با لەگەڵ پێشمەرگە راستگۆ بین

Kurd24

پێشمەرگە، سەری ھەمووانی بەرز كردووەتەوە و جێی شانازیی ھەموو كوردێكی سەربەرز و سەر شۆڕ و پاك و ناپاك و مەرد و نامەرد و خزمەتكار و نۆكەرە، بەو پێیەی بەو پەڕی نەبەردییەوە بەرگری لە كەڕامەت و گیان و سامانی ھەموو كورد و كوردستانییەك و پێكھاتەكانی دیكەی كوردستانیش دەكات.

پێشمەرگە جەنگاوەرێكی راستەقینەیەو باوەڕ ناكەم مێژوو جەنگاوەری راستەقینەی وەك پێشمەرگەی بەخۆیەوە بینیبێ، باوەڕیش ناكەم میللەت ھەبێت بە قەد كورد مەرد و بە جورئەت و خاك ویست و نیشتیمان پەروەر. ھەموو دونیا ناتوانێت شەڕی گروپی میكرۆب ئاسای داعش بكات، ئەو گروپە چەندین سوپای زەبەلاحی بەزاندوون، وەلێ لەبەرامبەر پێشمەرگە ھەردەم لە پاشەكشەدایە.

ھێرشەكەی كەركووك و بەرگرییەكانی خەڵك و ھێزە ئەمنییەكان، بەرەوپێشچوونەكان بۆ نزیك مووسڵ، پێمان دەڵێت كە داعش لە پەلەقاژەدایە و كۆتاییەكانی ژیانییەتی و بە دەست و پەنجەی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان تێكدەشكێندرێت و كۆتایی دێت.

ئەوەی گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بكەین، دوو خاڵە:

یەكەمیان: ئێمە نە لەگەڵ پێشمەرگە و كەس و كاریان راستگۆین، نە لەگەڵ رۆحی شەھیدان و خانەوادەكانیان، پڕۆفایلی فەیسبووكمان پڕە لە ئاڵای كوردستان و وێنەی پێشمەرگە و شەھیدان و قسەی گەورە گەورە لەبارەیانەوە دەكەین، بەڵام كەسێكمان ئامادە نین ھاوكاری منداڵی پێشمەرگە یان شەھیدێك بكەین، ئەوان ئێمە دەپارێزین، ئەركی سەر شانی ھەموومانە، بە تایبەتی ئەو دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بازرگان و بەرپرسانەیە كە لە سایەی قارەمانێتی پێشمەرگە و خوێنی شەھیدان گیرفانەكانیان پڕ دەكەن و سەروەت پێكەوە دەنێن، یارمەتی كەس و كاری شەھیدان و پێشمەرگە بدەن، وەك ئەرك نەك وەك یارمەتی و خێر، ھەزاران خێزان و منداڵی شەھید و پێشمەرگە ھەیە لە دۆخێكی یەكجار خراپی ژیاندایە، وەلaێ كەس ئاگای لە حاڵیان نییە.

لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە حكومەت بەرامبەر پێشمەرگە و شەھید بێ وەفا نەبێت و ئەركی دابینكردنی بژێوی و گوزەرانی كەس و كاری پێشمەرگە و شەھیدان بگرێتە ئەستۆ و لە ھەربارودۆخێكدا بێت ئەو كەسانە فەرامۆش نەكات. ئەوە گەورەترین خزمەتە بە پێشمەرگە و شەھید و كەس و كارییان و باشترین پاداشتە بۆ خەبات و ماندوو بوونیان، نەك لەبەر سپلیت دابنیشین و چی خواردنە لەبەردەممان بێت و پێیان ھەڵدەین، لەولاشەوە منداڵەكانیان نان نەبێت بیخۆن.

دووەم: شوورەییە بۆ ئەو بەناو رۆشنبیر و رووناكبیر و لایەنانەی موزایەدە بەسەر یەكتریەوە دەكەن، دمك دمكانێ دەكەن، كۆمەڵگە پەرتەوازە دەكەن و لێك دوور دەكەونەوە، پەلار لە یەكتری دەگرن و تەنانەت بەشێكیان شەڕی پێشمەرگە بە موزایەدە و شتی جۆراوجۆر ناودەبەن.

 پێویستە ئەو بارودۆخە ھانیان بدات یەكگرتوو بن، چیتر یاری بە خوێنی خەڵك نەكەن و قوربانی شەھیدان و پێشمەرگە چیتر بە فیڕۆ نەدرێت، لە لووتكەی سەركەوتنداین، مێژوو نەفرەت لە ھەرھێز و لایەنێك دەكات لەمپەر دروستبكات یان ببێتە ھۆی بەھەدەردانی دەستكەوت و سەركەوتنەكانمان.

شوورەییە حزبەكان ململانێكانیان وەلا نەنێن و لە پێناو ئەو خەڵكە، ئەو خاكەی كە ھەزاران كەس گیانی بۆی بەخشیوە یەك نەگرن و دانەنیشن و لە یەك تێنەگەن. پێویستە ھەموو ھێزەكان گەورەیی پێشمەرگە كاریان تێ بكات و واز لە ململانێی نادروست بھێنن، نەك ئەوەی پێشمەرگە خوێنی بۆ دەڕێژێت، لایەنە سیاسییەكان لەباری ببەن.