هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022 دەکات

Kurd24

K24- هەولێر

لەبیرمە چەند ساڵێك پێش ئێستا كاتێك یاریی پلەیستەیشنمان دەكرد، هەمیشە خۆمان لە ریزی هەڵبژاردەكانی جیهان هەڵبژاردەی كوردستانمان درووست دەكرد و یاریمان پێدەكرد، كە ناوی سەڵاحەدین سیامەند یان رافد بەدرەدینمان لە پێكهاتەی یارییەكە دەبینی زۆر پێی دڵخۆش دەبووین، هەرچەندە رووخساری هیچیان بە كوردستارەكان نەدەچوو و هەڵبژاردەكە تەنیا خەیاڵ بوو، بەڵام ئەو خەیاڵەمان لە یاریكردن بە هەڵبژاردەی عێراق پێ باشتر بوو، هەندێكجاریش هەڵبژاردەی كوردستانمان بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی پێدەكرد چوار پێنج گۆڵمان لە شێرەكانی رافیدەین دەكرد.
لەیادمە، دوای رووخانی حكومەتی بەعس هەڵبژاردەی عێراق هاتە هەولێر و سلێمانی و دوو یاریی دۆستانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان كرد، هێشتا ئەو ساتانەم لەبیر ناچێت كە یاریزانانی كوردستان سروودی ئەی رەقیبیان دەگوتەوە، چۆن شاگەشكە ببووم، ناحەقم نەبوو، یەكەمجارم بوو درێسی ئەوهەڵبژاردەیەی لە پلەیستەیشن بە خەیاڵ درووستم كردبوو، ببووە راستی و بەدیارییەوە دانیشتبووم، تاكو چەند ساڵێك دواتریش دەستكەوتنی درێسێكی هەڵبژاردەكە ئاواتێکی گەورەی من بوو.
ئەگەرچی هەڵبژاردەی كوردستان چەند ساڵێكە هەیە و بەشداریی جامی كۆنیفا دەكات، بەڵام هێشتا هەڵبژاردەكە هەتیو و دانپێدانەنراوە، هێشتا ناتوانین لە یارییە نێودەوڵەتییەكان ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە و سروودی نیشتیمانەكەمان لێبدەین.
سەربەخۆیی هەڵبژاردەی كوردستان دەگەیەنێتە مۆندیال، تاكو سەربەخۆ نەبین ئەستەمە بتوانین ببینە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و جیهان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی باشووری سوودان بێ ئەوەی خاوەنی خولی خۆی بێت، ساڵێك دوای ئەوەی لە 2011 سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، راستەوخۆ لەلایەن فیفا و كاف دانی پێدانرا، هەڵبژاردەی باشووری سوودانیش بەشداریی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2018 كرد.
ئەگەر وەرزشوانان و هاندەرانی هەڵبژاردەی كوردستان رۆژی 25ی ئەم مانگە بەشداریی لە ریفراندۆم بكەن و بە بەڵێ دەنگ بدەن و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە ساڵێك زیاتر نەخایەنێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بە ئاسانی دەبێتە ئەندامی فیفا و مافی ئەوەی دەبێت بەشداریی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2022 بكات.
گەرچی هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاوە کارئاسانی بۆ کرا بۆ ئەوەی فیفا رێگەی پێبدات ساڵانە دوو یاریی نێودەوڵەتی دۆستانە ئەنجام بدات و یاریزان و راهێنەرانی کەتەلۆنیا هەمیشە پشکی خۆیان لە هەڵبژاردەکانی لارۆخا وەرگرتووە، تەنانەت زۆرجار فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە لایەنگری یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبار کراوە، کەچی ئەستێرە و کەسایەتییەکانی تۆپی پێی ئەو هەرێمەی ئیسپانیا بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یەکەم رۆژی مانگی داهاتوو دەکەن، بۆ ئەوەی لە ریفراندۆمی کەتەلۆنیا بەشداریی بکەن و چەندان جار بە ئاشکرا دەنگی بەڵێی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بەرزکردووەتەوە. بەڵام ئێمە لە کوردستان نەک هەر لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە کارئاسانیمان بۆ نەکراوە، بەڵکو دەیان جار ئەستێرەکانمان بانگهێشتی هەڵبژاردەکانی عێراق نەکراون، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن.
ئەگەر یاریزانێکی وەکو جیرارد پیکێ یان راهێنەرێکی وەکو گواردیۆلا بیەوێت کەتەلۆنیا سەربەخۆ بێت، ئەوا پێویستە ئێمە هەزار ئەوەندەی ئەوان بمانەوێت سەربەخۆ بین، چونکە ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئەوان بە سەربەخۆبوونیان بەشێکی هێزی تۆپی پێی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام ئامادەن لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێمەکەیان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئەو قوربانییە بدەن، کەچی ئێمە نەک هەر بە جیابوونەوەمان لە عێراق تۆپی پێمان دەگەشێتەوە، بەڵکو دەرگای زۆرمان لێ دەکرێتەوە و چیدیکە ناچار نابین لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریرییەوە لە تەنیشت ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق بەرز بکەینەوە و چەپڵە بۆ شێرەکانی رافیدەین لێبدەین.