کەمێك لەسەر ئەخلاقی ڕاگەیاندن لەکاتی شەڕ

Kurd24

نووسین لەسەر ئەخلاق گرانە و بەرپرسیارێتیێکی گەورەشە، بۆ کەسێك ئەگەر هیچ یان کەم لەم لایەنە گرنگەی ڕاگەیاندن شارەزایی هەبێ، بەڵام ئەم گران و بەرپرسیارێتییە لە کوردستان هیچ نەبۆتە ترس یان ڕەواندنەوەی رۆژنامەنووس و بەرپرسانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بۆئەوەی وردتر و جوانتر کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕێزیان زیاتر بۆ جوانکردنی دەزگاکەیان هەبێ.

گەشتێكی خێرا بە ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکان و لکەکانی ڕاگەیاندنی کوردی پیشانی دەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێتیکی ڕاگەیاندن دەگەن یان بەجوانی لە کاتی ئەنجامدانی پیشەیان پەیڕەوی دەکەن، زۆر کەمترە لەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە یان هۆشمان بۆی دەچی.

ئێتیك وەك لکێك لە زانستی فەلسەفە، ڕێسا و چوارچیوەکانی بە ڕوونی بۆ هەموو کەس دیارنییە و بە ئاسانی نابیندرێن و هەستیان پێناکرێ، چونکە زۆر تەنك و وردە و پەیوەندی بە ناخ و تێگەیشتنی رۆژنامەنووس هەیە لەگەڵ ئەوەش، ئەوەی بەلای رۆژنامەنووسێك لادانە لە ئێتیك، لەوانەیە بەلای رۆژنامەنووسی دیکە هیچ لادان نەبێت، بەهەمان شێوە ئەوەی بەلای دەزگایەکی ڕاگەیاندن لادانە لە ئێتیکی راگەیاندن لەوانەیە بەلای دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاندن هیچ لادان نەبێت. هەبوونی ئەم جیاوازییە زۆر و کەمانە لە وڵاتی جیا جیا و کوردستان، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژینگەی کار و ژیان و ئاستی وشیاری وەرگر و نووسەر و بەڕێوەبردنی سیستێمی حوکمڕانییەوە هەیە.

ئەگەر بەخێرا چاوێك بە مێژووی جەنگی دووەمی جیهان و ڕاگەیاندنی ئەو سەردەم و قۆناغ بخشێنین دەبینین، لە تەواوی وڵاتانی بەشداربوو یان تێوەگڵاو یاسا و ڕێسای تایبەت بە ئێتیکی ڕۆژنامەگەری هەبوون، کە چاودێری راگەیاندنیان پێدەکرد و ئازادییان کەم تا زۆر پێ خەفە کردبوو. هەبوونی ئەم یاسا و ڕێسایانە لە هەردووك شەڕی کەنداو لە ساڵەکانی 1991 و 2003ش بە ئاسانی بیندرا و چوارچیوەی کارکردن بۆ پەیامنێرانی جەنگ لە لایەن زلهێزەکانەوە بە شێوەیەك دیاری کرابوو، کە رۆژنامەنووس ڕێگای پێنەدەدرا بە ئارەزووی خۆی بۆ بەرەکانی جەنگ بچێ و لە شێوەی زندی گرتە و وێنەکان بگوازێتەوە و لە رادیۆکان قسەبکا. بەداخەوە حکومەتی کوردی و وەزارەتی پێشمەرگە زۆرکەم یان هیچ سوودیان لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە بۆ چۆنیێتی ڕووماڵکردنی هەواڵ و زانیاری لەبەرەکانی جەنگ دژ بە ئیرهاب وەرنەگرتووە، بۆیە جۆرە بەرەڵاییەك لە ڕاگەیاندنی کوردی هەیە ئەوسەری دیارنییە.

زیاد لە نیوەی رۆژنامەنووس - پەیامنێرانی جەنگ سەریان لێشێوایە و نازانن چۆن کاربکەن، زۆری دیکەش لەژێر پەردەی پاراستنی بێلایەنی، لە شەڕێکی گەورەی دژ بە ئیرهاب، هەڵەی گەورە دەکەن، بەتایبەتیش لەوکاتانەی کەسی رۆژنامەنووس رێگای بەخۆی دەدا وشەی (کوشتن) بۆ پێشمەرگە و هاوڵاتی و تێرۆریستێك وەك یەك بەکار بێنی، لەکاتێکدا لە مەدرەسە و فەرهەنگی کوردەواری دەمێکە شەهید بۆ کەسانێ تێکۆشەر و بێتاوان و گیانفیدا بۆ وڵات بەکار دێ... ئەم سەرلێشێوانە کەریگەری خراپی ڕاستەوخۆی لەسەر رۆژنامەنووس هەبووە و بەسەر دوو بەرە دابەشی کردوون. بەرەیەك پیشاندانی وێنە یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێکی تێرۆریست، کە بە بەرنامە ویستوویەتی چەند رۆژنامەنووسێك لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی شاری هەولێر (ڕووداو) شەهید بکا و ئاژاوە لە کوردستان بنێتەوە و ژینگەیەکی هێشتا قۆڕتر لەوەی ئێستا هەیە بۆ رۆژنامەنووسانی کورد بخولقێنێ، بۆئەوەی لەودیو، تەنیا بەخۆی لەگەڵ کۆمەڵێك کیژی گەنج و شازادەی زۆرجوان (حۆری) شەوانە خەریکی بەزم و خواردنەوەی شەرابی تەهوور بێ، بە لادان لە ئێتیکی ڕاگەیاندن لەقەڵەم دەدەن و ئەوانەی دیکەش بە پێچەوانەوە هیچ بە لادان لە ئێتیکی ڕاگەیاندن لە قەڵەمی نادەن، بەڵکو پیشاننەدان و ئاشکرانەکردنی ڕووی ڕاستەقینە و ڕەشی تێرۆریست بە خۆدزینەوە لە ئەرکی نیشتیمانی و بەرپرسیاریێتی بەرامبەر بە کۆمەڵ وڵات بە لادان لە ئێتیکی ڕاگەیاندن لە قەڵەمی دەدەن.

لەوانەیە پیشاندانی دزێکی بچووك لە شاشەی تەلەفزیۆن ڕەوا نەبێت و لادانبێت لە ئەخلاقی ڕاگەیاندن و ببێتە شەمەزاری بۆ ئەندامانی خانەوادەکەیان، بەڵام لەوکاتەی وڵات لەگەڵ پیسترین ڕێکخراوی ئیرهابی (داعش) لەشەردابێ، ناچاردەبێ هانا وەبەر هەندێك مێتۆد ببا، کە لە کاتی ئاشتی هەربیریشی لێناکرێتەوە.

لەم کاتە ناسکەی کوردستان، رۆژنامەنووسانی کورد دەبی وڵاتپارێزبن و ئەو شەڕە ناهەق و ناڕەوایەی لەم ساڵانەی دوایی بەزۆر بەسەر کورد سەپێندراوە، بە شەڕی خۆیان بزانن، نەك شەڕی حکومەت و پارتی و یەکێتی... رۆژنامەنووسانی کورد، دەبی ئەوەش بزانن، پەیڕەکردنی ئێتیکی ڕاگەیاندن لە کاتی شەڕ و ئاشتی نەك تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو جیهان زۆر جیایە.