نه‌ده‌بوو ئه‌م وتاره بنووسم!
شه‌قامه‌كانی به‌غداد له هی قوم و مه‌شهه‌د ده‌چن، پڕن له (په‌یكان و پڕاید و سایپا)ـی ئێرانی، به دیواره‌كانی شاریشه‌وه وێنه‌كانی خامنه‌ئی و خومه‌ینی و به‌یداخه‌كانی یاحسێن و یائه‌با عه‌بدوڵڵا و یازه‌هرا هه‌ڵواسراون، جاران به به‌شێكی ئێرانیان ده‌گوت عێراقی عه‌جه‌م، كه‌چی ئێستا هه‌مووعێراق بووه‌ته ئێرانی عه‌مامه و ئاخوند! كوردی سه‌د پارچه‌یی و ناسازیش له نێو ئه‌م زه‌لكاوه‌دایه، زه‌لكاوی عێراق، عێراقی موه‌حه‌د!
خه‌ڵكی كوردستان هه‌موویان ده‌زانن، كه باری ئابووری هه‌رێمه‌كه‌یان خراپه، هه‌موویان ده‌زانن قه‌یرانه، هه‌موویان ده‌زانن كێشه هه‌یه و هه‌مووشیان یه‌كه به‌یه‌كه‌ی كێشه‌كانیان له‌به‌ره، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌ن كه نوسه‌رێك وتارێكی نووسی، سه‌رله‌به‌ری ئه‌وشتانه‌یان بۆ دووباره بكاته‌وه، ئه‌وان قه‌ت بێتاقه‌ت نابن له دووباره كردنه‌وه‌ی شته‌كان، تێبینی كورد ده‌كه‌م كه نه‌ته‌وه‌ی خۆمه، هه‌موویان هه‌وڵ بۆ باسكردنی كێشه‌كانیان ده‌ده‌ن وهه‌رگیز چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ناڵێن، گه‌رنه‌شیزانن به‌دوا‌یدا ناگه‌ڕێن!
لێره هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه كێشه‌ی هه‌یه، به‌ڵام هیچ كه‌س نایه‌وێت بزانێت ئه‌وكێشانه به‌چی چاره‌سه‌رده‌بن، ئه‌وان بۆهه‌ركێشه‌یه‌كی بچووك بیانوویه‌كی مه‌زنیان هه‌یه، دیارترین بیانووه مه‌زنه‌كانی كورد بریتییه له (حوكمڕانییه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی خراپه!)، جا ئیدی تۆ بڵێ تكایه گڵۆپی زیاده‌ی ته‌والێته‌كه‌تان بكوژێنه‌ره‌وه، نایكوژێنێته‌وه و ڕێك كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به خراپی حوكمڕانییه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتییه‌وه، كابرا له شه‌قامێكی شه‌ستمه‌تری به خێرایی سه‌د و بیست كیلۆمه‌تر لێده‌خوڕێت و لای خراپ نییه، به‌ڵام كه وه‌رگه‌ڕا حكومه‌تی پێ خراپه، چونكه جاده‌كه‌ی خراپه، چونكه ترافیكه‌كانی باش نییه، چونكه داهاتی نه‌وت دیارنییه، چونكه مامۆستا موچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه، ئیترئاوا ده‌ڕوات تا هۆكاره‌كه بزر ده‌كات، ئێستا نه‌ك هه‌ر هۆكاری كێشه‌كان، خودی كوردیش بزر بووه!
حكومه‌ت پاره‌ی خه‌ڵكی لایه، حیزب مافی خه‌ڵكی خواردووه و ده‌بێت به زۆر لێی بسه‌نرێته‌وه، با ئه‌مه كۆتایی بێت و نه‌یه‌ینه‌وه سه‌ری، به‌ڵام فه‌رهه‌نگی(ناڕه‌زایی له هه‌موو شت)، فه‌رهه‌نگێكی باش نییه، فه‌رهه‌نگی(داخوازی هه‌موو شت)فه‌رهه‌نگێكی باش نییه، ئێمه فه‌رهه‌نگی داواكاریمان هه‌ڵه‌یه، ئێمه داوای هه‌موو شت ده‌كه‌ین و هیچ وه‌رناگرین، باشتره داوای ئه‌و شتانه بكه‌ین كه مافی خۆمانه وه‌ریبگرین!
ئێستا تۆ ده‌توانیت به مایكی تیڤییه‌كه‌وه بچیته بازاڕ‌و خه‌ڵك هان بده‌یت كه: پێویسته حكومه‌ت بۆ ئه‌م به‌هاره سه‌ر و ده‌ست جلی كوردیمان بۆ بكات، جا بۆ ئه‌م قسه‌یه‌شت هه‌ندێ به‌هانه هه‌ڵده‌ره ده‌میانه‌وه، حكومه‌ت نه‌وت ده‌دزێ و قووتی میلله‌ت دیارنییه و مه‌سوله‌كان هه‌مووشتێكیان داگیركردووه و هتد، دڵنیابه خه‌ڵكێكی زۆر دێته سه‌ر ئاوازه‌كه‌ت و یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت: به‌ڵێ پێویسته بۆمانبكرێت و كڵاشیشی له‌گه‌ڵ بێت!
جارێكی تریش وتم كه له هیچ وڵاتێكی دونیادا شۆڕشێك نه‌كراوه دائیره‌ی مروری تێدا سوتێنرابێت، كه‌چی یه‌كڕیز گه‌نج و منداڵی فه‌یسبووك هاتن و جنێوبارانیان كردم، ده‌ی فه‌رهه‌نگی تاكه كه‌سی جیاوازه له فه‌رهه‌نگی حوكمڕانی، ده‌شێت كه‌سێك ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی، حكومه‌ت و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌ی خراپ بێت و خۆی چاكبێت، به‌ڵام كه خۆیشی خراپبوو، ئیدی به‌كارهێنانی بیانووی خراپی حكومه‌ت بۆ كه‌مته‌رخه‌مییه فه‌ردییه‌كه‌ی خۆت جۆرێكه له سته‌م، یانی هیچ لۆژیكێك له‌وه‌دا نییه كه تۆ له‌ماڵه‌وه له‌باوكت ناڕازیت، كه‌چی بچیت حه‌مامه‌كه‌تان بڕووخێنیت! ئه‌مه پێی ناوترێت یاخیگه‌ری و شۆڕشگێڕی، شۆڕش ئه‌وه‌یه نیزام دروستبكه‌یته‌وه نه‌ك نیزام بڕوخێنێت! ده‌ی كه ئه‌مه‌ی پێده‌ڵێیت: ئه‌و یه‌كسه‌ر بیانووه مه‌زنه‌كه‌ی ده‌كێشێت به نێوچه‌وانتدا: یه‌كێتی و پارتی خراپن!
دەبێت له‌ده‌ره‌وه‌ی(ڕسته‌ی یه‌كێتی و پارتی خراپن) فەرھەنگێکی تر دروستبکەین، مێژوویەکی تر بنووسینەوە، ئەمەی ھەمانە بەکەڵکی دروستکردنی شارستانێتییەکی جێی شانازی نایەت، نووسەر ناڕازی، ھونەرمەند ناڕازی، لات ناڕازی، زەنگین و پارەدار ناڕازی، برسی و تێرھەر ناڕازی، سیاسی و وەزیر و کاربەدەست ھەر ناڕازی، لێرە دیارنییە کێ لەکێ ڕازییە و کێ لەکێ ناڕازییە، ناڕەزایەتی لەوەی کەڕەوتێکی یاخیگەرا نەبێت، بووەتە فەرھەنگێکی چێژ بەخش، خەڵکی لەنێو جەنجاڵییەکاندا بەدوای مایکی تیڤییە ناڕازییەکاندا دەگەڕێ و ئەو قسە ڕەق و تووند و زبرانەی تێدا ھەڵدەڕێژێت کە شەوی پێشتر بۆ تەلەڤزیۆنی حازر و ئەزبەر کردبوو، ئەوانەشیان کەھیچ پێناسه‌یه‌كیان بۆ ھیچ شتێک نییە و حەزیشیان لە نمایشە، لەپێش کامێراکاندا وەک شامپازی ھەڵدەبەزنەوە تا ھەرزە و منداڵان لەفەیسبوکەوە پەیکەری پاڵەوانیان بۆبتاشن، ئەھا مامۆستاکە لە ھەولێر بەوپەڕی حەماسەتەوە ھەڵدەبەزییەوە و مایکەکەی ڕاکێشا و به وریاییه‌وه گوێم بۆهه‌ڵخست و وتم ئێستا دەبێتە ڕەمزی ستەم و ناڕەزایی و شتێكی عه‌زیم و ناوازه ده‌ڵێت، کەچی بەھەمو وقووەتی خۆیەوە وتی: بژی ئێن ئاڕ تی!
دواین ڕۆژه‌كانی سمكۆ، كاتێك ئێرانییه‌كان ده‌ستیان گرت به‌سه‌رماڵه‌كه‌یدا له‌سه‌ر سنووری توركیا و ده‌ریاچه‌ی ورمێ، پیانۆیه‌كیان دۆزییه‌وه! تۆ ببینه له‌كاتێكدا كه پێناچێت هه‌موو ئێران دوو پیانۆی تێدا بووبێت، سمكۆ له كوێره گوندێكدا پیانۆی هه‌بووه، ده‌ڵێن هێڵی ته‌له‌فۆنی له باره‌گاكه‌ی خۆیه‌وه بۆسابڵاخ و دیلمان و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ڕاكێشابوو، كه‌چی كه مێژووی نوسراوی ده‌ستی ئێرانییه‌كان له‌مه‌ڕ خۆت ده‌خوێنیته‌وه، سمكۆ وه‌ك تاڵانچی و چه‌ته و ڕێگر و خێڵه‌كی باس كراوه، ده‌ی تۆ وه‌ره مێژوویه‌كی تر دروست بكه، وه‌ره جیهانێكی تر نیشانی نه‌وه‌كانت بده! وه‌ره دونیایه‌كی تر بنووسه‌ره‌وه، دیزاین و نه‌خشه‌یه‌كی تر بكێشه‌ره‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ت، نه‌ده‌بوو من ئه‌م وتاره بنووسم ئه‌گه‌ر ئێوه به‌گوێی فایه‌ق بێكه‌س-تان بكردایه:
ڕۆژی تێكۆشانه، ساده‌ی هیممه‌تێ، تاكو زووه...
به‌شكو له‌م حاڵه نه‌جاتمان بێ‌و له دیلیی ده‌ربچین!