دەربارەی: چەک و بازاڕی چەک لە جیهان

Kurd24

هەبوونی قەیران و ناسەقامگیری لە جیهان بەگشتی و لەم چەند ساڵەی دوایی بەتایبەتی لە: ئاسیای دوور، لاتین ئەمریکا، ئەفریقا و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دروستبوونی گروپی توندڕەو و ئیرهابی لە هەندێک لەو وڵاتانە، بازاڕی چەکفرۆشتنیان بەجۆرێک گەرم کردووە، لە پێشبینی و بۆچوونی پسپۆران ڕەتیدایە. ئاشکرایە، ئامانج لە ساغکردنەوە و هەبوونی بازاڕی چەک، بەدەستهێنانی سەرمایەیەکی زۆرە، بەڵام دیوەکەی دیکەی کاولکردن دەبیندرێ.

ئەمریکا، بەریتانیا، روسیا، فەرەنسا، ئیتالیا، یابان، کۆریای باشوور، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، هیند و سوید، وڵاتە گەورەکانی جیهانن لە بەرهەم هێنان و دروستکردنی چەک و ساغکردنەوەی لە بازاڕەکانی جیهان. هەربۆنموونە: لە ساڵی 2016 تەنیا وڵاتی سوید بە بەهای 11 ملیارد کڕۆن کەلوپەلی شەڕ فرۆشترایە. لە ساڵی 1990 سوید کەلوپەلی شەڕی بە 33 وڵات دەفرۆشت، لە ساڵی 2016 ژمارەیان بۆ 56 وڵات زیادی کرد. بەرازیل، نەرویج، ئەمریکا، ئەڵمانیا و تایلاند، باشووری ئەفریقا، کۆریای باشوور، ئیماراتی عەرەبی، پاکستان و فەرەنسا چەکیان لە سوید کرییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئاشتی سویدی (Freedom House)، لە ساڵی 2016 بەڕێژەی 10٪ چەکی سویدی لەلایەن وڵاتانی نادیموکڕاتی وەک: تایلاند، ئیماراتی عەرەبی، قەتەر، عەرەبی سعودی و جەزائیر کڕاون.

ئەگەرچی ‌هێڵی سوور بۆفرۆشتنی کەلوپەلی جەنگ بۆ وڵاتانی بەشداربوو لە شەڕ هەیە، لەگەڵ ئەوەش ئەو ڕێنماییانە زۆرجار پەیڕەو ناکرێن. هەربۆنموونە: چەک بە ئەمریکا و هیند فرۆشترایە، کە هەردووکیان لەشەڕدان. ئەو یاسا تازەیەی سوید، کە لە ساڵی 2011 گفتوگۆی لەپەرلەمان لەسەرکراوە، لە 15ی نیسان 2018 کاری پێدەکرێ و بەمجۆرە نابێ چەکی سویدی بە وڵاتانی دیکتاتۆر و داخراو و خەفەکردنی مافی مرۆڤ بفرۆشترێ.

لە سوید 150 کۆمپانیا هەن، کە کەلوپەلی شەڕ دروست دەکەن. دەستەڵاتی چەکفرۆشتن، پێشتر لەدەست وەزیری بەرگریبوو، دواتر بۆ وەزارەتی داد و پەناهەندە گواسترایەوە.

لە ساڵی 2016 سەرکردە و سەرۆکانی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بەشدارییان لە پرۆژەیەک بەناوی (Agenda 2030) کرد و بۆ بەئاوات گەیشتنی 17 ئامانجیان بۆخۆیان دیاریکرد. سوید یەک لەو وڵاتانەیە، زۆر بەجددی کار لەسەر ئەو ئەگێندایە دەکا و ئیعلانی کردییە، یەک لە وڵاتە هەرە چالاکەکان بێت بۆ گەیشتن بە ئامانج. مەبەست لە ئەگێندای 30 ئەوەیە، کە هەژاری و برسیبوون لە جیهان نەهێڵێ، مافی مرۆڤ لە هەموو وڵاتێک بپارێزرێ، یەکسانی هەبێت و کچ و ژن دەستەڵاتی خۆیان هەبیت و بەیاسا یارمەتییان بدرێ، هەروەها بەهەدەرنەدانی سامانە سروشتییەکان و پاراستنی گۆی زەوی.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزای بەندەکانی Arms Trade Treaty -  ATT کردووە، کە باس لە بازرگانی چەک لە جیهان دەکات و لە 28 بەند پێکدێت، حکومەتەکان دەبی ئیلتیزامی پێوە بکەن. بەگوێرەی ئەو بەندانە، نابی چەک بەو وڵاتانە بفرۆشترێ، کە مافی مرۆڤی تێدا نییە، هێڕش دەکاتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی خۆی یانیش بەکۆمەڵ لەناویان دەبا.

بە گوێرەی ڕێکخراوی Sipri  (Stockholm International Peace Research Institute) جاری یەکەمە، لەدوای سالی 2010 فرۆشتنی چەک لەجیهان زیاد دەکا. وڵاتانی چەکفرۆش لە ساڵی 2016 بە بەهای 375 ملیارد دۆلار چەکیان فرۆشتووە. ئەم چەکفرۆشتنە پەیوەندی بە کۆمەڵێک چالاکی لەشکری و شەڕ و گرژی لە هەندێک وڵات هەیە، کە داواکاری لەسەر کڕینی چەک زیاد کردووە.

لە دە کۆمپانیای زەبەلاحی چەکفرۆشتنی جیهانی حەوتیان ئەمریکین. لەو سەد وڵاتەی چەک دەفرۆشن، ئەمریکا لە ڕێزی پێش پێشەوەدایە. کۆمپانیا روسەکانیش بەرهەمیان زیادی کردییە و لەسەر ئاستی جیهانی روسیا بەڕێژەی حەوت کۆما یەک چەک دەفرۆشی. لەناو هەمان لیست ناوی 11 کۆمپانیای چەکفرۆشتنی روسی هەیە. کۆمپانیای (ساب)ی سویدی لەنێوان ساڵەکانی 2015 – 2016 لە ڕێزبەندی 33 بۆ 30 لەناو 100 کۆمپانیای جیهانی چەک فرۆشتن بە گوێرەی ڕێکخراوی Sipri  ناوی هاتووە. کۆمپانیای ئەمریکییەکان بە ڕێژەی 54٪ چەکی دونیا، ئەوان دەیفرۆشن. ئاستی چەکفرۆشتنی روسیا لەهەمان ئاستی چەکفرۆشتنی بەریتانیا دایە.

چەکفرۆشتن لەراستیدا داینەمۆی شەڕ و گرژییە سەربازییەکانە، کە تێیدا بەردەوام مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێ، خەڵکی بێتاوان دەکوژرێ، ژمارەی ئاوارە و پەناهەندە زیاد دەکرێ...هتد.

چەکی نەوەوەی لەناو لیستی چەک فرۆشتندا نییە، بەڵکو چەکی نەوەوەی لەناو وڵاتەکان خۆیان دروست دەکرێن بازرگانی پێوەناکرێ. چەکی نەوەوەی لە مێژووی خۆیدا تەنیا دوو جار ئەمریکا لە 6 و 9ی ئاب لە ساڵی 1945 لە هیڕۆشیما و ناگاساکی لە یابان بەکاری هێنا. بەبینینی ئەنجامی بەکارهێنانی ئەم چەکە کوشندەیە، جیهان نەهی لێکرد و جارێکی دیکە بەکار نەهاتەوە، لەگەڵ ئەوەش نۆ دەوڵەت خاوەنی چەکی نەوەوین و بە هەموویان 15300 تۆپی ئەتۆمییان هەیە، کە بەشی وێرانکردنی گۆی زەوی و کۆمەڵێک ئەستێرەی دیکە دەکا. تەنیا بە 15 خولەک بە چەکی ئەتۆمی جیهان وێران دەکرێ. بە بەکارهێنانی، ڕووناکیێکی بەهێز دەبیندرێ و لە دوورەوە چاو کوێر دەکا، هەنگاوی دووەم، شەپۆلێكی پاڵەپەستۆ، ئەوەی لەبەر ڕێگای بێت دەیکوژی، بۆڕییەکانی هەموو زیندەوەرێک لەناوەوە دەتەقێنتەوە، باڵەخانەکان دەرووخێنێ و گەرماییێکی زۆر دێت و ئەوەی ڕاستەوخۆش نەمرێ، لەشی دەسووتێت و لەماوەیەکی کورد بە شێرپەنجە دەیکوژی. زەوی وەک هێلکەیەک بە چەکی ئەتۆمی دەتەقیتەوە.

لە 7ی تەموزی (2017)، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچەندەمین جار دەنگی لەسەر قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی لەجیهاندا و 122 دەوڵەت بە بەڵێ دەستیان بۆی بەرزکردەوە.  خەڵاتی نۆبلی ئاشتی 2017 بە ڕێکخراوی International Campaign to Abolish Nuclear Weapons - ICAN  درا، کە ڕێکخراوێ نێودەوڵەتییە و دژ بە هەبوونی چەکی نەوەوییە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2007 لە  Melbourne لە ئوسترالیا دروست کرا و نووسینەگەی سەرەکی لە Genève لە سویسرایە.

لە دوای سەردانی ترەمپ بۆ عەرەبی سعودی لە 20ی مایسی 2017 گرێبەستێکی چەکفرۆشتن لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیزی پاشا بە نزیکەی 375 ملیارد دۆلار ئیمزا کرا. ئەمریکا لەماوەی 10 ساڵ دەبی ئەو چەکانە ڕادەستی مەملەکەتی عەرەبی سعودی بکا.

یەک لەوهۆیانەی سەدان ملیۆن کەسی بە برسێتی هێشتۆتەوە، کڕینی چەکە و لەوەش خراپتر زۆربەی جار ئەم چەکانە لەلایەن رێژمە دیکتاتۆرەکان دژ بە هاوڵاتییانی ناوەوە بەکار دەهێندرێن. ئەگەر حکومەتەکان لە جیاتی کڕینی چەک، بایەخیان بە سێکتەرەکانی دیکەی وەک: کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە...هتد دابا، ئاستی ژیان بەرزتر دەبوو، خەڵک تێر و جوانتر و زۆرتر دەژیا.