ده‌زگای پاراستن پێی وتم ئه‌م وتاره بنووسم!
له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له عێراقدا كوژراون، چه‌ندین جار زۆرتره له ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به سروشتی مردوون! به لێكدانه‌وه‌ی هه‌رسێ ڕه‌هه‌ندی ته‌ندروستی و ژیاری و ئه‌منی، ده‌شێت بوترێت: هیچ مه‌رگێكی سروشتی له عێراقدا بوونی نییه و نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی بمرێت، به چه‌ندین هۆكار به كوژراو حیسابه.
له هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زاینیشه‌وه، یانی به دروستی له سه‌رده‌می (لۆكاڵ زاكیزی) پاشای سۆمه‌ره‌وه، هه‌تا عه‌بدولسه‌لام عارفی پاشای ئه‌عرابی عێراق، هه‌رچی پاشا و هه‌رچی خه‌لیفه و خولوفای عێراقه، یه‌ك له‌دوای یه‌ك هه‌موویان كوژراون و هیچیان به ده‌ردی خوا نه‌مردوون.
له‌دوای عه‌بدولسه‌لامیشه‌وه بۆ سه‌دام حسێن، هه‌موو سه‌رۆككۆماره‌كان كوژراون و ته‌نیا جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌بێت، كه من گومانه‌كه‌م ئه‌ویش به ده‌ردی خوایی مردبێت و ده‌رمان خواردیان نه‌كردبێت.
ئێمه سه‌رباری كێشه و نه‌خۆشییه‌كانی خۆمان، له نێو ئه‌م خوێنه نه مه‌یوه‌ی عێراق‌داین، په‌نجا ساڵه عه‌ره‌به‌كانی مه‌شریق و مه‌غریبی زه‌مین، دژی ئه‌وه‌ن كه ئیسرائیل له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین جووه‌كان نیشته‌جێ بكات و كه‌مپیان بۆ بكاته‌وه، كه‌چی هه‌ر ئه‌مانه سه‌دان و هه‌زاران و ملیۆنان عه‌ره‌بیان له‌سه‌ر خاكی كورد نیشته‌جێ كردووه و یه‌ك زه‌ڕڕه‌ش ویژدانیان ناجووڵێت.
نوێژ و عیباده‌تی هیچ عه‌ره‌بێك له كه‌ركووك و خانه‌قین و مه‌خمور وجه‌له‌ولا و هتد دروست نییه، ئه‌وان له‌سه‌ر خاكێكن كه داگیریان كردووه، ئه‌مه دینێك ده‌یڵێت كه به زمانی خۆیان هاتووه، كه‌چی كورده جاش موتعه‌كان، بێشه‌رمانه تفه‌نگه‌كانیان ده‌خسته پاڵ تفه‌نگی حه‌شدی شه‌عبی وده‌یانهێنان بۆ شۆڕیجه و ڕه‌حیماوا، حه‌زیش ناكه‌ن كه‌س پێیان بڵێت جاش، چونكه دڵیان زۆر ناسكه، ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌ده‌ی كورده كه تیایدا جاشه‌كانی ئاوا دڵیان ناسك و شاعیرانه بووبێت.
سه‌یری سه‌گی پشده‌ر (كانگاڵ) بكه، له سه‌گی هیچ شوێنێك ناچێت، سه‌یری دووپشكی عه‌ربه‌ت بكه، له دووپشكی هیچ جێیه‌ك ناچێت، جۆرێك به‌راز هه‌یه، به‌س كورد هه‌یه‌تی، جۆرێك سه‌گ هه‌یه، به‌س كورد هه‌یه‌تی، جۆرێك دوپشك، مار، باڵنده، كه‌و، كانی، كڵاش و هتد هه‌یه له‌م دونیایه‌دا به‌س كورد هه‌یه‌تی، جۆرێك نه‌خۆشیش هه‌یه به‌س كورد هه‌یه‌تی.
وه‌ك چۆن هه‌ندێ ڕووه‌ك هه‌یه ته‌نیا له به‌رزایی چیایه‌كی ئیكوادۆر و به‌رازیل و هتد ده‌ڕوێ، هه‌ندێ زینده‌وه‌ر و باكتریا هه‌یه ته‌نیا له قوڵایی زه‌ریاكاندا ده‌ژین، ئاواش هه‌ندێ كێشه و گرفت هه‌یه، له تێكڕای ئه‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا، ته‌نیا لای كورد و له كوردستان هه‌یه.
هه‌موو مێژووی كورد سه‌راوبن بكه، هه‌رده‌م كه له لایه‌كه‌وه له كورد دراوه، له‌لاكه‌ی تره‌وه كوردی بێ ده‌ربه‌ست و بێ باك و خه‌نی هه‌بووه، هه‌موو میرنشینه كوردییه‌كان به جیا جیا ڕووخێنراون، كاتێك دێنه سه‌ر میرنشینی بابان، میرنشینی سۆران گوێی نه‌داوه‌تێ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، میرنشینی بادینان هیچ دۆستایه‌تییه‌كی له گه‌ڵ بابان‌دا نه‌بووه، بۆتان و ئه‌رده‌ڵان و هتد، هه‌موویان هه‌میشه له شه‌ڕی یه‌كتریدا بوون، هه‌موویان شكست و نوشتی یه‌كدییان پێ خۆش بووه، ته‌نانه‌ت كاتێك سوڵتانی شه‌هوه‌تبازی عوسمانی له میری به‌دلیس تووڕه ده‌بێت، هه‌موو ئه‌و چه‌كدارانه‌ی بۆ ڕووخانی میرنشینی به‌دلیس ده‌كه‌ونه ڕێ، له میرنشینه كوردییه‌كانی تره‌وه به خۆبه‌خش و بۆ خۆشیرین كردن لای سوڵتان، پێشبڕكێیانه تا بگه‌نه ده‌روازه‌ی میرنشینی به‌دلیس و سه‌ری میره كورده‌كه به‌دیاری بۆ سوڵتان به‌رنه‌وه، له شۆڕشی ئه‌یلولیشدا، كاتێك گوندی بارزان تۆپباران ده‌كرا، "پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی ماوه‌ت و شارباژێڕ"! بێ ده‌نگ لێی دانیشتبوون و به كه‌یف و خۆشییه‌وه گوێیان له ڕادیۆی به‌غداد ده‌گرت، تا ژماره‌ی ئه‌و تۆپ و بۆمبایانه بزانن كه نراوه به برا دوژمنه‌كه‌یانه‌وه! له ٢٠١٧شدا كه كه‌ركوك له‌لایه‌ن جاش موتعه مۆدێرنه‌كانه‌وه، ڕاده‌ستی حه‌شد كرا، شاگرده چه‌كداره‌كانی ئه‌م جاشموتعانه، نزیكترین ڕێگه‌ی هه‌ولێریان پیشانی ئه‌برامزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دا! كه‌وتنی كه‌ركوك ڕێك له كه‌وتنی میرنشینی به‌دلیس ده‌چێت، ئێوه بڕۆن كتێبی (سیاحه‌تنامه‌ی ئه‌ولیای چه‌له‌بی) بخوێننه‌وه، ئه‌وجا وه‌رنه‌وه بۆ كه‌ركوك.
هه‌رچییه‌ك ئێستاش ده‌یكه‌ین، نه وه‌ك ئه‌ركێك ده‌یكه‌ین و نه وه‌ك پێویستییه‌ك، ئێمه پڕپڕین له پڕوپاگه‌نده و موزایه‌ده! ئه‌بێت ئه‌مه پاشماوه‌ی چ خوێنێك بێت كه تۆ خاڵی هاوبه‌شت له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی زۆرتر بێت تا له‌گه‌ڵ حیزبه كوردییه‌كه‌ی برات؟!
به‌هۆی هاتنه سه‌ر كاری خومه‌ینی له ئێران و به بارمته‌گرتنی دیپلۆماته ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و قه‌یرانی دارایی وڵاته‌كه‌وه، جیمی كارته‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌رنه‌چوو، گه‌لی ئه‌مه‌ریكا ئاوا ده‌نگ به حیزب و كاندیداكان ده‌دات، ئێمه‌ش لێره كێ زۆرتر جنێومان بۆ بدات به‌وانه‌ی كه ڕقمان لێیانه، ده‌نگی پێ ده‌ده‌ین! ئێمه وه‌ك دابه‌سته دانیشتووین و ته‌نانه‌ت خۆراكی ڕۆژانه‌ی خۆشمان به‌رهه‌م ناهێنین و ته‌نیا جنێو به‌یه‌كدی ده‌ده‌ین.
گه‌شتیارێكی فه‌ره‌نسی له‌سه‌ده‌كانی ڕابردوودا كه ڕێی كه‌وتووه‌ته ئێران، ده‌ڵێت: له گه‌شته‌كه‌مدا ڕێم كه‌وته سه‌رزه‌مینێك، سروشت سفره‌یه‌كی لێ ڕاخستبوو كه ده‌یتوانی دووسه‌د ملیۆن برسی تێر بكات، به‌ڵام بیست ملیۆن برسی له‌سه‌ر ئه‌م سفره‌یه دانیشتبوون.
ئه‌مه ڕێك بۆ ئێستای ئێمه ڕاسته، سفره‌ی باشووری كوردستان (ئه‌گه‌ر به‌زمانی كارگێڕی بڵێین: ته‌نیا سێ شاره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان) ده‌توانێت سه‌د ملیۆن برسی تێر بكات، به‌ڵام حه‌وت ملیۆن برسی و به‌كاربه‌ر، له‌سه‌ر ئه‌م سفره‌یه دانیشتووین و هه‌ر چه‌له‌حانێ ده‌كه‌ین.
له سلێمانی بێشه‌رمانه ڕه‌پ و ڕاست له‌گه‌ڵ پاسدارێكدا بۆ به‌رزڕاگرتنی ڕۆژی قودس ده‌وه‌ستین، كه‌چی نه له سلێمانی ڕۆژمان بۆ به‌رز ڕاگرتنی هه‌ولێر هه‌یه و نه له هه‌ولێر ڕۆژی به‌رز ڕاگرتنی سلێمانیش، له هه‌ولێر هه‌رچی پیاوماقوڵمان هه‌یه له كونسوڵخانه‌یه‌ك به پێوه ده‌وه‌ستن و ڕۆژی له‌دایك بوونی پیره‌ژنێكی وڵاتێكی ئه‌سكه‌نده‌نافیا پیرۆزده‌كه‌ن و كێكی نه‌وه‌د ساڵه‌ی ته‌مه‌نی بۆ ده‌بڕن، كه‌چی هیچ یه‌ك له‌مانه ئاماده نییه له ڕۆژی له دایك بوون و مردنی یه‌كتریدا به پێوه بووه‌ستێت.
تێبینی: ناونیشانی بابه‌ته‌كه، گوزارشته بۆ ته‌ویله‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆی به‌شێك له منداڵ و ته‌واڵی كورد...