پەردە لەسەر 13 ھەزار مەلەفی گەندەڵی لادەدرێت

یەك تریلیۆن دۆلار تەنھا داھاتی نەوت بووە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

لە رۆژی جیھانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پەردە لە سەر 13 ھەزار مەلەفی گەندەڵی لا دەبات و رەوانەی دەستەی نەزاھەی دەکات، ئەندامێکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی عێراقیش ئەوە ئاشکرا دەکات کە لە ساڵی 2003وە تائێستا یەك تریلیۆن دۆلار تەنھا داھاتی نەوت بووە و زیاتر لە 500 ملیار دۆلاری دیار نەماوە، بۆیە پەرلەمانی عێراق ھەوڵی ھەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای گەندەڵی دەدات، تاوەکو پارە بە ھەدەردراوەکان بگەڕێنێتەوە و گەندەڵکارانیش بداتە دادگا.

ھەندرێن دۆسکی، ئەندامی لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی داتا و ژمارەكان لە ساڵی 2003وە، تائێستا یەك تریلیۆن دۆلار داھاتی عێراق بووە، لە كۆی ئەو پارەیە زیاتر لە 500 ملیار دۆلار بە ھەدەردراوە، ئەوەی دیكەش بە گەندەڵی و پڕۆژەی وەھمی خەرج كراوە".

لە کابینەی خولی رابردوو پەرلەمانی عێراق ھەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بنەبڕکردن و گەڕانەوەی پارە بە ھەدەدراوەکان و بە دادگا گەیاندنی گەندەڵکاران دەنگی لە سەر نەدرا، بۆیە لەم خولەدا ھەوڵی ئەوە دەدرێت ئەو پڕۆژە یاسایە بخرێتەوە دەنگدان.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: "بۆ رێگری كردن لە مەلەفی گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتی عێراق، یەكێك لە كارەكانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئەوەیە بەدواداچوون بكات و ھەموو ساڵێك داوای حیسابی كۆتایی بكات و بەدواداچوونی ورد لەسەر مەلەفەكان بكات".