تکایەک لە یانەکان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان

Kurd24

وەرزشی کوردستان وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکەی کوردستان دەست بۆ هەر لایەکی ببەی وێرانەیەکە بۆ خۆی، ئینجا تۆپی پێی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆری بۆ خەرجکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی باش بەڕێوە نەبردراوە، ئەگەر تا بەیانی کەموکوڕییەکانتان بۆ بژمێرم تەواو نابن، لەبەر دۆخی ئێستای کوردستان واز لە کەموکوڕییە گەورەکان و بێسەروبەرییە بێ شومارەکان دەهێنم، باسی بابەتێکی سادە و ئاسانتان دەکەم و پێشنیازێکیش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و یانەکان دەکەم.

 

لە دوو وەرزی رابردووەوە لە کوردستان24 خەریکی رووماڵکردنی خولەکانی کوردستانین، پڕۆژە و بیرۆکەمان زۆرن، بەڵام دۆخی نەخوازراوی کوردستان زۆربەیانی لە بیر بردووینەتەوە، بەڵام هەندێک شت هەن نە پارەی زۆریان دەوێت نە کاتی زۆریان دەوێت، تەنیا پێویستی بە تۆزێک درککردنە بە شتەکان.

مەعقول نییە تاکو ئێستا خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکەی کوردستان لۆگۆیان نییە، لە ماوەی دوو وەرزی رابردوو لە کوردستان24 لە هەموو گرافیک و دیزاینێک بە ناچاری لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانمان بەکار دەهێنا، لە هیچ وڵاتێکی دونیا نییە لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لۆگۆی خولەکەشی بێت، ئێمە خۆمان بە عێراق نادەین و تۆپی پێی ئەوانمان پێ دواکەوتووە، بەڵام ئێستا بڕۆ لە گووگل سێرچێک بکە و دەبینیت لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ لۆگۆی خولی نایابی عێراق جیاوازە، ئینجا لۆگۆی پرێمەرلیگ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگڵاند، لۆگۆی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لۆگۆی سێریا ئەی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتالیا و لۆگۆی خولی تورکیا و لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش بە هەمان شێوە لە یەکتری جیاوازن.

پیشنیاز بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و لێژنەی پێشبڕکێکانی ئەو فیدراسیۆنە دەکەم لەو چەند رۆژەی ماوە پیش ئەوەی خولی نایابی کوردستان دەستپێبکات، لە رێگای هەژماری فەرمی فیدراسیۆنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەوازێک بکەن و داوا بکەن ئەو کەسانەی کاری دیزاین دەکەن لۆگۆیەکی تایبەت بۆ خولی نایابی کوردستان دروست بکەن و باشترینیان دەستنیشان بکەن و ئەگەر خەڵاتێکی بچووکیش بێت، بە خاوەنی بیرۆکەی باشترین دیزاینی بدەن، دواتریش بەفەرمی بە لۆگۆی خولەکەی بناسێنن، بە دەزگاکانی راگەیاندنی بدەن و لەمەودوا لە دیزاینەکان و یاریگەکان و مەراسیمە فەرمییەکانیش بەکاری بهێنن، سەرەتا ئەگەر لۆگۆیەکەش نایاب نەبێت، بەلایەنی کەم با وەکو هەنگاوێکی سەرەتایی خولەکە لۆگۆیەکی هەبێت و دواتر دەکرێت لە وەرزەکانی داهاتوو بگۆڕدرێت، دەکرێت بۆ خولی پلە یەک و دووش ببنە خاوەن لۆگۆی خۆیان.

ساڵی رابردوو لە کاتی ئامادەکردنی یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەی (گێمی سێیەم) کە تایبەت بوو بە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان، یەکێک لەو کوڕە پاکستانیانەی هەفتانە گرافیکەکانی بۆ ئامادە دەکردین پێی گوتم 'مەعقولە یانەکانی کوردستان ئەو هەموو پارەیە خەرج دەکەن تاکو ئێستا لۆگۆیەکیان نییە بە لۆگۆ بچێت و لە سەدەی بیست و یەکەم دەژین، کەچی هێشتا نەیانتوانیوە لۆگۆیەکی باش بە کوالیتییەکی بەرز دروست بکەن'، بێدەنگ بووم و هیچ وەڵامێکم نەبوو، بەڵام قسەکەی راستە، یانەکان بە ملیۆنان دینار لە شتی بێسەروبەر خەرج دەکەن، کەچی هەندێکیان هەیە لۆگۆیەکانیان ئەوەندە بچووک و ناشرینن، حەیفە پێیان بگوترێت یانە.

ئەگەر میدیاکان گرنگی بە تۆپی پێ و وەرزی ناوخۆ نەدەن، سەرۆک و کارگێڕ و راگەیاندنی یانەکان رەخنەیان لێدەگرن، کەچی تاکو ئیستا درکیان بەوە نەکردووە لۆگۆیەکی جوان و شیاو بۆ یانەکانیان دروست بکەن، لە کاتێکدا هەزاران گەنجی دیزاینەری بە توانمان هەیە و دەتوانن بە 100 دۆلار ببنە خاوەنی لۆگۆیەکی شاز.