"ئه‌ردۆغان په‌نا بۆ وڵاتێكی عه‌ره‌بی ده‌بات"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی فایننشیال تایمزی بریتانی پێشبینی ده‌كات، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌هۆی ململانێكانی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا په‌نا بۆ وڵاتێكی عه‌ره‌بی ببات.
رۆژنامه بریتانییه‌كه له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "ئه‌ردۆغان به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ تره‌مپ و كێشه‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندرۆ برۆنسۆنی قه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكی كه بووه هۆی گه‌وره‌بوونی ئه‌و قه‌یرانه دیپلۆماسییه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتن و سزادانی توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، په‌نا ده‌باته به‌ر ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر".
رۆژنامه بریتانییه‌كه نوسیوویه‌تی "هه‌ر چه‌نده ئێستا ئه‌ردۆغان پابه‌ندنی هه‌ڵوێسته‌كانییه‌تی به‌رامبه‌ر واشنتن، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌زینی به‌رده‌وامی به‌های لیره‌ی توركی، دواجار دێته ژێر باری داواكارییه‌كه‌ی واشنتن و قه‌شه‌كه ئازاد ده‌كات. چونكه ئابووری توركیا به‌رگه‌ی ئه‌و سزا ئابوورییه ناگرێت كه رۆژی هه‌ینی رابردوو تره‌مپ به‌سه‌ریدا سه‌پاند و ده‌بێته هۆی رۆیشتنی وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان له بازاڕه‌كانی توركیا".
فایننشیال تایمز نوسیوویه‌تی "ئه‌ردۆغان په‌نا بۆ هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ده‌بات، ئه‌ویش قه‌ته‌ره بۆ ئه‌وه‌ی باسی پاڵپشتی ئابووری له‌گه‌ڵدا بكات له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستادا. جگه له‌وه‌یش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ناو هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" باش ده‌كات كه خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیژیین له رۆژئاوادا".
رۆژی یه‌كشه‌ممه لیره گه‌یشته نزمترین ئاستی و 7.24 لیره به‌رامبه‌ر یه‌ك دۆلار بوو، ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان به‌تایبه‌تی له پرسی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌ردۆغان له ئابووری وڵاته‌كه و به‌رده‌وامبوونی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتن زیاتر ده‌ترسن.