دەربارەی: نەتەوەی سەردەست و ئایین و نەتەوەی گچکە لە کوردستان

Kurd24

لەم دواییانە مافی ئایین و نەتەوە بەژمارە ئەندام کەم لە کوردستان (تورکمان، ئاشووری، کلدانی، عەرەب، یەزیدی، زەردەشتی، کاکەیی، دۆم...هتد) سەرلەنوێ بۆتە جێگای مشتومڕ، توێژەر و نووسەر و سیاسەتەمدار ناوە ناوە قسەی لەسەر دەکەن و تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئەم پرسە گرنگە باس دەکەن.

بەداخەوە هەندێکیان زۆر رەسیستانە بیردەکەنەوە و هیچ پەنجەرەیەکی ئازادی بۆ ئەوانەی بەنەتەوە کوردنین ناهێڵنەوە تا هەناسەیەکی فێنکی تێدا هەڵمژن.

ئەم پرسە لە سەردەمی حکومەت و ڕژێمەکانی پێشتری ئێراق لە کوردستان بوونی نەبوو، چونکە هەموویان دەتوانین بڵێین، وەک یەک دەچەوسانەوە و مافیان بە ئاشکرا دەخورا، دەگیران و دەگواسترانەوە، بەڵام لەپاش ڕاپەڕین، دەرگایەکی گەورە بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان کرایەوە، بە ئازادی بژین، بە زمانی خۆیان بخوێنن و قسەبکەن، مەراسیمی ئایینی خۆیان جێبەجێبکەن و دەزگای ڕاگەیاندنی خۆیان هەبی. لەگەڵ ئەوەش، ئەو مافانەی ئێستا بۆ ئەوان هەیە لەوانەیە تێر و پڕنەکات، چونکە نەتواندرایە خزمەتی هەموو لایەک وەک یەک بکرێ و دەرفەتی هاتنە پێشەوەیان وەک یەک بۆ بڕەخسێندرێ.

پرسی نەتەوەی گچکە لەڕاستیدا، دەمێکە پرسێكی نێودەوڵەتییە، چونکە لەو وڵاتانەی ژمارەیان کەمە یان هەرنییە، لەو وڵاتانەی تەنیا یەک میللەت و یەک ئایینی تێدا هەیە و دەژی، دیارە رژێمێکی دیکتاتۆر، کە رەگێکی قوڵی هەیە حوکمڕانی ئەو وڵات دەکا. بەداخەوە تا ئێستا لە زۆر دەوڵەت لە جیهان، هاوڵاتی نەتەوەی گچکە هەمان مافی هاوڵاتی نەتەوەی سەردەست یان گەورەیان نییە. زۆربەی کات ئەوان چینی ژێرەوەی کۆمەڵن، هەژارەکانی وڵاتن، ڕێژەی بێکارییان زۆرە، لە گەڕەکە کاولەکان دەژین و منداڵەکانیان خوێندن تەواو ناکەن.

بەگوێرەی هەندێک ئامار ئەو نەتەوانەی بە ژمارە کەمن و ئایین و زمانی خۆشیان هەیە، چەند هەزارێک دەبن و ژمارەی دانیشتوانیشیان هەتا یەک ملیارد و نیو دەڕوا. لێرە و بۆ ئەوانە، حکومەتەکان بەرپرسیارێتی گەورەیان لەسەرشانە مافی ئەوان بەیاسا بپارێزن، ڕێز لە دابونەریتیان بگرن و دەرگای ژیانێکی شایستەیان بۆبکەنەوە و جیاوازییان لەگەڵ نەتەوەی حاکم نەکەن و هەمان ماف و ئەرکیان لە کۆمەڵ پێبدرێ.

ئەم مافە ڕەگی کۆنە و زیاتر لە شەڕی یەکەمی جیهانی بەگەرمی باسی لێوەدەکرا. وڵاتانی رۆژئاوا لەوکات دروشمی: (بەرگریکردن لە مافی نەتەوە گچکەکان)یان بەرزکردەوە. هەر لەوکات و لەسەرەتای جەنگ تۆماس وودرۆو ویلسۆن Thomas Woodrow Wilson سەرۆکی ئەمریکا مەرسومی (مافی نەتەوە بچوکەکان و چارەی خۆنووسین)ی بڵاوکردەوە. لە مایسی 1916 ویلسۆن کەمێک دەستکاری مەرسومی پێشتری خۆی کرد و ئەمجارە نووسی: (کەمە نەتەوەکان مافی خۆیانە حکومەتێك بۆخۆیان هەڵبژێرن و لەگەڵی بژین). بەمشێوەیە بیرۆکەی (مافی چارەی خۆنووسین لە ناو چوارچیوەی وڵات) پەیدابوو. دواتر سەرۆکی ئەمریکا ناوەوەی بۆ ئازادی ڕەها لەدەرەوە گۆڕی، کە دەکاتە ئەوەی (هەر نەتەوەیەک بەئارەزووی خۆی شێوەژیانی سەربەخۆیی و حوکمڕانی خۆی هەڵدەبژێری). ئەو مەرسومەی Wilson، کە نزیکەی سەد ساڵ بەر لەئێستا نووسرا، بەداخەوە لە کاتی خۆی لە هەموو وڵاتێك جێبەجێ نەکرا. ئەم بەڵگەنامەیەی ویلسۆن لەلایەن هەندێک مێژوونووسان زیاتر وەک پروپاگەندە بۆ خۆسەپاندن و تەشەنەکردنی دەستەڵاتی ئەمریکا و نزیکبوونەوە لە گەلانی چەوساوە باس دەکرێ.

نەتەوەی کورد لە چوار دەوڵەت (ئێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) تا پێش ڕاپەڕین بەردەوام وەک کەمینە سەیردەکرا و لەزۆر مافی خۆی بێبەشکرا، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی مافی خۆی توشی ئەنفال و لەناوبردنی بەکۆمەڵیش بوو، بۆیە لەوکاتەی نەتەوەیەک، کە سەدان یان هەزاران ساڵە لە کوردستان دەژیت، جۆرە ژیانێك بۆخۆی هەڵدبژێری نابی دژی بووەستین و بە جوداخوازی لەقەڵەم بدەین. دەبی دەرفەتی کارکردن، هاتنەپێشەوە و خوێندن، وەرگرتنی کار لەبواری جیا جیا، بە هەموو کەسێک ئایینێک رەوا ببینین. دەبی دژی چەوسانەوەی دینی و ئێتنی و سیاسی بین، دەبی کەشوهەوایەکی ئارامیان بۆ دروست بکەین و خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. دەبی مافی هەموویان بە یاسا دابین بکەین و ئەو یاسایانە بنووسین، کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە. ئێمە ناتوانین، داوای ئازادی بۆ کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین و خۆشمان یەزیدی و دیان و تورکمانەکان بچەوسێنیەوە. جەواهیرلال نەهرۆ لە کتێبی (ئاوڕێک بۆسەر مێژووی جیهان)، جوانی لەسەر کەمالیستەکان نووسی، لەوکاتەی تازە هەردووک سەرکردەی شۆڕشی 1925 شێخ سەعید و دکتۆر فوادی لەسێدارەدا: (بینیمان تورکەکان، کە بەم دواییە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی خۆیان دەجەنگان کەوتنەوێزەی ئەو کوردانەی داوای ئازادییان دەکرد، چ سەیرە نەتەوەیەک لەبەرگریکردن لە نیشتیمانی خۆی بگۆڕیت بۆ هێڕشکردن و داگیرکردنی ئازادی ئەوانیتر). دەبی تێبگەین و لەناخەوە باوەڕمان بەوە هەبی، کە کوردستان وڵاتی هەموو ئەو کەس و نەتەوە و ئایین و مەزهەب و گروپانەیە، کە دەمێکە لێی دەژین یان تازە بۆیهاتوون. کوردستان ماڵی هەموو کەسە و کەسیش لێی میوان نییە و جێگای هەمووشی بە فراوانی تیدادەبێتەوە.