دەربارەی: خەو و هۆکانی خەولێنەکەوتن

Kurd24

K24 – هه‌ولێر:

ئێستا بە بەراورد لەگەڵ سەد ساڵ بەر لە ئێستا مرۆڤ بە جەستە کەمتر هیلاک دەبیت و کەمتریش کار دەکات، بەڵام زانیاری زیاتر و بە ڕوبار دەچێتە مێشک، مێشکیش ڕانەهاتووە هەمووی بەنەرمی وەربگریت و هەزمیان بکات. ئەم وەرنەگرتن و هەزمنەکردن و ئاڵوگۆڕییە، دڵەڕاوکێ دروست دەکات و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خەو و پشووودانەوە هەیە و بۆتە هۆ، مرۆڤ زیاتر بەئاگابێت، بەئاگابوونیش دەکاتە وەرگرتنی زانیاری زیاتر و پەیدابوونی هیلاکی و کاری زۆرتر بۆ مێشک.

پێشکەوتنەکان زۆر خێراتر دەڕۆن لەوەی مرۆڤ بتوانی هەزمیان بکات، ئەمەش هۆیەکی گەورەیە، بیری مرۆڤ بە ئاراستەی دیکە ببا، شەوانە نەتوانی بخەوی یان بەئاسانی خەوی بزڕێنی. کەسێکی بالغ بۆئەوەی تاقەتی کارکردنی بۆ ڕۆژی داهاتوو هەبێت، رۆژانە پێویستی بە ٦ - ٨ کاتژمێر خەو هەیە.

دوو جۆر خەو هەیە یەکیان بە زمانی زانستی پێیدەگوترێ خەوی خەوبینین – REM (Rapid eye movement). جۆرە خەوێکە مرۆڤ خەونی تێدا دەبینی. لەمجۆرە خەوە چاو بەخێرایی دەجوڵێت و مێشکیش لەهەمان حالەتی بەئاگا و نەخەوتن دایە. ئەمجۆرەیان خەوی سووکە و ئەو کەسانەی لەو حالەتە بەئاگادێن، هوشیارن و ماندووبوونیان پێوەدیار نییە. لە شەوێک چوار تا پێنج جار مرۆڤ دەکەوێتە ئەوحالەتە و قۆناغەکانی زۆر کورتن و لەسەرەتا و کۆتایی شەودان.

جۆری دووەم لە ٣٠ خولەک تا دوو کاتژمێر مرۆڤ دەچیتە خەوی قوڵ، کە بۆ هێنانەوەی وزە و لەشساغی زۆر پێویستە. پسپۆرانی دەروونی، خەوی چوار کاتژمێری یەکەم زۆر بەگرنگ بۆ مرۆڤ دادەنێن و لەوبڕوایدان ئەگەر دواتر کەسەکە بەئاگا بێیت و نەشخەوێتەوە، زۆر گرنگ نییە، چونکە ئەو تازە تێرخەوبووە. ئەگەر کەسێك شەوی یەکەم خراپ بنوێت و تێرخەو نەبیت، لە شەوی داهاتوو لەش قەرەبووی دەکاتەوە و باشتر و قووڵتر دەخەوی.

چەند هۆیەک هەن خەو دەڕەوێننەوە:

- دڵەڕاوکێ (سترێس)

- دوودڵی

- کارکردن بە شیفت

- منداڵ

ئەگەر زیاتر لە ٣٠ خولەک پاڵکەوتبیت و خەو نەچووبێتە چاوەکانت، باشە سەرجێگا جێبهێلیت و بازنەی خەوت بپچڕێنیت. ئەو شتانەی لەکاتی پاڵکەوتن بیرت لێدەکردنەوە یان خەوتیان زڕاندبوو، لەسەر پارچە کاغەزێک بیان نووسەوە و جارێکی دیکە بچۆوە سەرجێگات، ئێستا زووتر خەوت لێدەکەوی.

بۆئەوەی بەئاسانی خەوبچێتە چاوەکانت:

- لەو شوێنە بخەوە، کە کپ و بێدەنگە، تاریک و فێنکە

- هەوڵبدە هەموو رۆژەکان لەیەک کات بخەویت و هەڵبستیت

- چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن پشوبدە و هیچ مەکە

- پێش خەوتن تەمرین مەکە و قاوەش مەخۆوە

جۆرە تەکنیکێک هەیە لەماوەی یەک خولەک خەوت لێدەکەوێنی. دکتۆر Andrew Weill دەلێ ئەوەیان سڕکردنی سیستێمی ئەعسابە - nervous system

تەمرینەکان بەوجۆرەن:

زمانت بۆ سەرەوە بەرزبکەوە و لێیگەڕێ تا کۆتایی هەموو تەمرینەکە

١- هەناسەی درێژ بە دەم هەڵمژە و تا دەنگێکی شێوەی (وش)ی لێدێ

٢- دەمت دابخە و زۆر بەهێواشی بە لوت هەناس هەڵمژە و لەهەمان کات تا چوار بژمێرە.

٣- هەناسەکەت بگرە و تا حەوت بژمێرە

٤- ئێستا بۆ خاڵی دووەم بگەڕێوە و تا هەشت بژمێرە

٥- ئەم شێوەیە سێ جار دووبارە بکەوە هەرجارەی چوار جار هەناسە هەڵمژە

بەکارهێنانی ئەم مێتۆدە، پێویستی بە پراکتیک هەیە تا لێی رادێیت، لەوانەشە بۆ سەرەتا دڵت هەڵێنجی بێتێ، کە ئامانجی ئەم مێتۆدە نییە. باشە لەسەرەتا رۆژێ دوو جار تەمرین بکەیت. بۆنموونە لەوکاتەی تازە بەئاگا هاتوویت، هەروەها پێش ئەوەی بچیتە سەرجێگا و بخەویت. دکتۆر Andrew Weill لەوبڕوایەدایە، ئەم مێتۆدە کاردەکات، چونکە زیاتر ئۆکسجین دەچێتە ناو لەش و دەمارەکانی ئەعساب هێوردەکاتەوە. 

تێرخەوتن، دەکاتە ئەوەی مرۆڤ وشیارتردەبی، چوست و چالاک دەبی، تاقەتی هەزمکردنی کێشە و گرفتی زۆرتری دەبیت و رووشی خۆشتردەبی. خەولێنەکەوتن کێشەیەکی گەورەیە بۆ خەڵکێکی یەکجار زۆر.

هەردووک دکتۆری دەروونی سوید Samuel Lindholm  و  Fredrik Hillvesson کتێبێکیان نووسییە بە کوردی دەبێتە: (لە بێخەوی بۆ تێرخەوی: شەش هەفتە بۆ خەوی باشتر، وزەی زۆرتر و کوالیتێی ژیانی بەرزتر)، تێیدا باس لە پرگرامێک دەکەن، کە بە شەش هەفتە کەسەکە لە نەخۆشی نەخەوتن ڕزگاری دەبی.

هەردووک دکتۆر بۆ ئەوانەی کێشەی خەویان هەیە ١٠ ئامۆژگارییان نووسییە:

- هەبوونی تەوازن (بەڵانس) لە نێوان کار و خێزان و هەوڵبدە کاتی بۆش بۆخۆت پەیدا بکەیت. جیاوازی لەنێوان شوێنی کار و شوێنی پشودانت بکە

- ئامانجێکی واقعی بۆخۆت دابنێ، هیچ پێویست ناکا تۆ لە هەموو شتێک بزانیت، پێویست ناکا خۆت لەگەڵ خەڵکی دیکە بەراورد بکەیت

- هەوڵبدە کاتت زۆربیت و رۆژەکەت خەست و پڕ پلان مەکە. هەوڵدە کاتت بۆخۆت هەبی

- هیچ پێویست ناکات، زیرەکی خۆت پیشانبدەیت و توانای خۆت بۆ خەلکی دیکە بسەلمێنیت. بیر لەو شتانە مەکەوە، کە لە دەستەڵاتی تۆدانین، بیر لەوە بکەوە، کە دڵخۆشت دەکا

- مێشکت بە شتی بچووک خەریک مەکە

- بیر لە خەونەکەوتنت بکەوە، کە چ شتێ قەلەقت دەکات و چۆن لەم حاڵەتانە رزگارت دەبی

- باس لەو شتانە بکە، کە تۆ ئارەزووت لێیەتی و هەستی پێدەکەیت

- رۆژانە بەلای کەم ٣٠ خولەک پیاسە بکە. ئەگەر لەکات و ساتی خۆی پیاسەکە ئەنجام بدەیت، کاریگەری باشتر دەبی

- خواردنی باش بخۆ و بایەخی زۆریش بە نانی بەیانیان بدە. نانی نیوەڕۆ و ئێوارانیش هەوڵبدە لەکاتی خۆی بخۆیت و خواردنەکانیش بگۆڕە. هەوڵمەدە هەموو بەیانیێک هەمان خواردن بخۆیت

- هەوڵبدە زۆر خۆت هیلاک نەکەیت و رۆژانە پشووی کورت کورت وەربگرە و چالاکی کۆمەڵایەتیش زیاد بکە.