ترامپ یاری بە ئاگر دەکات

Kurd24

ڕۆژى چوارشەممەی رابردوو (دۆنالد ترامپ)ی سەرۆكى وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمریکا رایگەياند كە شارى قودس دەبێت بە پايتەختى ئيسرائيل، و لە ماوەیەکی کەمدا  باڵوێزخانەى ووڵاتەکەی لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس دەگوازێتەوە.  ئەو بریارەی  ترامپ کاردانەوەیەکی  زور نەرێنی  بە دوای خۆ داهێنا نەک تەنیا لەلایەن ولاتانی عەرەبیەوە، بەلکۆ زور لە ولاتانی ئەوروپیش نیگەرانی خۆیان دەربری بەرامبەر بەم بریارە لە ناکاوە، لە پێش هەموویانەوە ئەلمانیا و ئیتالیا. چونکە بە بۆچوونی ئەوان  جێبەجێ کردنی  ئەو بریارە دوور کەوتنەوەیە لە پرۆسەی  ئاشتي  لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل .

جێگای وەبیر هێنانەوەیە  لە ساڵی 1995  دروست لەو ساڵەی کە (بیل کلینتۆن)ی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرایەوە، کونگرێسی ئەمریکا یاسایەکی لاستیکی  دەرکرد بە ناوی (Jerusalem embassy act) بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس. بەڵام هەموو ئەو سەرۆکانەی کە لە دوای کلینتۆنەوە هاتنە سەر دەسەڵات، ئەو یاسایەیان لە شەش مانگ بۆ شەش مانگی تر دوادەخست، چونکە زۆر باش دەیانزانی بڕیارێکی لەم جۆرە دەبێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە  هەر لە ساڵی 1989 ئەو کاتە خودی ئیسرائیل چەند دۆنمە زەویێکی لە قودس  پێشکەش بە ویلایه‌تە یەگرتووەکانی ئەمریکا کرد، بەلام کۆشکی سپی قبوڵی نەکرد.

ئەو (160) وڵاتەی کە  پەيوەنديى دبلۆماساییان لەگەڵ ئيسرائيلدا هەیە، هیچ یەکێک لەوان شارى قودسىیان وەک  پايتەختى ئیسرائیل قبووڵ نەكردووە، و هەمیشە ئاماژەیان بەوە کردوە کە کێشەی قودس و شوێنەکانی تر ئەبێ بە دیالۆگ لە نێوان گەلی فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەر بكرێت، لە پێناو دروست بوونی دوو دەوڵەتی دراوسێ و پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە. 

ئەو بڕیارەی ترامپ لە کاتێکدایە کە رۆژهەلاتی ناوەڕاست تووشی شەڕ و قەیرانێکی سەخت بۆتەوە. هەر لە شەڕی ناوخۆی سوریاوە بگرە تا ‌هێرشەکەی حکومەتی شیعەی عێراق دژ بە گەلی کورد لە کوردستانی باشور، لە  هەمووشیان ترسناکتر هەبوونی داعش و حەشدی شعبی و چەندین رێکخراوی توندڕەوی تر وەک حەماس کە هەمیش بە دوای هۆکارێک دەگەڕێن بۆ جێبەجێ کردنی پلانە گڵاوەکانی خۆیان.

رای گشتی هەمیشە لەگەڵ ئەوە دابووە کە ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆڵێکی دیاری کراوی هەبووە لە نزیک کردنەوەی گەلی فەلەستین و گەلی ئیسرائیل لە یەکتری و، هەروەها رێگا گرتن لە هەموو دەست تێوەردانێک بە تایبەتی ئەوانەی خۆیان بە "برای" فەلەستینیە لێقەوماوەکان لە  قەڵەم ئەدەن و بانگهێشت بۆ سەربەخۆیی فەلەستین دەکەن، مەبەستم وڵاتە عەرەبەکانە هەر لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو رۆژئاوا، کەچی تا ئێستاش فەلەستینیە ئاوارەکانی  ساڵی 1948 بە دواوە  لە کامپەکانی لوبنان و ئوردن و ولاتانی تری عەرەبی لە  ژیانێکی سەختدا دەژین. جا گەلۆ ئەگەر ئەمانە دۆستییان بن ئەبێ کێ دوژمنییان بێت؟