50 خێزانی ناوچه‌كانی ده‌روروبه‌ری ته‌له‌عفه‌ر ئاواره بوون
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی ته‌له‌عفه‌ر كه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ ده‌ستیپێكرد، رایگه‌یاند "له ناوچه‌ی ئه‌لعبره یه‌كه‌مین كاروانی ئاواره‌كانی ناوچه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر تۆماركراوه، ئه‌وه‌ش پاش پێشڕه‌ویی هێزه‌كانی عێراق بووه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ته‌له‌عفه‌ر".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت "50 خێزان ناوچه‌كانی نزیك ئه‌لعبره‌یان جێهێشتووه‌و هاتوونه‌ته ناوچه‌كانی دیكه و هێزه هاوبه‌شه‌كان گواستوونیاننه‌ته‌وه بۆ ناوچه ئارامه‌كان و له شه‌ڕه‌كان دووریان خستوونه‌ته‌وه".
سه‌رله‌به‌یانی 20/8/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، له وتاریكدا ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی بۆ كۆنترۆلكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر راگه‌یاند.
شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین قه‌زاكانی پاریزگای نه‌ینه‌وا و نزیكه‌ی 80 كیلۆمه‌تر له رۆژئاوای مووسڵ هه‌ڵكه‌وتووه و له سنووری سووریاوه نزیكه و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سی تیدا ده‌ژی.
چه‌كدارانی داعش له رۆژی 15/6/2014 شارۆچكه‌كه‌یان داگیركردووه و زیاتر له 3 ساڵه ده‌ستیان به سه‌رداگرتووه، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه بوو كه سوپای عێراق له‌و ناوچانه پاشه‌كشه‌ی كرد و بوونه هۆی درووستبوونی ئه‌و ره‌وشه ناله‌باره و كوژران و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌س.
پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له شارۆچكه‌كه‌دا 1000 تا 1500 چه‌كدار ببن و به‌شێكیان چه‌كداری بیانی بن. هه‌ر چه‌نده فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق وای ده‌بینن نزیكه‌ی 2000 چه‌كداری داعش تا ئیستا له شارۆچكه‌كه‌دابن.