دەربارەی: یەکەم رۆژی قوتابخانە

Kurd24

رۆژی چوارشەم لە کاتژمێر ٩ی بەیانی، لە ١٦ی ئابی ٢٠١٧ هەموو ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان تەمەنیان شەش ساڵە و لە قوتابخانەی مێتاپونتوم -  Metapontum دەست بە خوێندن دەکەن، لەبەردەم قوتابخانە و پارکە هەرە جوانەکەی فروئێنگن - Fruängen لە شاری ستۆکهۆڵم بەیەکەوە وەستاوین. من پێشتر و بۆ منداڵەکانی دیکەم، بەشداریم لەو ئاهەنگانە کردبوو، بەڵام نازانم بۆ هەرهەموویم بیرچووبۆوە.

شیلانە لەپێش من وەستاوە و لە بەرامبەر ئێمەش، کە تۆزێک بەرزترە، نزیکەی ٦٠ مامۆستا و کارمەند لە تەنیشت یەکتر بەڕیز وەستاون. میکرۆفۆن داندرایە و مامۆستای مۆسیقا بەخێرهاتنی میوان و دایک و باوکی منداڵەکان دەکا. دوای ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانە گوتارێكی پێشکەش کرد و یەک بەیەک ناوی مامۆستاکانی لەبەر و بەڕیز بە ئامادەبووان ناساند. دوو کیژی گەنج گۆرانیێکیان بە گیتار گوت، چەند گۆرانیێكی دیکە گوترا و داوا لە دایک و باوکانیش کرا، بە کۆرس بەشداری لە دوا گۆرانی بکەن. ئاهەنگ بۆماوەی ٤٠ خولەک بەردەوام بوو و بە سروودی نیشتمانی سویدی ئاهەنگی یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵ تەواو بوو.

شیلانەی کچم لەگەڵ ٢٢ منداڵ بۆ ژوورێک ڕایانکرد و ئێمەی دایک و باوکانیش هێواش هێواش بەدوایانەوە بۆ هەمان ژوور چووین. لە ناوەڕاستی ژوور مافورێک ڕاخرایە و لەسەر ئەم مافورە نەخشەی جیهان هەیە. منداڵەکان داوایان لێکرا بەجۆرێک لە دەورەی ئەم مافورە دابنیشن، کە شوێنی هەموویان ببێتەوە. دایک و باوکانیش لەسەر کورسییە بچووکەکان دانیشتن و مامۆستا پێش هەموویان گوتی:

- سڵاو، من ناوم ئیڤۆنەیە (Yvonne)، دواتر بەنۆرە منداڵەکان بەهەمان شێوە سڵاویان دەکرد و ناوی خۆیان دەگوت. ئەو شێوە ناوگوتنە، لەراستیدا کلیلی کردنەوەی قسەیە و زیاتر بۆ شکاندنی شەرم بوو.

هەموومان بێدەنگ دانیشتووین.

- دەبی بەناوی خۆم (Yvonne) بانگم بکەن نەک بە مامۆستا، چونکە هەموو کەسێک دەکرێ مامۆستابێ... بە نەرمی و ڕووێکی خۆش ئیڤۆنە بە منداڵەکانی گوت، کە خۆشی لە سوچێكی مافوورەکە دانیشتبوو.

ئێستا چیڕۆکێکتان بۆ دەخوێنمەوە، لەسەر یەکەم رۆژی قوتابخانە. ئایا کەس هەبوو لەمڕۆ بترسێ؟ ئیڤۆنە پرسی

- من کەمێک ترسام، بەڵام زۆر نا. منداڵێک گوتی

ئیڤۆنە کتێبێكی منداڵانی لە ڕەفکەی پشتی دەرهێنا و دەستی بە خوێندنەوەی کرد. من وامدەزانی تەنیا یەک چیڕۆک دەخوێنێتەوە، بەڵام دەرچوو هەموو کتێبەکە لە یەک چیڕۆکی درێژ پێکهاتبوو و چیرۆکەکەش بە تێکست و نەخش باسی لە رۆژی یەکەمی قوتابخانە دەکرد، کە چۆن منداڵان لەوڕۆژە دەترسن. نووسرابوو، مامۆستا لە هەر هەموویان زیاتر ترسابوو. کۆتایێکی خۆش و چیڕۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو.

شیلانە هیچ ترسی لە یەکەم رۆژی قوتابخانە نەبوو، چونکە لە زووەوە جلی جوان و جانتا و قەڵەم و دەفتەری بۆکڕابوو، بەڵام بەرگەی ئەو هەموو چاوەڕێکردنەی نەدەگرت، بۆیەش بە هاوکاری نازەی خوشكی تەقویمێکیان لە ٧٥ خانە دروست کرد و لەهەر خانەیەک ژمارەی رۆژێكیان دانا. هەموو بەیانیێک شیلانە بە دەستە ناسک و گچکەکەی، قەڵەمە سوورەکەی هەڵدەگرت و خەتێكی بەسەر ڕۆژەکە دادەهێنا و دەیژمارد چەند رۆژی دیکەی بۆ قوتابخانە ماوە... بە یارمەتی تەقویمەکە، کۆنترۆلی رۆژەکانی کردبوو و ترسی خۆشی کەمێک ڕەواندبۆوە.

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی خوێندنبوو، بەڵام بۆ یەکتر ناسین، هەموو ئەو منداڵانەی ئەوساڵ لەو قوتابخانەیە دەیانخوێندن لە کۆتایی مایس جارێکی دیکە لەگەڵ دایک و باوکیان بۆ یەکتر ناسین هاتبوون، بۆیە ژوور و مامۆستاکان، بەلایان نامۆ نەبوو.

لە قوتابخانەی مێتاپونتۆم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ بۆ پۆلی یەکەم ٤٤ قوتابییان هەبوو و بەسەر دوو پۆل دابەشکرابوون. لەهەر ژوورە  و شەش مێزی گەورەی تێدا و لە دەوری مێزەکان قوتابییان دادەنیشن.

لێرە و لە هەموو قوتابخانەکانی سوید، منداڵ تا تەمەنی ١١ – ١٢ ساڵ دەتوانی لە کاتژمێر ٦.٣٠ لە قوتابخانە بێت و تا کاتژمێر ١٧.٣٠ بمێنیتەوە. بەڵام وانەگوتنەوە و دەرگای پۆلەکان لەکاتژمێر ٨.٣٠ دەکرێتەوە.

پێش نیوەڕۆ نانی بەیانی دەخۆن، لەنێوان کاتژمێر ١١ – ١٢ بەگوێرەی پلانێک نانی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و دوای نیوەڕۆش تەڕە و خواردنی سووک بەمنداڵان دەدرێ. خوێندن بۆ منداڵە گچکەکان لە نزیک کاتژمێر دوو تەواو دەبیت و دوای ئەوە منداڵەکان لە هۆڵ یان ژووری گەورە و بە چاودێری مامۆستای تایبەت هەر لە قوتابخانە دەمینێنەوە. دوای خوێندن زیاتر یاری و وێنەکێشان و شەترەنج و وەرزش دەکەن و کاتی خۆش بەڕێدەکەن. پەیوەندیێكی زۆر جوان لە نێوان مامۆستا و قوتابییان هەیە.

لە هەموو قوتابخانەکانی سوید یەک دەوام دەکرێت و لەهیچ قوتابخانەیەکیش حانوت بەمانای لایخۆمان نییە و منداڵ بەیانیان ڕۆژانەی پێنادرێ.

منداڵان لە سوید لە ماڵەوە و پێش خوێندن، فێری نووسین کراون و کەمێک دەخوێننەوە و ئەلفوبێکان دەزانن. لە قۆناغی ناوەندی بە زمانی سویدی بێ هەڵە دەنووسن و لە قۆناغی ئامادەیی، هەرهەموویان جگە لەسویدی، ئینگلیزیشیان فوولە.

لەهەموو ئەو کاتەی دەخوێنن، لە پاییز یەک هەفتە پشوویان هەیە، لە جەژنەکانی کریسمس دوو هەفتە پشوویان هەیە، لە زستان و بەهاریش دوو هەفتە پشوویان هەیە و کاتەکانی دیکە زۆر بەجددی تا سەرەتای حوزەیران دەخوێنن. لە پۆلی ٨ – ٩ نمرە بۆ تاقیکردنەوەکانیان دادەندرێت و بەگوێرەی نمرە، لە ئامادەیی جیا جیا وەردەگیرێن. دەبی ئەوەش بنووسم، خوێندن لە قوتابخانە ئەهلی و حکومییەکان بە خۆڕاییە یان بڕە پارەیەکی رەمزی (چەند سەد دۆلارێک بۆ یەک ساڵ) لە دایک و باوک وەردەگرن.

من ئەوەی سەرەوە دەنووسم، بیر لە پەروەردەی خۆمان و کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێم دەکەمەوە، کە چۆن ئەوان لە پەروەردە دەستیان بە ڕیفۆرمێکی زۆر سەقەت کرد، بێئەوەی زەمینەی بۆخۆش بکەن... جەنابی وەزیر و ڕاوێژکارەکان، بە سیستێمی سویدی سەرسام بوون و نەشیاندەزانی لە قوتابخانەکانی سوید یەک دەوام هەیە، نەک وەک لای خۆمان سێ، جگە لەوە لە زانکۆ وەردەگیرێن و زۆر زیاتر لەنیوە بەژیانیان یەک کتێبیان نەخوێندۆتەوە و زانکۆش تەواو دەکەن، دوو رستەیان بەزمانی کوردی بەڕێکی بۆ نانووسرێ.