خزمەتگوزاری یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ كه‌رتی تایبه‌ت وه‌رده‌گیرێته‌وه‌

تا مانگی حوزەیران دەبێت کرێی پڕۆژەكان بەگوێرەی جۆر و شوێنەکان جیابكرێنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان، بڕیاریداوە سەرجەم خزمەتگوزاری یەکە نیشتەجێبوەکان لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و شارەوانییەکان سەرپەرشتی بکەن، لیژنەی تایبەتیش لەو وەزارەتانە بە چاودێری  ئەنجوومەنی وەبەرھێنان پێکھاتووەو تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەبێت کرێی ھەموو ئەو پڕۆژانە بەگوێرەی جۆر و شوێنەکان جیاکرابێتەوە و حکوومەت خۆی سەرپەرشتی بکات.

خزمەتگوزاری پڕۆژەکان، کە ئاو و کارەبا و لابردنی خۆل و خاشاک و سیکوریتی دەگرێتەوە، بەردەوام جێگەی رەخنە و ناڕەزایی بەشداربووانی یەکەکانی نیشتەجێبووی ئەو پڕۆژانەن کە کۆمپانیاکان بەرێوەیدەبەن. دواجار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان یەکبخرێنەوە و حکوومەت خۆی سەرپەرشتیان بکات، چونکە جیاوازی زۆری نرخ دانیشتووانی نیشتەجێی ئەو یەکانەی نیگەران کردووە.

دانیشتوانی سەرجەم یەکە نیشتەجێبونەکان جگە لە کرێی یەکەکانیان یان ئەو بڕە پارەیەی مانگانە دەیدەن، لە بەرامبەر خزمەتگوزاریەکانیشدا بڕێک پارە دەدەنە لایەنی وەبەرھێن یان کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، بەڵام لە بەرواری یەکی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتەکانی شارەوانی و کارەبا و  دەستەی وەبەرھێنانەوە پێداچوونەوەو جیاکردنەوەی بۆ دەکرێت ھەموو  ئەو خزمەتگوزاریانە حکوومەت سەرپەرشتیان دەکات و نرخەکانی دیاری دەکات.

وەك لە كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ كراوە، خزمەتکردنی ھاووڵاتیان کاری لەپێشینەی کابینەی حكوومەتە، دانیشتوانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەمەودوا بەپێی ئەو رێنمایی و بڕیارانەی کە لیژنەکە بڕیاردەدات خەرجی خزمەتگوزارییەکان بەو کۆمپانیانە دەدەن لەچوارچێوەی رێکخستنەوەیان بەدەر لەھەر بڕیارو رێنمایی خودی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری.

ھ.م