سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی داهاتوو
ئه‌و هاوشێوه‌ی باوكی كه هه‌رچه‌نده سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش بوو و ئێستاش ڕابه‌ری میلله‌تێكه، هه‌ر خۆیان به پێشمه‌رگه ده‌زانن. پێشمه‌رگه لای كورد ئێجگار مه‌زنه و زۆر كورد به‌شانازییه‌وه ده‌خوازن پێشمه‌رگه بن و به‌س.
زۆر سه‌رسامه به باوكی و باپیری و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆی تاكێكی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یه، له‌هه‌مانكاتدا خوێكی پارتییانهشه كه بارزانی باوك و كاك مه‌سعود وه‌ك ڕابه‌ر و پێشه‌وا و سه‌ركرده تهماشابكرێن و لای پارتییه‌كان ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیڵێن ڕاسته، بۆیه ڕه‌نگه زۆرینه‌ی بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه و سه‌خته‌كانی چوار ساڵی داهاتوو به پرس و ڕاوێژ به‌بارزانی باوك بدرێن.
كه‌متر وه‌ك كه‌سێكی سیاسی قسه ده‌كا و زیاتر وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی واقیع بین و باوه‌ڕبه‌خۆ ده‌ده‌كه‌وێ، ئه‌مه‌ش له چاوپێكه‌وتنه ته‌له‌فزیۆنی و ڕۆژنامه‌ییه‌كانی وه‌دیارده‌كه‌وێ كه به‌كورتی و ڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه و خۆی دوور ده‌گرێ له موجامه‌له‌ی به‌رانبه‌ر و وه‌ڵامی دیبلۆماسییانه. ئه‌مه‌ش مانای وایه كاریگه‌ری قوتابخانه‌ی بارزانی پتر له‌سه‌ره له كاریگه‌ریی ئه‌و زانكۆیه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تێدا خوێندووه.
ئۆپۆزسیۆن بوون به‌دیارده‌یه‌كی ئاسایی ده‌زانێ و لای ئه‌و پابه‌ندبوون به یاسا و ڕێنماییه‌كان هه‌م بۆ ئۆپۆزسیۆن و هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵات له هه‌موو شت گرنگترن، ئه‌وه‌شه وای له گه‌لێك خه‌ڵك كردووه ئومێدی گه‌وره له‌سه‌ر چوارساڵی داهاتوو هه‌ڵبچنن كه چوارساڵی یاسا و وه‌ستانه‌وه ده‌بێت دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی داهاتوو، چونكه خۆی كه‌سێكی ئه‌منی بووه، هه‌موو ڕێكه‌وتنه‌كان وه‌ك خۆی جێبهجێدهكا و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌موو به‌رنامه‌كان به‌وشێوه‌یه جێبه‌جێ بكا كه ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌مه‌ش بۆ به‌شێك له پارتییه‌كان و زۆرینه‌ی یه‌كێتیش جێی خۆشحاڵی نییه، چونكه ئه‌وان واقیع و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر په‌ڕی كاغه‌ز به دوو شتی جیاواز ده‌بینن و من پێموایه ئه‌مه ده‌بێته یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌ی نوێ.
زۆر ورده و توانای هه‌ڵێنجان و وه‌رگرتنی زانیاری هه‌یه له قسه و پرسیاره‌كانی به‌رانبه‌ر. ئه‌مه به‌جۆرێكه كه ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌نووسی پڕۆفیشناڵی كه‌ناڵی پڕۆفیشناڵ ناتوانن ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێ بیڵێ، پێی بدركێنن. له وه‌ڵامدانه‌وه زۆر هێمنه و پرسیاره هه‌ره سه‌خته‌كان ناتوانن شێلوی بكه‌ن و توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه به ئارامی بمێنێته‌وه. بۆ نموونه له‌به‌رنامه‌یه‌كی ڕژدی وه‌ك (هارد تۆك) كه پرسیاری هه‌ره سه‌ختی تێدا ده‌كرێن، ئه‌و ده‌توانێ ماوه‌ی ئه‌و بیست و پێنج ده‌قیقه‌یه‌ی له به‌رنامه‌كه به‌شداریكردووه، له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وت و هێز و ئاواز بمێنێته‌وه.
هه‌مان خه‌سڵه‌تی كوردی پاراستووه له بایه‌خدانی زیاتر به خه‌ڵكی بیانی و ئاسایی بوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمانه، ئه‌وه‌ش له ئاستی بایه‌خدانی به‌و چاوپێكه‌وتنانه ده‌رده‌كه‌وێ كه له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه بییانییه‌كان و كه‌ناڵه كوردییه‌كان كردوویه‌تی.
له‌قسه‌كانیدا وه‌ك كوردێكی ناسیۆنالیست ده‌رده‌كه‌وێ و كه قسه له‌سه‌ر باشوور ده‌كا چه‌ند گه‌رموگوڕه و به‌ته‌نگ چاره‌سه‌ری كێشهكانهوهیه، بۆ باكوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواش هه‌روایه.
تا ئێستا دووربوونی له كامێرا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵده‌دا له‌ڕێی كاره‌كانییه‌وه بناسرێ نه‌ك قسه‌كانی.
٭ دكتۆرا له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ده‌ب