ڕاگەیاندی کوردی – ڕاگەیاندنی حزبی

Kurd24

راگەیاندنی کوردی، ڕاگەیاندنێکی حزبییە، بۆیە لەجیاتی بە ئەرکی سەرشانی ڕاگەیاندنی خۆی هەڵبستێت و کاری راگەیاندن بۆ گشت بکا، زیاتر کاری گەیاندنی ڕا و پەیامی حزب دەکا. ئەمجۆرە ڕاگەیاندنە لەهەر شوێن و وڵاتێک بێت، بێکاریگەر و سڕ و سارد و نەخۆشە، هیچ هەنگاوێک بۆ چاکردنی سەرناگرێ و سەرکەوتونابێ، ئەگەر حزب نەیەوێ، یارمەتی نەدا یان لە پشتییەوە نەبێ.

لە 20 ساڵی ڕابردوو زۆر ڕێگای باش و تازە لە کوردستان تاقیکرانەوە، خولی زۆر و بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم کرانەوە، دەیان توێژیەنەوە نووسران، دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرا گفتوگۆیان لەسەر کرا، دەیان کتێب لەسەر ڕاگەیاندن نووسران و هێشتا زیاترش لە زمانە زیندووەکانی جیهان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدران، هەزاران کادری ئەکادیمی لە بەشەکانی ڕاگەیاندن پێگەێندران، دیسان ڕاگەیاندن ئەو کاریگەرییەی نەبوو و نییە، کە هەموو خەڵک چاوەڕێیەتی، ئەو ئەنجامەی نەبوو و نییە، کە ئێمە یان جەماوەری کورد ڕازی و تێربکا.

یەک لە کەموکورتی یان برینی قووڵ، کە ئێمە تا ئێستا وەک پێویست هەستمان پێی نەکرد و لەکاتی خۆی تێی نەگەیشتین، حزبیبوونی تۆخی ڕاگەیاندنی کوردی بوو. حزبیبوونی ڕاگەیاندنی کوردی بە ئاسایی وەردەگیرا و وەک زەرورەتێکی مێژوویی لەکاتی خۆی لەدایک بوو، چونکە کورد خۆی و بزوتنەوەی کوردایەتی و نیشتیمانی، لە ناوەوە و لە دەرەوە ئەو پشتیوانییەی لێنەکرا، کە چاوەڕێ دەکرا، بە قۆناغێکی هەستیار و ناسک دەڕۆیی و بەردەوام هەڕەشەی لەناوچوون نەک تەنیا لەسەر شۆڕش و پێشمەرگە، بەڵکو لەسەر نەتەوەی کورد پێشبینی دەکرا، بۆیە هەزمکردنی راگەیاندی حزبی یان پشتگیریکردنی حزب بۆ هەبوونی ڕاگەیاندنی خۆ، زۆر بە ئاسایی وەرگیرا و لەناو جەماوەر بە گەرمی پێشوازی لێدەکرا، بەتایبەتیش پاش ئەوەی هەموو لایەک ئەو فاکتەیان لە مێژووی رۆژنامەگەری بینیبوو، کە کورد تاکە میللەت نییە لە جیهان، ڕاگەیاندنی حزبی خۆی هەبی، هەرچەندە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، حزب هێواش هێواش رۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان بەرەو جەماوەریبوون دەبرد و جلی حزبییان لەبەر دادەکەند، کەچی لای ئێمە تا پەنجاکان راگەیاندنی کوردی بە ئەهلی بەناوبانگە و لەگەڵ دەستپێکردنی خەباتی نهێنی و شۆڕشی چەکداری، ئاڕاستەی گۆڕدرا و راگەیاندنی ئازاد و بێلایەن یان ناحزبی نەما. نەمانی راگەیاندنی ئازاد و بێلایەن، لەراستیدا پەیوەندی بە ژێردەستی کوردەوە هەبوو، بە داگیرکردنی کوردستانەوە هەبوو و کورد خۆی بەرنامەی دانەڕشت و بڕیاری لەسەر گۆڕینی ڕاگەیاندن بۆ بەحزبیبوونی خۆی نەدا، بەڵکو حکومەتی ناوەندی یان حکومەتەکانی ناوەندی زیاتر ڕێگایان بە کورد نەدا خاوەن دەزگای ڕاگەیاندنی تایبەتی خۆی بێت، ئێزگەی ڕادیۆی سەربەخۆی هەبێت.

ئێمە باشتر لەو تێڕوانینەی سەرەوە دەگەین، ئەگەر چاوێک بە مێژووی حکومەتەکانی شەست ساڵی ڕابردووی ئێڕاق بخشێنین، تێدەگەین هیچ لەوان ئەو ئازادییەیان بە گەلانی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی نەدا، ڕاگەیاندنی ئازادی خۆیان هەبێت، چونکە ئەوان لە ڕێگای هەڵبژاردن و پڕۆسەیەکی عادیلانە دەستەڵات و حکومەتیان وەرنەگرت، لە وشەی هەق دەترسان و ڕای جیایان بۆ هەزم نەدەکرا. بینیمان لە ئەنجامدا، تەواوی گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەهلی یان ناحزبی داخران و ئاڕاستەی راگەیاندن بۆ حزبیبوون گۆڕدرا.

زەمینەیەکی ناسک و مشەوەش لەدوای ڕاپەڕین بۆ ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان هاتە پێش، لە بێ بەرنامەیی، قەت نەتواندرا ئەو سوودەی لێوەربگیرێ، کە کورد چاوەڕێی دەکرد. حزبیبوونی ڕاگەیاندن لەجیاتی ئاراستەی دیکە وەربگرێت و زیاتر بەرەو نیشتمانیبوون بچێ، زیاتر بۆلای حزب شکایەوە، رەقابەی تایبەت و خودی لەسەر رۆژنامەنووس زیاد کرد، کە ناڕاستەوخۆ ڕاگەیاندنی کوردی خەفە کرد، لە پێشکەوتن سستی کرد و دووری کردەوە. لەلایەکی دیکە زۆربەی ئەو کادرانەی خەریکی نووسین بوون بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە بنەڕەتدا نووسەر و شاعربوون و لە ڕاگەیاندن دووربوون، کە ناڕاستەوخۆ دەکاتە دروستکردنی مەدرەسەیەکی خراپی ڕاگەیاندن، 27 ساڵ بەدەستییەوە دەناڵێنێ و نەیتوانیوە خۆی ڕاست بکاتەوە.

ئەم هۆیانەی سەرەوە بوونە یارمەتی، کورد نەتوانی ڕیفۆرم لە ڕاگەیاندن بکا، هەوڵەکان سەرکەوتوونەبن، چونکە ڕیفۆرم و گۆڕانکاری و بەجەماوەریبوونی ڕاگەیاندن لە دەستەڵاتی رۆژنامەنووسدانییە و حزب بڕیاردەدا، چ لە رۆژنامەکان چاپبکرێ، چ لە شاشەکان پیشانبدرێ، چ لە رادیۆکان ببیسترێ و لە ماڵپەڕە ئێلیکترۆنییەکان بڵاوبکرێتەوە. دەستەڵاتی رۆژنامەنووس و سەرنووسەر یان بەڕێوەبەر سنووردارە. ڕاستە، رۆژنامەنووس دەتوانی هەواڵ بەجوانی بنووسی، گۆشە و گوتاری باش بنووسی و سەردێری جوانی بۆدابنێ، بەڵام ئەوانەی سەرەوە بێگومان بەشناکەن و پەیوەندییان بە ئازادی و لایەنی ئێتیکی ڕاگەیاندن نییە، باس لەوە هەرناکرێ، کە رۆژنامەنووسی حزبی، کادرێکی حزبە و حزبییانە بیردەکاتەوە و لە ڕوانگەی حزبەوە بیرۆکەی دادەڕێژی، کە هەموویان بەیەکەوە خزمەت بە ئایدیا و پرەنسیپەکانی حزب دەکەن.

هەوڵێک لەئارادایە و دەیەوێ ڕاگەیاندنی کوردی چاتربکا، بە جەماوەری بکا، خوێنەر زیاد بکا، بەڵام ئەزموون پیشانی دەدا، بەردەوام لە دەرگای هەڵە چووینە ژوور، ڕێگای ناتەواومان بۆ چاکردنی گرتۆتەبەر.

لەراستیدا، بۆئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی چابکرێ، دەبی بزانین، لە ڕێگای وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەت هیچ ناکرێ، بەڵکو دەبی لە ڕێگای مەڵبەند و لقەوە هەوڵی چاکردنی ڕاگەیاندنی کوردی بدرێ. لە دوای لق و مەڵبەند، دەبی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ڕازیبکرێ، ڕەزامەندی لە سەرۆک یان سکرتێڕ بۆ چاکردنی ڕاگەیاندن و ڕیفۆرم لە راگەیاندنی کوردی وەربگیرێ، چونکە ئەوانن خاوەنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەوانن سەرنووسەر و بەڕێوەبەر بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان دادەنێن، هەر ئەوانیش بودجە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیاری دەکەن، بۆیە ئەگەر رەزامەندی ئەوان وەربگیرێ، هاتنەخوار بۆچاکردنی کارێکی زۆر ئاسانتر دەبی. دەبی ئەوەش بنووسرێ لە کۆمەڵگای کوردەواری کێشە و گرفت تەنیا لە ڕاگەیاندن نییە و هەموو جومگەکانی ژیانی گرتۆتەوە...