كێشە كەڵەكەبووەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەرەو كوێ؟

Kurd24

روونە قۆناغی ئێستا، كە ھەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، قۆناغێكە تەواوی كۆمەڵگەی بە حكوومەتەوە گرتووه‌تەوە. كەرت و لایەنیش ھەیە، كە بەر لە دۆخەكە خۆی پڕكێشە بووە و ئێستا كێشەی زیاتری رووبەرووبووه‌تەوە، یەكێك لەوانەش خوێندنی باڵایە. ئایا بۆ ئەوەی رەوتی خوێندنی باڵا بە ئاستێكی ئاسایی تێپەڕبێت، دەبێت حكوومەت پلانی چی بێت، یان دەكرێت پرسیاری ئەوە بكرێت، كە ئایا حكوومەت لە بنەڕەتدا ھیچ پلانی ھەیە بۆ ئەوە خوێندنی باڵا بەتەواوی نەپووكێتەوە؟

تاكە رێگە كە حكوومەت لە سەروبەری قەیرانی دارایی گرتییه‌به‌ر، بریتی بوو لەو رێگەچارەیە" بە "پاشەكەوت" دەیناسێنێت و مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی باڵاش لەتەك پەروەردە و وەزارەتەكانی دیكه‌ بۆ نیوە و چارەگ كەمكرایەوە. بەڵام ئەوە لە كاتێكدایە، كە بەر لە قەیرانەكەش خەریك بوو، خوێندنی باڵا رووبەرووی ئەو كێشانە دەبووەوە، كە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت، چونكە وێڕای كێشەی زۆر لە پەیڕەوی خوێندن و كۆنیان و كەموكوڕی لە ستافی وانه‌بێژ و توێژەر، بە تایبەت لە ھەندێك بەش و یەكە، مووچەی ئەو توێژە دیاریكراو بوو. ئەو بڕەش بە بەراورد لەگەڵ ھەندێك و پۆست و تایبەتیش كەرتی تایبەت زۆر زۆر كەمترە و كەم بووە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە لەبەشە زانستی و زمانە بیانييەكان كار دەكەن و تەواوی كاتی خۆیان لە پێناو خوێندنی باڵا خەرج دەكەن.

ئەگەر تێبینی و رەخنەو داواكاریش ھەبێت، ئەوا ئەمەی سەرەوە ئەوەش ناگەیه‌نێت، كە مامۆستا یان فەرمانبەری خوێندنی باڵا بەرژەوەندییەكانیان خستووه‌تە پێش بەرژەوەندییە گشتییەكان، بەڵام وەك ئاماژەم پێكردووە، ئەو توێژە بەر لە "قەیران"یش لە قەیران دابووە، لە كاتێكدا باس و خواس و بازاڕگەرمی نا دادپەروەری و لاسەنگی سیستەمی مووچە دەمێكە ھەیە. پرسیار ئەوەیە، بە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە و نەبوونی پلانێكی باشتری حكوومەت، خوێندنی باڵا چی بەسەر دێت؟ ئایا پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە ھیچ كاریگەری لەسەر رەوتی خوێندن و ورە و توانستی قوتابیان دروست ناكات؟ بە لایەنی كەم لە لایەنی دەروونی؟ ئایا ئەمە تەنھا چارەسەره‌ حكوومەت لەبەردەستیدایە بۆ مامەڵەكردن لە گەڵ نەوەی ئێستا و داھاتوو؟ ئەی رەوتی زانست و زانستخوازی و توێژینەوە چی بەسەر دێت؟ خۆ ئەوەی گرنگە تەنھا ئەوە نییە گۆڤارێك بكەیتەوە و لەبەرامبەر بڕێك پارە پلە و 2-3 ھەزاردیناریش بۆ توێژەران زیادبكرێت!

دەكرێت رەگوڕیشەی نەبوونی دادپەروەری لە مووچە لە كەرتی ھاوشێوەی كەرت و لایەنە گشتی و تایبەتەكان دەرھاویشتەی جۆرە ھزرێكی ناوەندگەرا و كۆن و بەسەرچوو بێت، بەڵام فەرمانبەرێك، مامۆستا یان توێژەرێك، ئەگەر 4-5 ئەوەندە مووچەی لەو كەرتە دەستی دەكەوێت، لە كەرتی تایبەت گلی بداتەوە، دەبێت چ شتێك بە حكوومەتی بیبەستێتەوە؟ دەبێت حكوومەت چ پلانێكی ھەبێت و چۆن بتوانێت رێگری لە جێھێشتنی خوێندنی باڵا لە مامۆستایان و توێژەر و فەرمانبەران بكات؟ ئەگەر رێگریش نەكات، ئایا ئەمە تەواو پەكی خوێندن و خوێندنی باڵا ناخات؟

"بەھەرحاڵ،" با بڵێین ئەو دۆخەش تێپەڕی، 2/3 و 2/4 و 3/5 ی مووچەش گەڕایەوە, ئایا حكوومەت و تایبەت وەزارەتی خوێندنی باڵا چ جێگرەوەیەكی دەبێت؟ ئایا ھەر وەك خۆی دەمێنێتەوە؟ ئەمە وێڕای ئەو راستییە تاڵەی، ھاوشێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە وەزارەتی پەروەردە بێ پلانتر دەرنەكەوێت باشتر نییە و خەریكە كەرتی تایبەت و فێرگە تایبەتەكان سەری تەواوی وەزارەتەكە دەخۆن. لە وەزارەتی پەروەردە رۆژ بە رۆژ چۆنیەتی لە خوێندنی گشتی دادەبەزێت و وەزارەتیش پاڵكەوتووە. ھەروەھا، دیاردەی "پشتگوێخستن" ی قوتابیان لە لایەن مامۆستایان، بە گشتی، كەرتەكەی شڵەژاوتر كردووە، ھەڵبەت نازانم چۆن بتوانین رەخنەش لە مامۆستایان بگرین، كە دۆخ-پێداوان، كە منداڵەكانیان لە فێرگە تایبەتەكان دەخوێنن، ھۆكارن بۆ ئەوەی مامۆستاكان داھاتێكی 3 ئەوەندەیان دەستكەوێت و لە ژینگەیەكی ھەمووارتریش وانەبڵێنەوە. لە كاتێكدا كە فێرگە تایبەتەكانیش زیاتر خزمەت بەكولتووری بێگانە دەكەن و لە داھاتووێكی نزیك (دەستیشی پێكردووە) بەریەككەوتنی كولتووری دروست دەكات.

ئەوەشمان لە یاد نەچێت، سەرەڕای ئەوەی لە رووی دارایی و داھاتەوە، كەرتی تایبەت كەرتی گشتی لە سووچێك قەتیسكردووە، كە جێی "شەرمەزارییە" بۆ وڵاتێكی بە سرووشت كشتوكاڵی و بە داھات و دەوڵەمەند بە نەوت، دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵای لە دوێنێ و ئیمڕۆ و سبەی بەو شێوەیە بێت! دووریش لە پرۆپاگاندا سیاسیيە سۆسیالیستی و كۆمەنیستییە نەریتییەكان، ناتوانین گەشبین بین بەوەی كەمینەیەكی "دۆخ-پێداو" نەك "خوا-پێداو" لە داھاتوودا، كە لە كۆمەڵگەی ھاوچەرخی بەناو گوندی بیانی و بەرھەمی فێرگە و قوتابخانەی تایبەت، كە تەنھا منداڵی "پارەدارەكان" بۆیان دەلوێ تێیدا بخوێنن، فەرمانڕەوایی و كارگێڕی ئەم وڵاتە دەگرنە دەست, بە بێ ئەوەی رۆژێك ئازاری ھاتووچۆ و نەبوونی مامۆستا و دڵۆپەكانی قوتابخانەیان بینیبێت و بە بێ ئەوەی ھەستیان كردبێت بە سارد و سڕی ھۆڵی زانكۆكان و بچووكی تاقیگە و نەبوونی كتێبخانە تێیاندا؛ نەوەیەك، كە وێنەی لەبەرگیراوەی كۆمەڵگەی ناكوردستانی دەبن و ناتوانن مامەڵە لەگەڵ نەوەی كرێكار و ناوەند و دۆخ-پێنەداوان بكەن.

ئەم پارچە نووسینە بە ئامانجی ترساندن و تۆقاندن نییە، لە بنەڕەتدا، وەك ھیواخوازین، درككردنە بەچەند راستییەكی تاڵ لە كۆمەڵگەدا، كە تا ئێستاش كلكی كۆمەڵگەی عێراقییە؛ كۆمەڵگەیەك خۆی لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسی كلكی كۆمەڵگە ھاوسێكانیەتی. سەرەڕای ئەوەش، ئەم قەیرانە ھەلێكی زێڕینە ئەگەر "راوێژكارەكان" بتوانن بە كوردستانیانە و مرۆڤانە پەنجە بخەنە سەر كێشەكان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و داھاتوویەكی باشتر، بە لایەنی كەم، بەسەرەوەی بگەیه‌نن و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بتوانێت پێداچوونەوەیەك بكات، چونكە تەنھا لەو 2 وەزارەتە چاكسازی و پێشكەوتن دەستپێدەكات و پێچەوانەكەشی دەبینین. ھیچ جێگرەوەیەكی باشتریش  بۆ پەروەردە بوونی نییە، چونكە ھیچ كەرت و توێژ و چینێك بەقەد خوێندن و خوێندنی باڵا, دەستی بە كۆمەڵگە ناگات.