کورد و ریفراندۆم له ئێران
چل ساڵ به سه‌ر ریفراندۆمی کۆماری ئیسلامی له ئێران‌دا تێپه‌ڕی. له سه‌ره‌تای مانگی نیسانی 1979 دا خه‌ڵکانی ئێران به‌شداری ریفراندۆمێکی مێژووییان کرد. زۆرینه‌ی ره‌ها ده‌نگیان به سیستمێکی نوێی سیاسی دا به ناوی کۆماری ئیسلامی. به‌ڵام خه‌ڵکی کورد له‌و ریفراندۆمه‌دا به‌شداریان نه‌کرد و حیزبه کوردییه‌کان و که‌سایه‌تییه سیاسییه کورده‌کان ئه‌و ریفراندۆمه‌یان بایکۆت کرد.
کات و ناوه‌ڕۆک و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمه‌که هه‌موو خومه‌ینی بۆخۆی دیاری کردبوو که له ناوچه فارس و شیعه‌کان، به راستی رێبه‌ری کاریزمای شۆڕشی 1979 به دژی شای ئێران بوو.
ئه‌و کات ته‌نها حه‌وت حه‌وتوو به سه‌ر رووخانی شا دا تێپه‌ڕ ببوو، له ریفراندۆمه‌که‌شدا رێگه نه‌درابوو، که خه‌ڵک له نێوان بژارده جیاوازه‌کاندا یه‌کیان هه‌ڵبژێرن به‌ڵکوو ته‌نیا پرسیار کرا بوو که داخوا کۆماری ئیسلامیتان ده‌وێ یا نا.
واته له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ده‌نگدانه‌کان ته‌نیا نوسرابوو: کۆماری ئیسلامی؛ ئه‌رێ یا نا. ناوه‌که خومه‌ینی بۆخۆی دیاری کردبوو و هه‌موو حه‌وله‌کانی که‌سانی دیکه بۆ دیاری کردنی فۆرمێکی دیکه بۆ سیستمی سیاسی پوچه‌ڵ کردبوه‌وه.
زۆر که‌س پێشنیازییان دابوو، که خه‌ڵك بتوانن ده‌نگ به سیستمی کۆماری، یا کۆماری دیموکراتیک، یا ته‌نانه‌ت کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامیش بده‌ن، به‌ڵام خومه‌ینی پێداگری له سه‌ر پیشنیازی خۆی کرد و گوتی 'ته‌نیا کۆماری ئیسلامی و به‌س، نه وشه‌یه‌ک زیاتر، نه وشه‌یه‌ک که‌متر'.
خه‌ڵكیش به راستی به پێشوازی ریفراندۆمه‌که‌وه چوون و پێشوازیان له پێشنیازی خومه‌ینی کرد و کۆماری ئیسلامی سه‌رووی 98 له 100ی ده‌نگی هێنا، به‌ڵام له کوردستان ته‌واو رووداوه‌کان جیاواز بوون.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له سنه و له قوم دوو دانوستان هاوکات له نێوان نوێنه‌ری کورده‌کان و تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌کانی تاران به‌ڕێوه ده‌چوو، به‌ڵام هیچکامیان به رێکه‌وتنێک نه‌گه‌یشتن.
له لایه‌ک وه‌فدێک له تارانه‌وه به سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌قانی له سنه بوو زۆرتر به‌و مه‌به‌سته که کورد رازی بکه‌ن تا ده‌نگ به کۆماری ئیسلامی بده‌ن و وه‌فدێکیش به سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا شێخ عیزه‌دین له قوم بوو تا به‌شکم خومه‌ینی رازی بکه‌ن، که مافی کورد له سیستمی نوێی ئێران‌دا دابین بکرێ، به‌ڵام نه له سه‌ر ریفراندۆم و نه له‌سه‌ر مافی کورد رێکنه‌که‌وتن.
کۆماری ئیسلامی ده‌نگی هێنا و کورد زیانێکی سیاسی زۆری لێکه‌وت، به‌ڵام له مێژوودا تۆمار کرا که کورد بایکۆتی ریفراندۆمێکی کرد که هه‌م نادیموکراتیک بوو و هه‌م ئێستا، زۆرینه‌ی خه‌ڵكانی ئێران لێی په‌شیمان بوونه‌وه و کۆماری ئیسلامی حازر نیه دوای تێپه‌ڕ بوونی چل ساڵیش، ریفراندۆمێکی دیکه به‌ڕێوه ببا و هه‌ر بۆیه له لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به حکومه‌تێکی نادیموکرات ناسراوه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه، که بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك له ناوچه فارس و شیعه‌کان ده‌نگیان دا و کورد ده‌نگی نه‌دا؟ بۆ کورد له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌ره‌کی ئه‌وکاتی ئێران، که ره‌وتێکی ئیسلامی به رێبه‌رایه‌تی خومه‌ینی بوو نه‌که‌وت؟ و هاوکات چۆن بوو توانی له سه‌ر خاکی خۆی هاوده‌نگی ساز بکا و حیسابی سیاسی خۆی له باقی خه‌ڵكانی ئێران جیا بکاته‌وه به شێوه‌یه‌ک له ئێستا دوای چل ساڵ تازه خه‌ڵكانی ئێران هاتوونه‌ته سه‌ر قسه‌ی کورد؟
ره‌نگه زۆرکه‌س پێی ناخۆش بێ، به‌ڵام واقعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که ساڵی 1979 و ساڵانی پێشووتریشی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ئێران وه‌پێش هه‌موو بزوتنه‌وه چه‌پ و دیموکرات و ناسیونالیسته‌کان که‌وتبوو، هه‌ڵبه‌ت نه له کوردستان. هاوکات واقعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که ئیسلامی سیاسی له کوردستان بوونی نه‌بوو.
هه‌موو تێکۆشه‌ره سیاسییه‌کان، زیندانییه‌کان، رووناکبیران و خوێندکاره‌کان، ته‌بعیدییه‌کانی تاراوگه به گشتی هه‌موویان یا ناسیونالیست بوون یا چه‌پ بوون.
ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌دی موفتی‌زاده‌ش که دواتر بۆ ماوه‌یه‌ک دوای شۆڕش وه‌کوو ئیسلامیه‌ک ده‌رکه‌وت له ساڵه‌کانی پێش شۆڕش چالاکی ئیسلامی نه‌بوو و چه‌ند مانگ گیرانه‌که‌شی له 1964دا به خاتری نیزیکی له حیزبی دیموکرات بوو. واته وه‌کوو ناسیونالیستێک گیرابوو نه‌وه‌کوو چالاکێکی ئیسلامی.
ئه‌وه له حاڵێکدا بوو که به راستی له باقی ناوچه‌کانی ئێران ئیسلامی سیاسی زۆر به خێرایی سه‌ری هه‌ڵدابوو و له سێ ره‌وتی هاوته‌ریب و جیاوازدا چالاکیان ده‌کرد.
لایه‌نگرانی خومه‌ینی که‌سانێکی وه‌کوو خامنه‌یی و ره‌فسه‌نجانی که له زیندان دابوون، لایه‌نگرانی عه‌لی شه‌ریعه‌تی که زۆربه‌یان له بازنه‌ی موجاهیدین‌دا بوون و لایه‌نگرانی ئیسلامی رێفۆرمیستی که که‌سانێکی وه‌کوو میسباح و شه‌ریعه‌تمه‌داری رێبه‌ری ده‌کردن. که واته جه‌ریانی ئیسلامی به پێچه‌وانه‌ی کوردستان نه ته‌نیا له باقی ناوچه‌کانی ئێران بوونی هه‌بوو، به‌ڵکوو له سێ ته‌وه‌ری جیاواز و ته‌واوکه‌ری یه‌کتردا ریشه‌ی داکوتابوو.
له بیست ساڵ پێش شۆڕشه‌وه جه‌ریانه چه‌په کلاسیکه‌کانی وه‌کوو حیزبی توده و ناسیونالیسته‌کانی وه‌کوو به‌ره‌ی میللی له کزێیان دابوو و ساڵ به ساڵ لاوازتر ده‌بوون و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان نه‌مابوو.
چریکه کۆمۆنیسته‌کانیش هه‌رچه‌نده له نێوان چینی رووناک‌بیر و زانکۆیی‌دا لایه‌نگریان هه‌بوو، به‌ڵام خۆیان له قه‌ره‌ی خومه‌ینی و باقی ئیسلامییه‌کان نه‌ده‌دا.
له راستیدا رێکخراوی چریکه فیدایه‌کانیش ریفراندۆمی 'کۆماری ئسیلامی ئه‌ری یا نا' ی بایکۆت کردبوو، به‌ڵام له هیچ کوێی ئێران هیچ که‌س حیسابیشی بۆ نه‌کرد و ده‌نگیان دا به پێشنیازی خومه‌ینی.
ره‌وته غه‌یره ئیسلامییه‌کانی ئێران ره‌نگه بتوانن ناوه‌ڕۆک و دیموکراتیک بوونی ریفراندۆمه‌که ببه‌نه ژێر پرسیار یا به گشتی خومه‌ینی تاوانبار بکه‌ن، که ورده ورده جێ پێی خۆی خۆش کرد و به‌ڵێنه‌کانی ئه‌نجام نه‌دا، به‌ڵام ناتوانن بڵێن که خه‌ڵك له‌گه‌ڵ خومه‌ینی نه‌بوو.
خومه‌ینی به راستی رێبه‌ری شۆڕش بوو و ئه‌وه ته‌نیا کوردستان بوو، که جیاواز بوو له هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران.
له کوردستان خومه‌ینی رێبه‌رێ شۆڕش نه‌بوو به‌ڵکوو رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه و دیموکرات رێبه‌رایه‌تی شۆڕش و رێکخستنی خۆپێشاندانه‌کانیان به ئه‌ستۆ بوو و ناوه‌ڕۆکی شیعاره سیاسییه‌کانیان دیاری ده‌کرد.
له ته‌ورێز شیعار ده‌درا: بێده‌نگی هه‌ر موسڵمانێک، خیانه‌ته به قورئان، له سنه هاوار ده‌کرا: نان، خانوو، ئازادی. له تاران خه‌ڵك ده‌یانگوت ئیستقلال، ئازادی و کۆماری ئیسلامیان ده‌وێ له مه‌هاباد ده‌گوترا: دیمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان.
ده‌کرێ بڵێین چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ئێران خه‌ڵك له دوو جیهانی جیاوازدا ده‌ژیان. خه‌ڵكانی ئێران له جیهانی ئیسلامه‌تیدا ده‌ژیان و خه‌ڵكانی کوردستان خوازیاری جیهانی دیمۆکراسی و پێکه‌وه ژیانی ئازادانه‌ی گه‌لان و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون.
شیکردنه‌وه‌ی هۆکاری ئه‌و جیاوازیه قووڵه له نێوان تاران و کوردستاندا پێویستی به لێکدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی ره‌وتی سه‌قه‌تی مۆدێرنیته له ئێران‌دا هه‌یه و پێویسته ئه‌و دوو دژکرده‌وه جیاوازه‌ی که له کوردستان و له تاران به‌ره‌وڕووی ئه‌و مۆدێرنیته‌وه بوه‌وه، شیبکرێته‌وه. به کورتی جارێ ده‌کرێ بڵێین له سه‌ره‌تاکانی 1920 به‌و لاوه ئه‌و جیاوازییه ده‌ستیپێکرد و له كۆتاییه‌كانی 1970 دا دوو جیهانی سیاسی ته‌واو جیاوازی لێکه‌وته‌وه.