توركيا: رۆڵێكى گرنگ له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌گێڕين

هەردوولا دەیانەوێ ئێمە نێوەندگیریان بکەین

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو رايگه‌ياند، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی عێراق (کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێم) هەردوولا دەیانەوێ ئێمە نێوەندگیریان بکەین".

گوتيشى: "سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراق بۆ ئێمە گرنگە".

بڕياره‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا رۆژى 21ى ئه‌م مانگه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكات و له‌گه‌ڵ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق كۆببێته‌وه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى توركيا ئه‌نادۆڵ له‌ سه‌ر زارى مه‌ولوود چاوشئۆغڵۆ بڵاويكرده‌وه‌، " 21ی ئەم مانگە دەچمە بەغدا. خوا یار بێت تورکیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا. هیچ مەبەستێکی نهێنیمان نییە، چاومان لە خاکی کەس نییە. تەنیا بابەتێک کە بەرگری لێدەکەین، دادپەروەرییە".

له‌ ئێستادا چاوشئۆغڵو بە سەردانێک لە ئەمریکایە و لە دیدارێکدا لەگەڵ رەوەندی تورک لەو وڵاتە، لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە قسەی کرد.

لە میانی قسەکانیدا چاوشئۆغڵو باسی لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرد و گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی عێراق هەردوولا دەیانەوێ ئێمە نێوەندگیریان بکەین".