ده‌وڵه‌تی قه‌یران و قه‌یرانی بێده‌وڵه‌ت
ده‌سپێكی ساڵی (2017) به كۆبوونه‌وه‌ی دوو حیزبی سه‌ره‌كی كوردستان ده‌ستی پێكرد، دانیشتنی شاندی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له رێكه‌وتی (11-1-2017) له هه‌ولێر به‌و ئاسته به‌رزه‌ی هه‌ردوو شانده‌كه، هه‌ڵگری زۆر په‌یامی ئه‌رێنی بوو، كه هه‌ردوولا به شێوه‌یه‌كی جیددی خه‌مخۆری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ن كه به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی راگه‌یاندراوه هاوبه‌شه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا كه شه‌ش خاڵی له خۆ گرتووه، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه، ئه‌وان له رووانگه‌ی هه‌ستكردن به سه‌نگ و قورسایی خۆیانه‌وه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌بایی و یه‌كرێزی نێو ماڵی كوردی بپارێزن، چونكه گه‌ر وه‌ك تاكێك، به چاو كراوه‌یی سه‌یری رابردووی دوور و نزیكی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌ر دوو پارته‌كه بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه پێكه‌وه بوون و بوونی هه‌ماهه‌نگی گونجاو له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، جگه له‌وه‌ی خزمه‌تی هه‌ردوولا ده‌كات، پتر له‌وه خزمه‌تی سه‌قامگیری سیاسی كوردستان ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا خزمه‌ت به هاوڵاتی و داهاتووی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.
دڵنیام له‌وه‌ی كه ئه‌و قه‌یرانه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ی له‌م ماوه‌ی دواییه، به بیانوی جیا جیا به‌سه‌ر پارێزگای رۆشنبیری (سلێمانی) هات، ده‌بێت ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی, گه‌ر هه‌مووشیان نه‌بێت، به‌ڵام بۆ زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری یه‌كێتی نیشتمانی دروست كردبێت كه خه‌ریكه زۆر شتی له سلێمانی له‌ده‌ستی ده‌رده‌چێت و تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانه‌كه‌ی ئه‌و نامێنێت و ده‌بێت ئه‌وه‌شی بۆ روون بووبێته‌وه كه ئه‌و قه‌یرانانه‌ی سلێمانی، كێرڤی جه‌ماوه‌ری ئه‌وی زۆر هێناوه‌ته خواره‌وه‌و ره‌نگه نه‌توانێت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو قه‌ره‌بووی بكاته‌وه، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه ته‌بایی و یه‌كڕێزی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانه نه‌ك ته‌نیا یه‌ك دوو حزب. چونكه گۆڕانكاری سیاسی زۆر به‌ڕێوه‌ن كه ده‌بێت كوردستان و سه‌ركردایه‌تی كوردی خۆی بۆ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی له داهاتوو رووده‌ده‌ن ئاماده كردبێت كه ئه‌مه‌ش به یه‌كرێزی و ته‌باییه‌وه به‌دی دێت.
گومانی تێدا نییه كه ئه‌و شه‌ش خاڵه‌ی له راگه‌یاندراوه‌كه‌ی هه‌ر دوولا هاتووه زۆر شتی ئه‌رێنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه خالی پێنجه‌می ئومێدێكی زۆر به تاكی كوردی ده‌دات كه پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌رێگه‌ی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی پیكهاتوو له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌وێته سه‌ر مێزی گفتوگۆی نێوان هه‌وڵیر و به‌غدا. به‌و مانایه‌ی كه ده‌ست به گفت‌وگو ده‌كرێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌م گفتوگۆیه‌ش، نه بۆ وه‌رگرتنی (به‌ڵێ)ی ئه‌وانه، چونكه ئه‌م (به‌ڵێ)یه ده‌بێت هاوڵاتی كوردستان بیدات و هاوڵاتی كوردستانی خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی ده‌دات.
ئه‌مه هیوای هه‌ر تاكێكی كوردییه كه ببێـته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی كوردی و كوردستانی، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌و، ده‌وڵه‌تێكی موئه‌سه‌ساتی بێت، كه تێیدا هاوڵاتی هه‌ست به ئارامی و دڵنیایی و ئاسوده‌ی و دادپه‌روه‌ری بكات. بۆیه خاڵی سێیه‌می راگه‌یاندراوه‌كه كه تایبه‌ته به چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی كه به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه و هه‌ردوولا پاڵپشتی و هاوكاری خۆیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ریگه چاره بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی و ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌ربڕیوه، خاڵێكی گرنگه بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.
شتێكی شاراوه نییه كه ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌ی له هه‌رێم دروست بووه، چه‌ند فاكته‌رێكی هه‌یه له بڕینی قووتی خه‌ڵك له لایه‌ن مالیكیه‌وه (سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق)ه‌وه له ساڵی (2014) ه‌وه بگره تاكو دابه‌زینی نرخی نه‌وت له سه‌ر ئاستی ده‌ولی و شه‌ڕی داسه‌پاوی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، به‌ڵام یه‌كێك له‌و فاكته‌ره ناوخۆییانه‌ی كه هۆكارێكی دیكه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌یه، كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌ند ساڵه‌ی گه‌نده‌ڵییه، كه له‌و گه‌نده‌ڵییه، بێ رێزپه‌ر كردن هه‌موو حزبێكی كوردستانی، ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بووه، ده‌ستی هه‌بووه له كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و گه‌نده‌لییه، بۆیه بڕوا ناكه‌م دادوه‌رانه بێت كه ته‌نیا لایه‌نێك تۆمه‌تبار بكرێت، له كاتێكدا ئه‌و لایه‌نه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كرێت ئێستا له بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی له هه‌مووان جیدیتره له ئه‌نجامدانی چاكسازی.
بۆیه گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست و جیدی و یاسایی بۆ چاكسازی كردن له هه‌موو جومگه‌كانی حكومه‌ت و هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش! یه‌كێكه له زه‌رووراتی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی، چونكه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دانانی پلانی تۆكمه‌ی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن خۆی له خۆیدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌نگاو به‌ره‌و به موئه‌سه‌ساتی بوون و دادپه‌روه‌ری بهاوێژیت و ببێته ده‌وڵه‌تێك كه یاسا و دادوه‌ری تێیدا فه‌رمانڕه‌وا بێت. بۆیه مادام ئاواته له مێژینه‌كه‌ی هه‌ر تاكێكی كوردی، ده‌وڵه‌تی كوردستان و سه‌ربه‌خۆییه، با هه‌موو لایه‌نێكی سیاسی كوردستانی هه‌ولی جیدی بده‌ن بۆ چاكسازی و پاكسازی، چونكه با ئه‌وده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆیه‌ی هه‌موومان تامه‌زرۆی بینینی ئه‌وین له داهاتوودا، با ده‌وڵه‌تێكی موئه‌سه‌ساتی پاكژی بێ خه‌وشی دوور له گه‌نده‌ڵی بێت. چونكه ئێستا به ده‌ست قه‌یرانی بێ ده‌وڵه‌ت بوون ده‌نالێنین، با دواتر و دوای به ده‌وڵه‌ت بوون به ده‌ستی ده‌وڵه‌تی قه‌یران نه‌ناڵێنین.
* ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.