هه‌موومان له گه‌ڵتین بارزانی
عه‌ره‌به‌كان فڕۆكه‌خانه‌كانیان داخستین و خۆشمان قوتابخانه‌كانمان داخست، فارسه‌كان ده‌روازه‌كانیان لێ داخستین و خۆشمان ده‌رگاكانمان به ڕووی یه‌كدا داخست، توركه‌كان عفرینیان داگیر كرد، هه‌ندێكمان له داخی هه‌نده‌كه‌ی ترمان خۆشحاڵ بووین و هه‌نده‌كه‌ی تریش له‌داخی ئێمه دڵ ته‌نگیان ده‌رده‌بڕی.
من بۆ ئه‌م وتاره زۆر به‌دواداچوونم كرد و به وردی مێژووم خوێنده‌وه، هیچ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كم نه‌دی و نه‌بیست كه تیایدا نه‌خۆشخانه‌كان داخرابن، ته‌نانه‌ت كه دوو ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه ناسازێن و ده‌بێته شه‌ڕیان، ئاواش پزیشكانی بێ‌سنوور و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی بۆ فریاكه‌وتنی سه‌ربازه بریندار و په‌ككه‌وته‌كان ده‌چنه مه‌یدانی جه‌نگه‌كه‌وه و گیانی برینداره‌كان ڕزگار ده‌كه‌ن، كه‌چی ئێمه ده‌سته‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ تاقمێكماندا ناسازێن و دێین نه‌خۆشخانه‌كان به ڕووی خۆماندا داده‌خه‌ین.
چه‌ندین جاری تریش وتوومه و بێزار مه‌بن كه دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی كوردێك له‌گه‌ڵ كوردێكی تردا ده‌یكات، زۆر خه‌ست و خوێناوی تره له‌و شه‌ڕه‌ی كه كوردێك له‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌كدا ده‌یكات، ئێوه بڕۆن مێژووی سه‌د و په‌نجا ساڵی ڕابردووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتان هه‌ڵ بده‌نه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه كورد له‌گه‌ڵ كورد كردوویه‌تی، زۆرتره له‌و شه‌ڕانه‌ی كه له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیدا كردوویه‌تی. ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی كه به ده‌ستی كورد كوژراون، زۆرترن له‌و كوردانه‌ی كه به ده‌ستی داگیركه‌ر و دوژمنه‌كانی كوژراون.
ئێمه زۆرترین شعر و هه‌ڵبه‌ست و گۆرانی و سرودمان به‌سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆماندا وتووه، كه‌چی ڕابردوومان وەک ڕابردووی هەر قەومێکی تری ڕۆژهەڵاتی، پڕە لە خورافیات، پڕە لە چاک بوونەوەی بێ دکتۆر و موعجیزەی بێ خودا، پرە لە فڕین بەئاسماندا، پڕە لە بە چاک دانان و بە خراپ دانانی شتەکان بە بێ زانیاری، كه‌چی هه‌ر یه‌كه‌مان خۆمان له‌وی تر پێ باشتره، ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه هه‌ین و نزیكه‌ی په‌نجا ملیۆن كه‌سین، به‌ڵام خه‌ریكه ژماره‌ی كێشه‌كانمان به‌قه‌د ژماره‌ی خۆمانی لێ دێت.
ئێمه یه‌ك زه‌ڕڕه ڕێز له خۆمان ناگرین، په‌كه‌كه به گوێی حكومه‌تی هه‌رێمی نه‌كرد و له شه‌نگال ده‌رنه‌چوو، به‌ڵام به یه‌ك ته‌له‌فۆنی حكومه‌تی عێراقی سه‌رجه‌م بار و بنه‌ی پێچایه‌وه، له شه‌ڕی ناوخۆدا پارتی هیچ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوو كه سه‌ربازگه‌ی تورك له زاخۆ و زاوێته هه‌بێت، به‌ڵام چاوی به‌رایی نه‌ده‌هێنا كۆمیته و مه‌ڵبه‌ندێكی یه‌كێتی له بادینان هه‌بێت، یه‌كێتی هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڵی ده‌كوتایه سه‌ر لق و ناوچه‌كانی پارتی و كه‌چی حوسێنییه‌ی بۆ ئالول به‌یت ده‌كرده‌وه و ده‌یان باره‌گای ئیتڵاعات و قه‌رارگای له سلێمانی ده‌حه‌وانده‌وه.
ئه‌مڕۆش گۆڕان و ئیسلامییه‌كان و چه‌ندین حیزب و ده‌سته‌و تاقمی نوێ هاتوون و هیچیان دانی خێر به‌وی دیكه‌یاندا نانێن، هه‌موویان ئه‌مڕۆیان تاڵ و تاریك كردووه و كه‌چی باس له ڕیفۆرم و خۆشگوزه‌رانی و ئاینده‌ی گه‌ش ده‌كه‌ن.
كه‌س سیاسه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ناكات، هه‌مووی كێشه دێنێت تا سیاسه‌تی له‌سه‌ر بكات، كه‌س كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی له‌بیر نه‌ماوه كه كورد بوون و بێ ده‌وڵه‌تییه، ڕه‌گی ئاریشه‌كه ئه‌وه‌یه تۆ كوردیت، به‌رله‌وه‌ی عێراق به ناویش هه‌بێت تۆ هه‌بوویت، ئێره خاك و ئاو و زێدی تۆیه، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كاندا نه‌ك هه‌ر به زمان، به‌ڵكو به كرۆمۆسۆمیش جیاوازیت، ئه‌وان سامین و تۆ ئاری، وه‌ختێك تۆ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆتدا بوویت، ئه‌وان زۆربه‌یان له حه‌به‌شه و یه‌مه‌ن و حیجاز بوون، كه‌چی ئێستا ئه‌وان حوكمی عێراقیان گرتووه‌ته ده‌ست و ده‌یانه‌وێت هه‌موو وادی رافیده‌ین وه‌ك سه‌رزه‌مینی ئه‌ژدادیان بناسێنن، تۆش قیامه‌تێكت دروست كردووه و وه‌ك گورگی برسی كه‌وتویته‌ته كه‌لاكی برینداری خۆت، به ساده‌یی له كێشه‌كه تێ بگه، عه‌ره‌به‌كان سه‌د له‌سه‌دی سامانه‌كه‌تیان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه سه‌ددی حه‌ڤده‌یت پێ بده‌نه‌وه و سوپاسیشیان بكه‌یت.
كه‌واته ئێستا كاتی هیچ نییه دروست كردنی ده‌وڵه‌تێك نه‌بێت، بۆ كوردێك هه‌موو زه‌ڕفی زه‌مانێك كاتی ده‌وڵه‌ته، (گونجاو نیه) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تازه‌یه و هه‌ندێ عه‌میل و مه‌عمه‌لی ئیتڵاعات بۆ كوشتنی ڕۆحی ناسیۆنالیزمی كوردی هاورده‌یان كردووه، ئیحسان نووری پاشا، كۆماری ئاراراتی له به‌رزی پێنج هه‌زار مه‌تر و له‌سه‌ر لوتكه‌ی چیای ئارارات ڕاگه‌یاند و گوندێكیشی كرد به پایته‌خت، كه‌سیش نه‌یگوت: وه‌ختی نییه و گونجاو نییه، قازی محه‌مه‌د، كۆماری كوردستانی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری حه‌وت هه‌زار مه‌تری چوارگۆشه ڕاگه‌یاند، ئێستاش مه‌سولی گه‌نده‌ڵی وامان هه‌یه، ته‌نیا مه‌زره‌عه‌كه‌ی حه‌وت هه‌زار مه‌تری موڕه‌به‌ع ده‌بێت، كه‌چی ده‌ڵێت كاتی ڕیفراندۆم و ده‌وڵه‌ت نه‌بوو.
هه‌موو تارێخی كورد سه‌روبن بكه، ڕۆژێكی تیا نییه كورد سه‌رزه‌نشتی سه‌ركرده و ڕابه‌ر و مه‌لا و شێخه‌كانی خۆی كردبێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵیان داوه ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن و نه‌یانتوانیوه. ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی ئێستای كورده‌كان، به‌شێكی كه‌می له گه‌وجایه‌تی و هێڕبوونی ده‌سته‌جه‌معی سه‌رچاوه‌ی گرتووه و به‌شه گه‌وره‌كه‌شی، كاریگه‌ری ئه‌و عه‌میل و مه‌عمه‌لانه‌ی ئیتڵاعاتن كه به هه‌موو ڕێگایه‌ك، هه‌وڵی كوشتنی ڕۆحی ناسیۆنالیزم ده‌ده‌ن له‌ناو تۆدا.
میسر، ئه‌رده‌ن، مۆریتانیا، ئیمارات، قه‌ته‌ر، عومان، مه‌غریب و تونس، ئه‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییانه‌ن كه له وڵاته‌كه‌یاندا باڵوێزخانه‌ی ئیسرائیل هه‌یه و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مانیش له ئیسرائیل هه‌یه، كه‌چی قسه له‌گه‌ڵ هه‌ر عه‌ره‌بێك بكه، به ئیسرائیل ده‌ڵێت داگیركه‌ر، ئه‌ی تۆ بۆ عه‌ره‌بێكت له‌سه‌ر خاكه‌كت پێ داگیركه‌ر نییه؟ لای ئه‌وان عروبه له پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه، بڕۆ له عه‌ره‌بێكی به‌ده‌وی سه‌حرای غه‌ربی ببپرسه، هه‌ر فه‌له‌ستینی پێ داگیركراوه،كه‌چی هه‌ر كاتێك تۆ داوای مافه‌كانی خۆتیان لێ بكه‌یت، ئه‌وان ده‌تكه‌ن به پیاوی زایۆنیزم و ڕق و تووڕه‌یی خۆیانت به‌سه‌ردا ده‌ڕێژن.
تێبینی: ناونیشانی بابه‌ته‌كه هیچ په‌یوه‌ندی به وتاره‌كه‌وه نییه، هه‌ر حه‌زم كرد ئه‌وانه‌ش وتاره‌كه بخوێننه‌وه كه ڕقیان له بارزانییه، دڵنیا بووم به‌و ناونیشانه دێن.