-a579-43e1-bf1a-43069737115b/yapaga.ism/manifest

K24 - ھەولێر

بۆ یەكەمجار شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەنێو خاكی توركیا ھێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەو وڵاتە، یەپەگە رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی ھێرشەكەدا حەوت سەربازی توركیا كوژراون. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە شەڕڤانان ئەو شوێنەی بە ئامانجیان كردووە، ناوەندێكی بەڕێوەبەردنی ئۆپەراسیۆنی توركیایە بۆ سەر شاری عەفرین.

بەگوێرەی راگەیەندراوی یەپەگە: "شەڕڤانان لە ناوچەی قەرەخان سەر سنووری توركیا، ھێرشیان كردە سەر سوپای توركیا، لە ئەنجامدا 7 سەربازی توركیا كوژران و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون".

یەپەگە ئەوەی خستووەتەڕوو: "ئەو ھێرشەی شەڕڤانان، وەك تۆڵەیە لەبەرامبەر ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر گوندی ئەرنەدا كە چەكی كیمیایی بەكارھێناوە و بەوھۆیەوە 6 ھاووڵاتی بە چەكی كیمیایی برینداربوون".

یەكینەكانی پاراستنی گەل داواش لە ھاووڵاتیانی سڤیل لەسەر سنوورەكانی توركیا دەكات: "خۆیان لە بارەگاكانی سوپای توركیا بە دوور بگرن".

لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆردوومانكردنی شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد.

ئۆپەراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.