ئیمپراتۆریه‌تی كۆپی!
پرۆژه‌ی وه‌لانانی كه‌مالیزم و هێنانه پێشه‌وه‌ی نه‌زعه‌ی دینی و ناسیۆنالیستانه‌ی عوسمانیه نوێكان.
هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی توركیا له 24/6/2018، به سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانێتی كۆمار كه بریتی بوو له" ئاك پارتی و مه‌هه‌په‌و هوداپار" گۆرانێك له توركیا دروست ده‌كات كه مه‌رج نییه گۆرانی ریشه‌یی و بونیادیی قووڵ بێت و خزمه‌تی گه‌شانه‌وه‌و كرانه‌وه‌ی توركیا‌و ئابوریه‌كه‌ی بكات، راسته ئه‌م وێسگه‌یه ده‌سه‌ڵاتی توركیا به‌ته‌واوی له سیستمی په‌رله‌مانیه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی، به‌ڵام مه‌رج نییه ئیتر په‌رله‌مان له چالاكی بخرێت و توركیا له ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی سیكولاره‌وه بكاته ده‌وڵه‌تێكی تاریك و دینی داخراو.
ئه‌م ئاڵوگۆڕو هه‌لومه‌رجه سیاسیه نوێیه‌ی توركیا وه‌ك چۆن ناتوانێت كۆتایی به كه‌لتوری په‌رله‌مان و ناڕه‌زایه‌تی شه‌قام و پلورالیزمی حیزبی هاوچه‌رخ بهێنێت، هه‌مانكات ناشتوانێت سێبه‌ره‌كانی كه‌مالیزم و كێشه‌ی كورد‌و قه‌یرانه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناوخۆ كۆتایی پێ بهێنێت.
له پێشدا كه‌مالیزم رێچكه‌و رێبازه، به‌ڵام ئه‌ردۆغانیزم، پرۆژه‌ی سوڵتانێكه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، هه‌مانكات حه‌زی دینی و هه‌ستی ده‌سه‌ڵاتگه‌ریی حیزبییه به ئاراسته‌ی كۆنترۆڵكردنی كایه و جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بۆیه به ئاسانی ناتوانێت شوێنگره‌وه‌ی كه‌مالیزم بێت بۆ توركیا مه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان، كوده‌تای كه‌لتوری و ریشه‌یی بكات، وه‌ك چۆن كاتی خۆی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك ئه‌مه‌ی كرد و هات ده‌ستكاری، ئه‌لفباو شوێنی ئاین و مزگه‌وت و به‌هاكانی رابردوی خه‌ڵكی كرد، ئه‌مه ده‌ری ده‌خات به ئاسانی "ئه‌ردۆگان" ناتوانێت زیهنیه‌تی تورك و فه‌زای توركیا پاك بكاته‌وه له كه‌لتوری نه‌وه‌د ساڵه‌ی ئه‌تاتورك و رێچكه‌و رێباز‌و نۆرم و به‌هاكانی بخاته ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، هێشتا وێنه‌ی كه‌مال ئه‌تاتوركی باوكی رۆحی تور‌كان به ژووری كۆبونه‌وه فه‌رمیه‌كانی ئه‌ردۆغانه‌وه هه‌ڵواسراوه‌و ئه‌لفبای ئیسلامی له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژووه و مزگه‌وت رۆڵی نیه و خودی ئه‌ردۆغانیش به شه‌رمه‌وه ته‌وزیفی شه‌عیره ئیسلامیه‌كان ده‌كات، بۆیه بیركردنه‌وه له‌وه‌ی توركیا ئیدی بۆ ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په ده‌بێته ده‌وڵه‌تێكی ئاسان و بێ كێشه‌و گرێ و گۆڵ هه‌ڵه‌یه، بگره له ئێستاوه ئه‌ركه‌كانی ئه‌م سوڵتانه كۆپییه قورستره، هێڵه‌كانی كاركردنی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆنی جددی و حیزبی نوێ ده‌ركه‌وتوون و ده‌زانرێت كێ له‌گه‌ڵ ئازادیه سیاسیه‌كان و مافی مرۆڤ و سیكولاریزمدایه‌و كێش له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی گورگه بۆره‌كان و توندره‌ویی نه‌ژادی و دینی و خه‌لافه‌تدا ئاوێزانه.
ئینجا په‌رله‌مان راسته به‌پێی ده‌ستوور ئه‌و رۆڵه‌ی جارانی نامێنێت، وه‌لێ ده‌زگایه‌كی به‌ركاره‌و ده‌یان یاسا‌و بریارو كۆده‌نگی دیسان ده‌بێت له په‌رله‌مانه‌وه فۆرمه‌ڵه بكرێت و بگره شه‌ڕی گه‌رمی ئایدۆلۆژی و سیاسی و جڤاكی و نه‌ته‌وه‌یی دێته‌وه ناو په‌رله‌مان، ئیتر تا چ راده‌یه‌ك كاری پێده‌كرێت یان نا ئه‌وه پرسێكی تره، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كاریشی پێ نه‌كرێت ئه‌وا شه‌قامه‌كان ده‌بنه په‌رله‌مان و ناوه‌ندی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵكی و چالاكی پارته‌كان دژی سته‌مكاری و به‌رته‌سككردنه‌وه‌و راوه‌دونانه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئه‌مه‌ش ده‌رهاوێشته‌ی خراپتری ده‌بێت له په‌رله‌مان.
له ئێستاوه توركیا كۆپیه‌كی لاوازی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیه‌كانه‌و وا خۆی نمایش ده‌كات، ئه‌ردۆغان شانازی به‌م رۆژه‌وه ده‌كرد كه وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ت وێنابكرێت و خه‌ونی زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت وه ئه‌ستۆبگرێت و به‌هه‌شتێك بۆ توركه‌كان چێ بكات و ئه‌مه‌ش به پشتیوانی چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و رێكخراوی سه‌له‌فی و ئاینی و سوننی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی ئیخوان موسلیمین و حه‌ماسی فه‌له‌ستین، به‌ڵام كۆپی ئیمپراتۆرێكی كۆن ده‌بێت چ كاراییه‌كی هه‌بێت، به‌بێ بنه‌مای قوڵی فه‌رمانره‌وایی خه‌لیفه‌و سوڵتانه‌كان، به‌بێ زه‌مینه‌ی له‌باری شه‌رعیه‌ته كه‌لتوری و مێژوویی و دینیه‌كه‌ی جاران، ئێستا توركیا كه له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ڤێرژنی كۆپیه‌كی تازه‌دایه به‌خۆی بزانێت یان نا ئاسان نییه بۆی، چونكه ئه‌م ڤێرژنه ده‌بێت خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی ناوخۆ‌و باهۆزه‌كانی ده‌ره‌وه‌و قورسایی شكستی ئابوریی،
تاچه‌ند ئه‌م كۆپیه ده‌توانێت به‌رانبه‌ر به هێزه ره‌سه‌ن و ئۆرجیناڵه‌كانی توركیا‌و ناوچه‌كه بوه‌ستێته‌وه؟
له سه‌ره‌تادا بۆ دۆزی كورد، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كۆپییه دوچاری ئیشكالیه‌ت و دژواریی سه‌خت ده‌بێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌م هێزێكی ره‌سه‌نی دیموكراتی خۆرسكدا، كه جه‌ماوه‌رو هێزو مێژوو كه‌لتورو زمانی خۆی هه‌یه‌و به ئاسانی پاشه‌كشه بۆ كۆپیه‌كان ناكات، ره‌سه‌نایه‌تیه‌ك توانیویه‌تی 25 ژنه كاراكته‌ری به ئیراده بكاته نوێنه‌ری خۆی بۆ په‌رله‌مان و سه‌رۆكه‌كه‌ی له زیندانه‌وه ركابه‌رییه‌كی توندی سه‌رۆك بكات و به ئاسانی چۆك دانه‌ده‌ن بۆ فاشیزمی ئاینی، ئه‌م كۆپیه توانستی چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی كێشه‌كانی باكوری كوردستانی نیه به پشت به‌ستن به تیۆر‌و ئه‌زموونی رابردووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، كورد له رێگه‌ی هه‌ده‌په‌وه هۆشیاریی و ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌تری به‌ده‌ست هێناوه ئه‌مجاره، بڕینی به‌ندی ده‌ستووری %10 و به‌ده‌ستهێنانی 67 كورسی په‌رله‌مان و زیادكردنی كورسیه‌كان، خستنه‌گه‌ڕی توانسته‌كانی زیندان، راكێشانی هه‌ستی توركه عاقڵمه‌نده‌كان بۆ دۆزی كورد، هه‌موو ئه‌مانه مۆتیڤێكی تری به‌خشیوه‌ته باكور بۆ پێداگریی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ریی، له‌لایه‌كی تره‌وه "ئیمراڵی، قه‌ندیل، هه‌ده‌په" یه‌كێكه له ته‌حه‌دیاته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م ئه‌م ئیمپراتۆره كۆپییه، ئه‌م رۆحیه‌ته‌ش واده‌كات زێده‌تر له جاران هه‌ست بكه‌ن وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م پێویسته بناسرێن و دان بنرێت به ماف و ئازادیه‌كان و خواسته‌كانیان و چیتر دایكان ره‌شپۆش نه‌كرێن و كۆتایی به ره‌شه‌كوژیه‌كان بهێنرێت كه له كۆمه‌ڵكوژی دێرسیمه‌وه درێژبۆته‌وه تا ئێستای ئامه‌دو رۆبۆسكی و شێرناخ.
بیرمان نه‌چێت له 18/11/2012 " ئۆج ئالان" له ئیمرالیه‌وه مانگرتنه سه‌رتاسه‌ریه‌كانی زیندانی وه‌ستاند كه خه‌ریك بوو توركیا به چۆكدا بهێنێت و به‌ته‌واوی گه‌ل هاتبونه سه‌رجاده، به‌مه‌ش ئۆج ئالان سه‌لماندی موخاتیبی یه‌كه‌می دۆزگه‌ری كورده، باكوریه‌كانیش به گوێی سه‌رۆكیان كرد‌و ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی كه وه‌ك په‌یام به براكه‌یدا گه‌یاندیه شه‌قام، رای سیاسیه‌كانی گۆری و توندوتیژی نه‌ماو ئه‌وكات ئیدی ئۆردو‌غان هه‌ستیكرد ئه‌وه‌ی زیندانیكراوه كه‌سێكی ساده نیه‌و به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمیه‌و پێویسته دانوستانی له‌ته‌ك بكرێت، ئێستاش ئه‌گه‌ر دۆخ به ته‌واوی تێك بچێت ئه‌وه‌ی كه په‌نای بۆ ده‌برێت ئه‌و كاراكته‌ره‌ی ئیمراڵیه‌و "ئیمپراتۆریه‌تی كۆپی" ده‌بێت ئیتر بیر له دیالۆگ و كرانه‌وه‌و ئاشته‌وایی جددی بكاته‌وه له‌بری ئه‌ڵته‌رناتیڤی زیندان و هه‌ره‌شه‌و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادیه‌كان و له‌شكركێشی، ناكرێت زیندانه‌كان هه‌میشه ئاوه‌دان و شه‌قامه‌كان جمه‌یان بێت له ناره‌زایه‌تی، له‌كاتێكدا ئابوری توركیا هه‌رگیز به‌رگه‌ی ئه‌م كێشانه ناگرێت، بزانین ئیمپراتۆری كۆپی چی ده‌كات له‌كارته‌كانی به‌رده‌ستی و جوڵه‌ی یه‌كه‌می چی ده‌بێت؟