دەربارەی: مامۆستا گیوی موکریانی و دوا ساتەکانی ژیانی

Kurd24

من تەمەنم شازدە ساڵە و تۆزێک کەمتر لە یەک ساڵە لە چاپخانەی کوردستان وەک کرێکار لای مامۆستا گیوی موکریانی کاردەکەم. رۆژی یەکشەم 24ی تەموزی 1977 هەردووک کوڕەکانی مامۆستا (کوردۆ و ئازاد) لەگەڵ د. فەرهاد دزەیی لە نەخۆشخانەی موسڵ پێکهاتبوون، مامۆستا گیوی باوکیان بۆ پشکنینی دڵ بۆلای ئەو ببەن. هەر ئەوانیش داوایان لێکردم لەگەڵیان بۆ شاری موسڵ بچم، ئەگەر پێویستیش بکا، من لە نەخۆشخانە لەگەڵی بمێنمەوە. من یەکسەر و بێ دوودڵی ڕازیبووم. بە ئۆتۆمبێلە تازەکەی مامۆستا کوردۆ (فیات) بۆ شاری موسڵ بەڕێکەوتین و نزیک نیوەڕۆ لەبەردەم نەخۆشخانە ڕامانگرت.

لەبەر دەرگای نەخۆشخانەی موسڵ رەسول گەردیمان بینی. مامۆستا گیو لەگەڵ رەسول گەردی کەمێک بەیەکەوە وەستان و بە پێوە قسەیان کرد. رەسول گەردی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە هەمان نەخۆشخانە بۆ چارەسەر مابۆوە و ئەوڕۆ تەندروستی باشتربوو و بۆ هەولێر دەگەڕایەوە و مامۆستا گیویش، بۆ پشکنین و چارەسەری نەخۆشی دڵ دەچووە لای د. فەرهاد دزەیی، کە پسپۆری وردی لە نەخۆشییەکانی دڵ هەبوو. وابزانم لەسەر داوای ئەویش ئێمە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ بۆ لای ئەو چووین. لە نهۆمی یەک، د. فەرهاد هات و ئێمەی بۆ یەک لە نهۆمەکانی سەرەوە برد. د. فەرهاد لە زووترین کات، پشکنینی وردی بۆ مامۆستا گیو کرد و بڕیاریدا، دەبی مامۆستا ماوەیەک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

دکتۆر و سستەرەکان ژووریان جێهێشت و (کوردۆ و ئازاد) بۆ هەولێر گەڕانەوە و من و مامۆستا گیو بەتەنها لە نەخۆشخانە ماینەوە. نیو کاتژمێری ڕەتی نەکرد، بینیم تەندروستی مامۆستا گیو بەرەوخراپی دەڕوا، لەبەرخۆی چەند قسەیەکی کرد، من هیچ تێینەگەیشتم و وابزانم بە کوردیش نەبوو، بەڕاکردن بۆلای سسترێک، کە لە هەمان کۆریدۆر و نهۆم کاری دەکرد چووم، کەمتر لە دوو خولەکم پێچوو، سستەر هات و مامۆستا لەسەر قەلوێرەکەی وەک چۆن من جێمهێشتبوو ڕاکشابوو. لە چەند خولەکی داهاتوو د. فەرهاد دزەیی گەیشت، ژوور قەڵەباڵغی تێکەوت و مشەوەشی ڕوویدا و دەبینم، بە هەموو لایەک، هەوڵدەدەن گیان وەبەر مامۆستا گیو بهێننەوە. هەوڵەکان هیچ سوودی نەبوو. مامۆستا گیو موکریانی لەبەرچاوی من بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی لێکنا و جێیهێشتین.

چل ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە ڕەتبووە، وادەزانم تازەیە. هەرچەندە چل ساڵ بۆ تەمەنی مرۆڤ گەلەک زۆرە، بەڵام بۆ ڕووداوی گەورە و کۆچی دوایی مامۆستایەکی مەزنی وەک گیوی موکریانی (فەرهەنگنووس، رۆژنامەنووس، وەرگێر، نووسەر، چاپچی، وێنەگر، مێژوونووس، لە هەمووشیان زیاتر کوردپەروەر و تێکۆشەر و خەمخۆری میللەت...هتد) هەسەتدەکم دوێنێیە. ئەوەی مامۆستا گیوی موکریانی لە چاپخانە گچکە و کۆنەکەی کردی، لە ناوەراستی سەدەی شازدە، شازادەکانی ئەوروپی دەیانکرد، هەرچەندە کەمێک جیاوازیش هەبوو، چونکە شازادەکان، پێیەوە دەستەڵاتیان بەهێزتر دەکرد و دەوڵەمەند دەبوون، کەچێ بۆ گیو تەنیا ناخۆشی و گرتن و ژیانێکی کولەمەرگی بوو.

کارە باش و مەزنەکانی مامۆستا گیو و سەید حوسێن حوزنی برای بۆ کوردستان بە گشتی و بۆ شاری هەولێر بەتایبەتی، لە زۆری و پڕبایەخی و گرنگی، بە نووسینی گوتارێک یان کتێبێك تەواو نابن. بەیەکەوە یەکەم گۆڤاریان لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی بەناوی: (زاری کرمانجی ١٩٢٦ – ١٩٣٢ - ٢٤ ژمارە) لە شاری رەواندز دەرکرد، یەکەم گۆڤاریان (روناکی ١٩٣٥ - ١١ ژمارە) لە شارە دێرینەکەی کوردی هەولێر دەکرد. یەکەم گۆڤاری تەمەن درێژ (هەتاو ١٩٥٤ – ١٩٦٠ - ١٧٩ ژمارە) لە هەولێر دەرکرد. هەردووک برا، زمانی رۆژنامەگەرییان پەرە پێدا و دەوڵەمەند کرد و چەسپاند. مامۆستا گیوی موکریانی کۆمەڵێک فەرهەنگی بەناوەکانی: (ڕابەر، کۆلکە زێڕینە، مەهاباد، نۆبەرە، کوردستان) نووسی. مامۆستا گیوی موکریانی و سەید حوسێن حوزنی مێژوویێکی یەکجار جوانی چاپخانە و وێنەگرتن و کتێب نووسین و رۆژنامەگەری کوردستان و هەولێریان تۆمارکرد.

لەوکاتەی دەگوترا زمانی کوردی لە چەند سەد وشەیەیەک رەت ناکا، مامۆستا گیو فەرهەنگی دەیان هەزار وشەی دەنووسی و لە چاپخانەکەی خۆی چاپیدەکرد. ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی بایەخ پێدەدا و کتێبی کوردی دەفرۆشت. بەهیممەتی مامۆستا گیوی موکریانی، لە چاپخانەی کوردستان سەدان دیوانی شعر چاپکران، ناو و بەرهەمی سەدان کەس زیندوکرایەوە و لە نەمان رزگارکرا. خەڵک فێری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار کرا، خوێندەواری بڵاودەکردەوە و ناوی کوردی لەمنداڵانی شار دەنا.

هەموو ئەوانەی سەرەوە دەکاتە پەروەردەکردنی نەوەیەک، چاوی بە بینینی گۆڤار و کتێب و خوێندنەوە ڕاهاتووە، جگە لەوە، چاپکردن و دەرکردنی گۆڤار، بووە یارمەتی نەوەیەک هەست بکات، ئەو کوردە و کوردیش لەو وڵاتە و لەو ژیانە لە هەموو مافێکی بێبەش کرایە، نەوەیەک هەست بکا، دەبی زیاتر بە ژیانی ژێردەستە رازی نەبی و ئامادەیە خەبات بۆ ئازادی بکا. دەرکردنی گۆڤار و چاپکردنی کتێب لە چاپخانەی کوردستان، زەمینەی بۆ گۆڕانکاری گەورە و خەبات و تێکۆشان سازکرد و گەنجی کوردی پەروەردەکرد و تێگەیاند، نابی زیاتر ژیانی ژێردەستە قبوڵ بکات، دەبی خەبات بۆ ئازادی خۆی بکات.