کۆمەڵکوژی حەما و کورتکردنەوەی بەرامبەر

Kurd24

بچۆ یوتیوب و بنووسە: (شهادة أحد أفراد القوات الخاصة على مجزرة حماە)، لە بەرنامەی (نحو التغییر)، دەبینیت سەربازێکی سوپای سوریای سەردەمی حافز ئەسەد راستییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی شاری (حەما) لە 1982دا لە سوریا باس دەکات.  کە فەرمانیان پێکراوە پەلاماری حەما بدەن گوایە برایانی مسوڵمان (ئیخوان، یان یەکگرتوو) لەو شارەدا بەهێزن و شەڕ لەگەڵ حکومەت دەکەن.

ئەوان شارەکە تۆپباران دەکەن، گەمارۆی دەدەن و دەچنە ناوەوە. بۆ کوشتنی نزیکەی 150 کەس کە شەڕیان لەگەڵ حکومەت دەکرد، هەزارانیان کوشتووە.

ماڵ هەبووە چواردە کەسی یەک خێزانیان دەرهێناوە و کوشتویانە، سەدان منداڵ و نەوجەوانیان بردووە وەک کێک قاشیان کردون. هەر لە 1980کاندا، بەعسییەکانی عێراقی سۆشیالستیی بوو (نەوەک ئیسلامیی) لە عێراق و کوردستاندا چییان بە کچ و ژن و منداڵ و بەساڵاچوو نەکرد؟ بەعسییەکان شیعەکانیشیان سەرکوتدەکرد، هێندەی تر ئیسلامی شیعەیان لە ئێراندا دەوروژاند. بەر لە سەرکەوتنی شیعە بۆ حوکم، بە هەمان شێوەی تورکیا، محەمەد رەزا شای ئێران پەچەی قەدەغەکردبوو.

بەدرێژایی پەنجا ساڵی دووەمی سەدەی بیست، دەستی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا لە ئێران و سوریا و عێراقدا هاتووە و چووە، یارمەتیی ئەم رژێمی دیکتاتۆرییان داوە بمێنێتەوە و گەمارۆیان خستووەتە سەر ئەویتریان تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان. لەم پرۆسەیەدا، کام خێزان ماوە کەسێک یان زیاتری لێ نەمردبێت؟  

ئایا حەدیسێکی توندڕەوی سەدەی حەوت و هەشت، کە کەس نازانێت کێ وتویەتی و بەبێ بەڵگە ئەڵێن قسەی پێغەمبەری ئیسلامە، کاریگەریی لەسەر رەفتاری مرۆڤی ئەمڕۆ زیاترە وەک لەو هەموو کارەساتەی سۆشیالیزمەکەی روسیا و عێراق و سوریا و عەلمانییەکەی تورکیا و ئێران و لیبراڵەکەی ئەمریکا و بەریتانیا خستیانەوە؟ نەخێر.

دەستەبژێرێکی سیاسیی هەیە تەنیا پرۆژەکانی خۆیان بە شایستەی چەسپاندن دەزانێت، بژێوی ژیانی مرۆڤ و بیرکردنەوەکانی قفڵ دەکات، دەرفەتەکانی بەردەمی قۆرخدەکات و وەک پاداشت پێی دەبەخشێت، پاشان تاکەکان دەگۆڕن بۆ مەخلوقێک کاتێک خۆیان دەبیننەوە پڕن لە رق و رکابەریی و حەزی لەناوبردن و بەرامبەریش کورتدەکەنەوە بۆ یەک شت، شتێک کە لەناوبردن و کوشتنی ئاسان بێت. ئیدی لە کۆنترۆڵی خۆیاندا نامێنن و هەرچۆن دونیای بەرامبەر وێران بکەن وادەزانن ئەرکی سەر شانیانە، بەرامبەرەکانیشیان هەمان شت دەکەنەوە و کەسوکاری یەکتر لەناودەبەن، تا بەناچاریی دەگەڕێنەوە بۆ رابردوو بۆ ئەوەی شەرعییەتێک بدۆزنەوە و لەمڕۆدا بۆ لەناوبردنی بەرامبەر بەکاریبهێننەوە. هەموو ئەمانەش چەنێک رژێمە ئیسلامییەکانی وەک سعودییە و ئێران لێی بەرپرسیارن، هێندەش رژێمە عەلمانییەکان و دیموکراتخوازەکان و سۆشیالیستەکان. بەشێک لەوەی ئەمڕۆ لە سوریا روودەدات تۆڵەی کەسوکارەکەی حەمایە.

هەمان رەفتاری توندوتیژ لە هەرێمی کوردستانیشدا لەناو تاکەکاندا دەبینین، ئیدی لە چوارچێوەی خێزانەوە سەیربکە تا دەگات بە بیروبۆچونی نێوان ئەندامان و لایەنگرانی دوو حزبی نەیار بە یەکتر و خەڵکی شار و شارۆچکەکان لەگەڵ یەکتر. لەناو ئەم ئاژاوەیەشدا، دەیان ڤیدیۆ و کۆبونەوەی جەماوەریی دەبینین کە بانگەشەی کوشتنی مرۆڤی تیادایە لەسەر نوێژنەکردن و رۆژونەگرتن و پەچەنەکردن، واتە مرۆڤ کورتدەکەنەوە بۆ یەک شت تا لەناوبردنی ئاسان بێت. لەولاشەوە هەرچی رژێمەکانی چواردەوری هەرێمی کوردستان هەیە لە کاتی گۆڕانیاندا بوون بە ئیسلامییەکی داخراوی توندڕەو. دیسانەوە دەپرسم: ئایا ئەمانە هەمووی بەرهەمی مێژووی دوورن؟ نەخێر، بەرهەمی مێژووی نزیکیشن، کە کەمتر ئیسلام تیایدا باڵادەست بووە.

ئەگەر بڕیاربەدەستانی هەرێم چاکسازییەکی ریشەیی نەکەن و پرۆسەی چاکسازیی بەرێگایەکی راستدا نەبەن، یارمەتیی تاکەکان نەدەن لەوەی بەرامبەر کورت نەکەنەوە بۆ یەک شت، شتێک کە شایستەی لەناوبردن بێت، لەم پێناوەشدا قوربانیی بە کورسییەکانی خۆیان نەدەن، رێی تێدەچێت رژێمێکی ئیسلامیی تاریک و داخراو لە هەرێمی کوردستاندا سەرهەڵبدات و خۆی جێگیر بکات. خۆ ئەگەر واش نەبێت، عەلمانیی و دیموکراتەکان تەنیا لەڕێی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەوە رەنگە قۆناغێکی تریش حاکم بن.

 

 * نیاز نەجمەدین،  دكتۆرا لە ئابوورى، مامۆستای زانکۆی سلێمانیى و توێژه‌ر لە زانکۆی ئوپسالاى سوید.