یەكێتی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی دەكاتەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و چەند پرسێكی دیكە لە سلێمانی كۆببێتەوە.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە پەیامنێری كوردستان24 گوتووە: "ئەمڕۆ رۆژێكی گرنگە و كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی دەكرێتەوە".

ھەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گەرمترین باسی ناو خەڵك و سیاسییەكان بوو، بەڵام ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت: "تائێستا بە ھیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی دكتۆر بەرھەم، نەكراوە كە ببێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار".

ھەر لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانی به‌غدا و به‌شداریكردنی كورد كۆده‌بێته‌وه"‌.

وتەبێژی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانی به‌غدا و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر ھەمان پرس كۆبووەوە، بەڵام ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكرا.

ھ.م