پانۆڕامای راپرسی لە 25ی ئەیلول لە شاری هەولێر

Kurd24

من سەیری تەلەڤزیۆن دەکەم و دەبینم: مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام دەنگیدا، د. نەجمەدین کەریم لە کەرکووک دەنگیدا، قوباد تاڵەبانی لە سولەیمانی دەنگیدا، مەسرور بارزانی لە پیرمام دەنگیدا، دەرباز کۆسرەت رەسول، سەلاحەدین بەهائەدین، عەلی باپیر دەنگیاندا، کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێم، لە کەرکووک دەنگیدا و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خانەوادەکەی لە هەولێر بەیەکەوە دەنگیاندا. دایە عائیشە (دایکی شەهیدان) دایکی سێ شەهید لە سۆران، لە هەموو دەنگەکان زیاتر دڵخۆشی کردم و لە چاوی ئەو ئومێد بۆ داهاتووێكی گەش و ڕووناک دەبیندرا.

هەموو لایەک دەزانێت، دەنگدانی 25ی ئەیلول، دەنگدانێكی ئاسایی نەبوو و زیاتر لە جەژنی نیشتمانی گەورەی کوردی دەکرد، بۆیە خەڵکیش بە جلی ئاسایی بۆ ئەو دەنگدانە نەچوون. هاووڵاتییانی کوردستان، جلی جوانیان پۆشیبوو و من بینیم، لەپێش بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر، گەنجێکی هەولێری، مانگایەکی سەربڕی و بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردی کردییە قوربانی، لە خورماتوو گەنجێکی دیکە نوقڵی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرد، لە کەلار گەنجێک لەم ڕۆژە ژنی گواستەوە و بەیەکەوە لەگەڵ بووک بۆ دەنگدان چوون، لە داقوق کورد و عەرەب بەیەکەوە شاییان دەکرد دەهۆڵ و زوڕنا لێدەدرا.

کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، بە جوانی و بە ئاستێکی بەرز و پسپۆرانە رووماڵی ئەم رووداوە خۆشەیان دەکرد، جگە لە شارە گەورەکانی کوردستان (هەولێر، کەرکووک، دهۆک، سولەیمانی، هەڵەبجە) لە زۆر شارۆچکەش (شەقڵاوە، سۆران، کەلار، چۆمان، ڕانیە، خانەقین، هەریر، ئاکرێ، شێخان، زاخۆ...هتد) بە شێوەیەکی زندی، پرۆسەی دەنگدان لە میدیاکان دەگواسترایەوە. هەستم دەکرد، رۆژنامەنووسان ئەمڕۆ جوانتر قسەیان دەکرد، باشتر خەڵکیان دەدواند، پرسیاری بەجێیان دەکرد و وەڵامی دروستییان وەردەگرت. لەراستیدا، هەڵمەتی راپرسیش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو بۆ پەرلەمان، جوانتر و پاکتر بەڕێوەچوو. بریندارکردن نەدەبیندرا، هەڵگرتنی ئاڵای حزبی قەدەغە کرابوو.

ئەم هەڵبژاردنە نەرم بەڕێوە چوو، گەرموگوڕ بوو و تەواوی کوردی لەژێر یەک چەتر کۆکردەوە، پرسی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ قۆناغێكی باڵا برد و بۆجاری یەکەم تێگیەشتین، سەرکردەکانی جیهان بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کورددان، بەڵام کاتی ئەنجامدانی ڕاپرسییان بە گونجاو نەدەزانی... دانپێدانان بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی خەبەرێکی خۆشە و دەتواندرێ لە داهاتوو بۆ گفتوگۆ سوودی لێوەربگیرێ.

من هێشتا لەماڵەوەم و کاتژمێر نزیک دەی بەیانییە. ئەوەی لە شاشەکان دەبینم، دەبی بەچاوی خۆشم لەناو شار بیبینم. من بۆ بنکەی تایبەت بە رۆژنامەنووس و پەیامنێران دەچم و بێگومان لەوێندەر دەنگی خۆم بە (بەڵێ) دا و ناشمەوێ لەم ڕۆژە پیرۆزە، دوای دەنگدان زوو بۆ ماڵەوە بگەڕێمەوە... یەکجار بە دەوری شەقامی سەد مەتری بە ئۆتۆمبیلەکەم سوڕامەوە، یەکجار بە دەوری شەقامی شەست مەتری سوڕامەوە، پیاسەیەکم بە ناو شاری هەولێر کرد، خەڵک کەم لەدەرەوەن، بازاڕ چۆڵە و قەیسەریش داخراوە.

جۆشوخرۆشی خەڵکم بەچاوی خۆم بینی و تێگەیشتم، کوردستانییان بەشداری لەو ڕاپرسییە بۆ ئازادی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەیانەوێ، نەک لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی کورد یان کەسێکی خۆشەویستیان داوایان لێکردوون.

ئەوان دەنگ دەدەن، چونکە خۆیان دەیانەوێ لە پرۆسەیەکی مەزنی مێژوویی بەشداربن و نایانەوێ شەرمەزاری مێژووی کورد و کوردستان بن. راستە هەڵمەتی ڕاپرسی جوان و دروستبوو، بەڵام لەوبڕوایەدام، ئەگەر هیچ هەڵمەتێکیش لەئارادا نەبووایە، دیسان خەڵک بە گەرموگوڕی بەشدارییان تێدا دەکرد، ئاخر گرانە تۆ کورد بیت، مێژووێکی ڕەشت لەگەڵ وڵاتێکی فاشل و حکومەتێکی دیکتاتۆر هەبیت، گەلەکەت ئەنفال کرابیت، 4500 شار و شارۆچکە و لادێت وێران کرابیت، لە بچووکترین مافی خۆت بێبەشکرابیت و وەک میوان و دوژمن و هەڕەشە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب سەیر بکرێیت و تۆش بە نەخێر وەڵامی پرسیاری: ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ بدەیتەوە.

ڕاپرسی 25ی ئەیلولی 2017 بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە هێمنی تەواوبوو. گەلانی کوردستان بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵسان و بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا. ئێستا کاری گران و خەباتێکی دووروودرێژ چاوەڕێی بەرپرسانی باڵای هەرێم دەکا، کە چۆن بتوانن لە بینین و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، زیرەکانە بەشداربن و ئەو ماف و هەقانە وەربگرنەوە، کە سەدان ساڵە لێیان داگیر کردووین.