ئیتالیا دوای هەڵبژاردن

Kurd24

دوای دەنگدانی 46 ملیۆن ئیتالی بۆ هەڵبژاردنی 630 کورسی پەرلەمان  315 کورسی  سێناتۆ لە ئەنجومەنی پیران، بە هیوای ئەوەی گۆرانکارییەکی بنەرەتی لە بارودۆخی ئیتالیا رووبدات، وڵاتەکەیان رزگاری بێت لەو قەیرانە سەختە ئابورییەی کە لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، کەچی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن به‌و شێوەیە نەبوو کە هاوڵاتییانی ئیتالیا چاوەرێیان دەکرد، چونکە هیچ پارتێکی بەشداربوو زۆرینەی تەواوی بەدەست نەهێنا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

بەمەش سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دووبارە  بووه‌وه‌. لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممە ئەو دوو پارتەی کە سەرکەوتنیان وەدەستهێنا ئەوانیش  (بزووتنەوەی پێنچ ئەستێرە) کە هونەرمەندێکی کۆمیدی بەناوی( پێپێ گریللۆ) سەرکردایەتی دەکات، بە یەکەم پارت لە قەڵەم دەدرێت و توانیان  (32%) ی دەنگەکان وەدەست بێنن، هەروەها هاوپەیمانی راستی ناوەڕاست کە پێک هاتوون لە سێ پارت ئەوانیش، پارتی (هەڤاڵبەندی باکوور) کە پارتێکی توندرەوە دژ بە کۆچبەر و پەنابەرانە لە ئیتالیا، لە لایەن (مەتێیۆ سەلڤینی) سەرکردایەتی دەکرێت، پارتەکەی ( سیلڤیۆ بێرلسکۆنی) (ئیتالیا بۆ پێشەوە)، پارتی ( برایانی ئیتالیا) خاتو جۆرجە مێلۆنی سەرکردایەتی دەکات، توانیان بەو هاوپەیمانێتیە، 37%ی دەنگەکان وەدەستبێنن. بەمشێوەیەش هیچ کام لەم پارتان ناتوانن کابینەی حکومەت بە تەنها پێک بهێنن، لەبەر وەدەست نەهێنانی زۆرینەی کورسی چ لە پەرلەمان چ لە ئەنجومەنی پیران.

ئەوەی جێگەی سەرسورمانە و چاوەرێ نەدەکرا شکستهێنانی پارتی دیموکرات بوو کە سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتالیا (مەتێیۆ رێنسی) سەرکردایەتی دەکرد، هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو لێکجیابونەوەیەی کە لە نێو خودی پارتەکەدا روویدا.

ئەو ئەنجامە کۆتاییانە بوونە هۆی نیگەرانکردنی ئیتالیەکان، چونکە دەزانن ماوەیەکی زۆر دەبێ چاوەروانبن بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانیەتی لە نێوان پارتە جیاجیاکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەرزی وڵاتەکەیان گەیشتۆتە رادەیەکی زۆر ترسناک کە کۆی گشتی گەیشتۆتە 2.8 تریلیۆن دۆلار، ئەمە جگە لە بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری کە گەیشتۆتە(٪12) لە هەموو ئیتالیا، کە بەشی زۆری لە خوارووی ئیتالیایە.

 جێگەی وەبیرهێنانەوەیە ئیتالیا ساڵانێکی زۆرە بە دەست سێ گرووپی چەتەی وەک ( مافیا و ئەندرانگەتە و کەمۆرا) دەناڵێنێ، کە توانیویانە بخزێنە نێو پارت و حکومەتی وڵاتەکەوه‌، ئەمە لەلایەک و لایەکی تریشەوە گەندەڵیش هۆکاری سەرەکی ئەو بارودۆخەیە کە ئێستا ئیتالیا تێیکەوتووە.

جێگەی ئاماژەیە کێشەی هاتنی بەلێشاوی کۆچبەر و پەنابەرانی نایاسایش بۆتە کێشەیەکی ئاڵۆز و سەخت لە وڵاتەکەدا، هەروەها نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم کێشەیە هۆکاری سەرەکی شکستهێنانەکەی پارتی دیموکرات بوو لە هەڵبژاردنەکە، کە لە بەرامبەر ئەمەدا توانی پارتە رەگەزپەرست و توندرەوەکەی ( پارتی هەڤاڵبەندی باکور) دەنگی زیاتر وەدەست بێنێ. هەوڵی کۆتایی بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژارنەکان دەمێنێتەوە سەر شانی سەرۆک کۆماری ئیتالیا( سێرجۆ مەتەرێللە)، ئایا هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان پارتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردەکەوێت یا نا؟ ئەگەریش  نا ئەوە دەبێت بۆ جاری سێیەم حکومەتێکی تێکنۆکرات پێکبهێندرێت تا کاتی گەڕانەوە بۆ سندوقەکانی دەنگدان.

شۆڕش عه‌زیز سورمێ / ئیتالیا