ژنکوژی کوردی

Kurd24

هۆکار چییە کە کورد یەکێکە لە ژنکوژترین میللەتانی دنیا؟ ئایا ژنکوژی ژانی لەدایکبوونی ژنی نوێی کوردە؟ دوا پەلامار و پەلەقاژێی دێوەزمەی بریندار و پێکراوی پیاوسالارییە؟

ژنکوژەکان ئاخر ئەڵقەی سیستمی نێرسالارین. ئەوان جێبەجێکارن، دزە بچووکەکەن نەک دزە گەورەکە. سیستمەکە هەمووی دەبێ لابرێت. ئەو سیستمە سەدان ساڵە لەلایەن پیاوەوە داڕێژراوە، لەلایەن دایکانەوە درایە منداڵ و منداڵی لەسەر پەروەردە کرا، دواتر کە قوتابیەکە گەورە بوو پەروەردەکەی دایکی و سیستمەکەی باوکی خستە بواری جێبەجێکردن، خوشکەکەی یا هاوسەرەکەی یا کچەکەی خۆی کوشت.

ئێمەی کورد تاکە شتێک ناومان پێ دەرکردبێت ژنە؛ ژنکوژی و ژنی جەنگاوەر، هەردووکی. واتە دوو شتی هاودژ. لەجێیەک ژنانی میللەتانی دنیا ئیرەیی بە ژنی کورد دەبەن لەبەر ئازایەتی و ئازادییەکەی (لەکاتی شەڕدا یا لە ڕێژەی بەشداری لە پەڕلەمان و ژیانی سیاسی و هونەری باشووردا)، لەلایەکی تر پیاوی کورد ئابڕووی چووە چونکە بە ژنکوژ ناسراوە. ئەم هاودژییە لەکوێوە هاتووە؟

 ژنکوژی کوردی تایبەتە، جیاوازە لە ژنکوژی هەموو ئەو نەتەوانەی ژن دەکوژن؛ هەموو نەتەوەکان ژنکوژییان تێدایە بەڕێژەی جیاواز، بەڵام لە هیچ وڵاتێک خاڵێک کچە خوشکەزای خۆی، مامێک برازای خۆی، برایەک خوشکی خۆی، کوڕێک دایکی خۆی، ئامۆزا و پوورزا ئامۆزا یا پوورزای خۆیان لەسەر شەرەف ناکوژن. (هەندێ جار کچەکە لەلایەن پیاوەكانی بنەماڵەكەیەوە دەسدرێژی سێکسیشی کراوەتە سەر، ئینجا کوژراوە). لەمەدا تەنیا کورد ئەوهایە. ئەمەیان تایبەتمەندی ژنکوژی کوردییە. واتە ئێمەی کورد داهێنانمان کردووە لەو بوارەدا، ژنکوژییەکی تایبەت بە خۆمان داهێناوە کە دەتوانین ناوی بنێین "ژنکوژی کوردی".

 ئەم ژنکوژییە جیاوازە لە ژنکوژی ئەو میللەتانەی زۆرترین ژنکوژی و ئەوانەیشی کەمترین ژنکوژییان تێدایە، میللەت نیە ژنکوژی تێدا نەبێت، پەیوەستە بە ڕێژەوە، کورد لە بەرزترینەکاندایە، ڕەنگیشە یەکەم بێت.

ژنە فێمینیستێکی بەریتانی دەیگوت "فێمینیزمم نەبینیوە هێندەی فێمینیزمی کوردی چالاک و ڕادیکاڵ بێت". ئاخر تاوانەکانی ژنکوژی دەیان جار لە فیمینیزمەکەمان دڕندانەتر و (چالاکتر)ن. ئەمە یاسای "کار و کاردانەوە"یە.

هۆکاری ئەو هەموو ژنکوژیەی کورد چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەرە گرنگە دەمەوێ مێتۆدەکەی سۆکرات بەکار بێنم؛ پێش ئەوەی لەوە بکۆڵمەوە هۆکارەکە چییە، دەمەوێ بزانم چی نییە؟ واتە کامانە هۆکاری ڕاستینە نین و ئێمە کردوومانن بە هۆکار، ئەوەیش ڕێی لێ گرتووین هۆکارە ڕاستینەکە بدۆزینەوە؟

  1. ئایا ئیسلام هۆکاری ژنکوژی کوردە؟ بەڵام ئێمە دەزانین عەرەب و فارس و تورک موسڵمانن، کەچی ژنکوژییان کەم تێدایە، زۆر کەمتر لەوەی کورد، هەرچۆنێک بێت وەک کورد نییە.
  2. ئایا دواکەوتوویی هۆکاری ژنکوژی کوردە؟ بەڵام ئێمە دەزانن نەتەوە و میللەت هەن لە کورد دواکەوتووتریش نەبن پێشکەوتووتر نین، وەک ئەفغانییەکان یا هەندێ ناوچەی ئێران یا وڵاتانی کەنداو (لەڕووی کۆمەڵایتییەوە)، ئەوانە بۆچی وەک کورد و هێندەی کورد ژنکوژی ناکەن، کە ژمارەیان دەیان جار لە کورد زیاترە؟
  3. ئایا هۆکاری ژنکوژی ئەوەیە لە هەر ماڵێکی باشووری کوردستاندا چەک هەیە و لەوێ بازاڕی چەکفرۆشتن و چەککڕین هەیە؟ باشە خۆ لە تەکساس، کە زۆر جار بەراورد دەکرێ بە کوردستان یا کوردستانی پێ بەراورد دەکرێ، لە هەندێ ویلایەتی تری ئەمریکایش لە زۆرینەی ماڵەکاندا چەک هەیە و فرۆشگای چەکفرۆشتن لە هەموو شارێکی ئەو ویلایەتانەدا هەیە، بۆچی ئەوان وەک کورد ژن ناکوژن؟ کەواتە ئەمەیش هۆکاری سەرەکی نییە.
  4. ئایا حکومەتی هەرێم هۆکار و بەرپرسیاری ژنکوژییە؟ زۆر لە ئۆپۆزیسیۆن و دژەحکومەت و دژەپارتییەکان وا دەڵێن. بەڵام خۆ کورد لە ئەورووپا هێندەی کوردستان ژن دەکوژێت. کوردی پارچەکانی تری کوردستانیش ژن دەکوژن چ لە کوردستان چ لە دەرەوە. هەروەها؛ حکومەت ساڵانێکە لەگەڵ چالاکوانان و ڕێکخراوەکان کار دەکات، ئەوپەڕی یارمەتییان دەدات، زۆرینەی یاساکانی ئەوانی خستووەتە ناو یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری، توندترین یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و باشترین یاسای بۆ یەکسانی ڕەگەزی داناوە. کەواتە حکومەتی هەرێمیش هۆکاری سەرەکی و بنەمایی نییە.
  1. دەگوترێت و ڕاستیشە کە ئێمە بۆ زۆر بوار یاسای باشمان هەیە، وەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندتوتیژی بەرامبەر ژنان، بەڵام جێبەجێ ناکرێن. سزانەدانی ژنکوژان بووەتە هۆی زیادی ژنکوژی. لەمەیشدا هەمان وەڵامم هەیە: خۆ لە ئەورووپا ژنکوژان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، بۆچی لەوێ کورد بەردەوامە لە ژنکوژی؟
  2. ئەمانە هەمووی دەرهاویشتە و دەرئەنجامن نەک هۆکار. دەرئەنجامیش نەبن هۆکاری سەرەکی و بنەمایی ژنکوژی کوردی نین. وەک چۆن جلوبەرگ گەرمی لەش دەپارێزن کە نەچێتە دەرەوە و لەش سارد نەبێتەوە، جلوبەرگ گەرمی دروست ناکات، ئەوهایش ئەمانە ژنکوژییان بەرهەم نەهێناوە، بەڵام ژنکوژییان پاراستووە و نەیانهێشتووە لەناو بچێت.
  3. پێش ئەوەی بچمە سەر باسکردنی هۆکارەکان، پێویستە سەرنجتان بۆ یاسای ژنکوژی کوردستان ڕابکێشم. ئەم یاسایە یاسایەکی کۆنی عێراقە و تا ئەم دواییانە کاری پێ دەکرا. بەردەوامیش لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت لەڕێی کتێبی "ڕاڤەی یاسای سزادان" کە "دکتۆر ماهر عەبد شەویش ئەلدرە" نووسیویەتی و "عەبدولسەمەد محەمەد خەیلانی" وەریگێڕاوە و "ئەردەڵان نورەدین مەحمود" پێداچوونەوەی بۆ کردووە.

واتە ئەو هەموو ساڵە پێکڕای یاساناسانی کورد نەیانتوانیوە نەک کتێبێکی یاسادانان بەرهەم بێنن، بەڵکو ڕاڤەی یاسا عەرەبییەکانی عێراقیش بکەن. چەند نامیلکەیەکی کوردی هیچ نەبێ بنووسن دەربارەی یاساکان تا ببنە سەرچاوە بۆ خوێندکاری یاسا.

وەک ڕوسۆ و مۆنتسکیۆ باس لە هزر یا ڕەوانی یاساکان دەکەن، ئەو لایەنەیان لەلا گرنگترین لایەنی یاساکانە، گرنگە ئێمە لە هزر یا ڕەوانی یاساکانمان بکۆڵینەوە. ئایا یاساکانمان کە دەسکردی هزری خۆمان نین، لە قووڵایی کۆمەڵگە و بیری بیرمەندانمانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە؟ دەتوانن کەسایەتی و هزرێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت؟ ئایا دەتوانین وەک لەشێکی یەکگرتوو لێیان بڕوانین کە سەربەخۆیی و بوونی ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت؟

یاسای ژنکوژی: دەقی مادەی ٤٠٩ی سزادان، یاسای تاوانی ژنکوژی کە یاسای ١٩٦٩ی عێراقە و بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە کاری پێ کرا تا لەم دواییانەدا پەڕلەمان "هەڵیپەسارد"، یاسایەکی ئەوپەڕی بێمانا بگرە تاوانکارانەیە. چونکە بە ناڕاستەوخۆ ڕێ بە ژنکوژی دەدات، بگرە هانی دەدات. یاساکە دەڵێ "هەر کەسێک هاوسەرەکەی یا یەکێک لە مەحرەمەکانی لە حاڵەتی زیناکردن یا لەگەڵ پیاوێک لەژێر یەک پێخەفدا بینی و ئەویش دەسبەجێ کوشتی یان یەکێکی کوشت یان دەسدرێژی کردە سەر هەردووکیان یان یەکێکیان و ئەو دەسدرێژییە بووە هۆی مردن یان نەخۆشییەکی درێژخایەن ئەوە سزا دەدرێت بە حەبسکردن کە لە ماوەی سێ ساڵ زیاتر نەبێت…". (تێبینی: بەڵام بۆ ژن، ئەگەر پیاوەکەی لەگەڵ كەسێكدا ببینێ بەڕووتی و بیكوژێ، ئەوا حوکمەکەی سێدارە یا بەلایەنی کەمەوە زیندانی هەتاهەتاییە). بەدەر لەم نایەکسانییە، هۆکاری ئەوەی کە حوکمی ژنکوژ ئاوا نزم کراوەتەوە ئەوەیە کە یاساکە دەڵێ "هۆکاری سووک کردنی سزا بریتیە لە ورووژاندنی هەستی پیاو لە حاڵەتی زیانگەیاندن بە گرنگترین شتی کە بریتییە لە ئابڕوو و پێگە، بەجۆرێک سەرسوڕهێنەری دیمەنەکە و ئابڕووبەری

تاوانەکە ئازادی و ویستی ئەو کەسە تەسک دەکاتەوە و پاڵی پێوەدەنێت بەرەو ئەنجامدانی کردەوەی کوشتنی زیناکەر و هاوبەشەکەی یان کوشتنی یەکێکیان یان بریندارکردنیان، لەبەرئەوە یاسادانەر ئەو بارودۆخە دەروونییەی خەملاندووە و کوشتن یان دەسدرێژیکردنی لەژێر حاڵەتی هەڵچوون بە عوزری سووککردن داناوە و ئەوەش هەڵویستی زۆرینەی یاساکانی وڵاتانی عەرەبییە. هەندێک لە یاساکانی عەرەبی ئاراستەیەکی پێچەوانەیان گرتۆتەبەر، بەجۆرێک لەگەڵ جیاوازی لە بڕیارەکان حالەتی زیناکردنیان بە عوزرێکی لێبووردن لە سزادان داناوە. ئێمە پشگیری لە رای دووەم دەکەین…".

بەدەر لە هەڵەی وەرگێڕان، کە لە عەرەبییەکەدا دەڵێ لەو حاڵەتەدا باس کراوە حوکمی ژنکوژ "لە ٣ ساڵ زیاتر" دەبێت، کەچی لە کوردییەکەدا بە "لە ٣ ساڵ کەمتر" وەرگێڕدراوە، کە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، چونکە هەڵەیەکی ئاسایی و بچووک نییە، ڕێک پێچەوانەکردنەوەیە و ناکرێ بەمەبەست نەبێت. دواتر هەڵە ڕێنووسییەکان کە ئاستی نزمی وەرگێڕ و مامۆستایانی یاسامان دەردەخات، کارەساتی گەورەتر لەم یاسایەدا ئەوەیە تەنیا کوشتنی هاوسەر نابەخشێت بەڵکو کوشتنی هەموو "مەحرەمێک"، واتە خوشک، دایک، پوور "پلک"، ئامۆژن، خاڵۆژن، برازا، خوشکەزا، کچ و کچەزا، باوەژن..تاد. ئینجا، لە هەندێ وڵاتانی عەرەبی ژنکوژەکە بەتەواوی دەبەخشرێت،

لەم دەقەدا هاتووە کە لە کوردستان ئەمەیان هەڵبژاردووە کە ژنکوژ ئەو ٣ ساڵ یان كەمترەش نەچێتە زیندان و بەتەواوی ببەخشرێت.

یاساکانی کوردستان وەک ئەوانەی وڵاتانی ناوچەکە، تێکەڵەیەکن لە شەریعە و کۆدی ناپلیۆنی. ئەمە بوونەوەرێکی سەقەتی بێ گیان و بێ هزری بەرهەم هێناوە لەشێوەی دروسکراوەکەی فڕانکشتاین.

ئەی کامانە هۆکاری بنچینەیی و سەرەکی ژنکوژین؟

وەک هەر دەردێکی کۆمەڵایەتی تر، یەکەم هۆکاری ژنکوژی بیرمەند و ڕۆشنبیر و زانستکارانن (لەبواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان). چونکە ئەوان پزیشکی تاک و کۆمەڵن. تەندروستی مێشک و ناخی مرۆڤ پێی دەگوترێ ڕۆشنبیری. ئەو تەندروستییە پزیشک و پسپۆڕی هەیە کە پێی دەگوترێ بیرمەند، ڕۆشنبیر، زانستکار. هیچ دەردێک بەبێ پزیشک چارەسەر ناکرێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ناکرێت. بۆ ئەوەی هەر دەردێک چارەسەر بکەیت، سەرەتا دەبێ دیاگنۆستیکی بکەیت (واتە ڕیشە و هۆکارەکەی دەسنیشان و دیاری بکەیت). دیاگنۆستیکێکی ڕاستیش. چونکە ئەگەر دیاگنۆستیکی هەڵەت کرد، لەجێی چارەسەری ئەو دەردە دەردێکی تر بۆ نەخۆشەکە زیاد دەکەیت. دەشێ دکتۆر (بیرمەند، ڕۆشنبیر، زانستکار) دیاگنۆستیکی هەڵە بکات، لەو کاتەدا دەبێ چەند پزیشکێکی جیاواز هەمان نەخۆش ببینن و دیاگنۆستیکی بۆ بنووسن، ئەگەر هەموو دیاگنۆستیکەکان وەک یەک بوون، ئەوکات دەزانین ڕاستن. دەبوو هەموو بیرمەندانی کورد یەکەم بابەتی کاریان ژنکوژی بێت. چونکە ئەوە دەردە مەزنەکەی کوردە. چونکە بەهۆی ژنکوژییەوە ئێمە لە ئەنفال و کیمیاباران پێکەوە زیاتر مرۆڤمان لەدەست داوە. بەهۆی ژنکوژییەوە کۆمەڵگەمان ناتوانێت وەک پێویست پێشکەوێت، وڵاتمان بنیاد بنێین. چونکە وڵات بنیادنان بەبێ ژن مەحاڵە، بەبێ بەشداری لەسەدا سەدی ژن. بەڵام ئەو دیاگنۆستیکە هەر دەبێ بکرێت.

بە بۆچوونی من، یەكەم هۆکاری سەرەکی ژنکوژی کوردی، کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردییە لە دوای ڕاپەڕینەوە. کوردستان دوای ڕاپەڕین کەوتە دەست کورد. کوردیش یەکەم جاری بوو شاری بکەوێتە دەست و ناچار بێت بەڕێوەی ببات. بۆیە لە هەموو ڕوویەکەوە وەحشییانە هەڵسوکەوتی کرد؛ ژنکوژی، فەرهود، گەندەڵی، براکوژی، توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانی، گەڕانەوەی خێڵ و بەهێزبوونەوەی، خیانەتی نیشتیمانی، ئیسلامی سیاسی...

هەموو ئەم دەردە دزێوانە دەرکەوتن و بوونە بەشێک لە سیستەمی دەسەڵات و ڕێسای کۆمەڵایەتی. جەخت لەو خاڵە دەکەمەوە کە ئەمانە نەبوونە بەشێک لە سیستەمی دەسەڵات بەتەنیا، بەڵکو بەشێک لە سیستەمی کۆمەڵایەتییش. بێ بەهابوونی تاک لەوێوە سەرچاوەی گرت. ژن نیوەی تاکەکانی کۆمەڵگە پێک دێنێت، کە تاک بێبەها دەبێت، ژن زیاتر بێبەها دەبێت، چونکە ژن لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا بەشە لاوازەکەیە. نەتەوە لەشێکە، کە تووشی دەردێک بوو کۆمەڵێک دەردی تر بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەو دەردانە وا دەکەن دەردە سەرەکییەکە بشاردرێتەوە، پزیشکی زیرەک دەتوانێ بە ڕووکەشی دەرهاویشتە و دیاردەکان تووشی چەواشەکاری نەبێت، دەردە سەرەکییەکە بدۆزێتەوە.

هۆكارێكی تر ئەوە كە لە دوای ڕاپەڕین لەبەر گۆڕانی ڕادیکاڵی سیستەمی سیاسی، سیستەمی کۆمەڵایەتی دەبوو خۆی ڕێک بخاتەوە. چونکە ڕاپەڕین کتوپڕ بوو، بە بڕیاری ئەمریکا بوو کە عێراقی گرت، کورد ئامادە نەبوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە، هیچ بەرنامەیەکی نەبوو، بەدەر لەوەش بیرمەندان و ڕۆشنبیرەکانی خەریکی بابەتی سوریالی و جەدەلی بیزەنتی بوون، نە ئاگاداری گۆڕانەکانی کۆمەڵگە بوون نە ئەو زانستەیان هەبوو بتوانن پێشبینی بۆ سیستەمێک بکەن.

چەندە سیاسییەکانمان بە ڕاپەڕین شڵەژان، هێندەیش ڕۆشنبیر و بیرمەندانمان ئامادە نەبوون بۆ ئەو کارە. لە هەموو وڵاتێک بیرمەند سەرچاوە و دەسپێشخەری شۆڕشە، بیرمەندانی ئێمە نەک ئەوە نین، بەڵکو لە پاش سیاسییەکان و میللەتیشەوە دیاردەکان دەبینن و قسەیان لەسەر دەکەن. تا شتێک نەبێتە دیاردە و ڕیشە دانەکوتێت، ڕۆشنبیر و بیرمەندی ئێمە نایبینێت. کە دەیشیبینێ تازە درەنگە، درەنگیش نەبێت ئەو زانستە قووڵەی نییە و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ناکات تا لە هەموو ڕوویەکەوە دیاردەکە ڕوون کاتەوە و کارە تیۆرییەکەی ببێتە سەرچاوە بۆ سیاسییەکان و دادوەرەکان و پەڕلەمانتار و چالاکوانان. وەک چۆن لە بواری پزیشکیدا لێکۆڵەرەوە لە ئەزموونگە و تاقیگەکاندا کاری لێکۆڵینەوە لەسەر نەخۆشی و ڤایرۆسەکان دەکات، دەیاندۆزێتەوە و چارەسەر دادەهێنێ. ئەنجامی کارەکەی دواتر لە نەخۆشخانە دکتۆرەکان پەیڕەوی داهێنان و دۆزینەوەکانی دەکەن، لە زانکۆکاندا مامۆستایانی ئەو بوارە وەک وانە دەیڵێنەوە. ڕۆشنبیریش هەمان کاری پشکنەر و دۆزەرەوەی لەسەر شانە. ڕۆشنبیری ئێمە پشت بە گەڕانی مەیدانی نابەستێت. پشت بە ئەڕشیف و بەڵگەیش نابەستێت. ئەرشیف و بەڵگە دەکرێت بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یا ناو خەڵک و هەموو ئەو پەیج و سایتانەی دەماودەزگاکان بێت.

ڕۆشنبیری ئێمە تا ئەمڕۆش پشت بە خەیاڵی خۆی دەبەستێت. ئەم جۆرە کارکردنە هەزاران ساڵە نەماوە، بەتایبەت لە شۆڕشی فەڕەنساوە ڕۆشنبیر وەها کار ناکات.

تەنانەت پێش شۆڕشی فەڕەنسا ڕۆشنگەرەکان ئەمەیان گۆڕی: ئەنسیکلۆپیدیایان داهێنا، ڤۆلتێر بۆ نووسین لەبارەی لێبوردەیی (تۆلێرانس)، بۆ باسکردنی ئاین و مەزهەبەکان، رووی لە بەریتانیا كرد بۆ ناو پرۆتستانتەکان، تا لە نزیکەوە کێشەی ئەو کێشمەکێشمە ئاینییە ببینێت.

هۆكارێكی تری زیندبوونەوەی ژنكوژی، چوونی کورد بوو بۆ ئەورووپا. سەفەری هەزاران کورد بەتایبەت کوردی باشوور بۆ ئەورووپا لەدوای ڕاپەین. چوونی کورد بۆ ئەورووپا، هۆکاری کرانەوەی ژنی کورد بوو. بۆ یەکەم جار ژن و پیاوی کورد دەبوو لە دەرەوەی کۆمەڵگە و نەریت و یاساکانی کۆمەڵگەی خۆیان ژیان دروست بکەن. لەمەدا ژن و پیاو یەکسان بوون. ئەم یەکسانییە پیاوی کوردی تووشی جۆرێک لە شێتی کرد. بینی لە وڵاتێکدایە چیدی هەموو یاساکان لە خزمەتی ئەودا نین، چیدی ژن کۆیلەی ئەو نییە، چیدی ئەو بڕیار لە هەموو شتێک نادات، چیدی منداڵەکانی موڵکی ئەو نین، چی ویست لێیان بکات. چیدی ژن نیوەی ژیانە و نیوەی بەرپرسیاری منداڵەکانی بەردەکەوێت. ئەم پێگە نوێیەی ژن نەدەچووە مێشکی پیاوی کورد. تا ئەمڕۆیش زۆر بە گرانی دەتوانێ قبووڵی بکات.

لە کۆتاییدا دەڵێم، وڵات بەکارگێڕ بەڕێوەدەبرێت نەک بە دەسەڵاتدار. دەکرێ وڵاتێک بەبێ دەسەڵات بەردەوام بێت، بەڵام بەبێ کارگێڕ هیچ دەسەڵاتێک چەندە بەهێزیش بێت، ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات.

 ژنکوژی یەکێکە لەو بێسەروبەرییەی تاک و کۆمەڵی کوردستانی گرتووەتەوە. ئەو بێسەروبەرییە هەمیشە لە قۆناخە ڕاگوزەرەکاندا دەردەکەوێت. دوای شۆڕشەکان. ڕاپەڕین گۆڕدرا بۆ شۆڕش، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی. هەموو لەدایکبوونێکیش ژان و ئازار و خوێنی لەگەڵدایە. ژنکوژی ژانی لەدایکبوونی ژنی کوردە. دێوەزمەی پیاوسالاری هەست بە مەترسی دەکات، بریندار بووە، بۆیە دڕندەیی خۆی دەردەخات. بەڵام چاک دەزانێت کە ئەوە چاری ناکات، برینەکەی کوشندەیە و تەمەنی لە ئاوابووندایە، بۆیە دەستی خۆی دەوەشێنێت. ژنکوژی لە

بێهوودەیی پیاوسالارییەوە هاتووە. پیاوسالاری ببێهوودەیە لەوەی بتوانێ بەردەوامی بە خۆی بدات. ژنی کورد گورزی کوشندەی داوە لە دێوەزمەی پیاوسالاری. نابێ تەنیا وەک شتێکی نەرێنی لێی بڕوانین؛ ئەو بێسەروبەرییە مانای ئەوەیە کە جیهانی پێشوو بەجێ دێڵین، لەگەڵیشیدا مرۆڤی پێشوو، چ ژن چ پیاو. بەهاکانی پێشوو ڕادەماڵدرێن. یا بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز دەچین، یا دەگەڕێینەوە (کە ئەوە مەحاڵە، یا بەرەو کۆمەڵگەیەکی خراپتر لەوەی پێشوو دەچین، کە من یەکەمیان دەبینم چونکە دەسەڵاتی هەولێر ماوەیەکە بەڕاستی کار لەسەر پرسی ژن دەکات و پێشکەوتنێکی بەرچاوی دروست کردووە لە پێگەی ژن و بەشداری ژن لە بوارەکانی کارگێڕی، میدیا، دادوەری و دەسەڵاتدا بەگشتی.

لەڕووی نائاگای ئەفسانەییەوە کورد یەکێکە لە گەلە کۆکازییەکان. ئەو گەلانەی کۆکاز کە بە سوارچاکی و و جەنگ و چەتەگەری ناسراون. ناوچەی کۆکاز ڕێک دەکەوێتە سەر "ڕێی ئاوریشم" کە لە چینەوە درێژدەبێتەوە تا کۆستەنتینۆپۆلی "ئیستانبوڵ". کورد یەکێک نەبووە لەو گەلانەی بازرگانی کردووە، کورد وەک گەلانی تری کۆکاز لەمێژووی ڕێی ئاوریشمی دا چەتەیی و ڕێگری کردووە. گەلانی کۆکازی سوارچاک و جەنگاوەر، بەهاگەلی خێڵەکییان هەبووە، وەک شەرەف، ناموس، شکۆمەندی، ئازایەتی… تەنانەت ژنەکانیشیان سوارچاک و تیرهاوێژ و جەنگاوەر بوون. ژنی کورد لەشێوەی ئەمازۆنەکان بووە. تا ئەمڕۆیش لە خۆراسان کوردەکانی ئەوێ ژنەکانیان سوارچاکی دەکەن و لە پێشبڕکێکاندا بەسەر ئەسپەوە لەغارداندا بە تیر نیشانە هاوێژی دەکەن. ئەو ژنانە هەمان ئەو سیفەتانەیان هەیە کە لە ئەفسانەکانی ئەمازۆنەکان هەیە (تەنانەت دەوترێ ئەو سەردەمە مەمکی چەپی خۆیان بڕیوەتەوە بۆ ئەوەی خێراتر تیر لە کەلانیان دەربێنن). وەک دەروونناس و دەروونشیکاری سویسرایی "کارل گوستاف یونگ" باسی ئەفسانە دەکا وەک پێکهێنەری نەستی نەتەوە (هەر لەمەشدا لە فرۆیدی مامۆستا و هاوەڵ و هاوپیشەی جیادەبێتەوە)، ئەو پێی وایە بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگەیەک بناسین دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەفسانانەی نەست و نائاگای بەکۆمەڵی پێکدێنن. مرۆڤ تەنیا منداڵی دروستی ناکات، منداڵی تاکە سەرچاوەی کەسایەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو ئەفسانە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیش بەشێکن لە پێکهاتەی هیزری و دەروونی تۆ، چونکە ژێرخانی هێمایی و ئاماژەیی تۆ پێکدێنن. هەروەها کورد خوداوەندی ژنی هەبووە. تەنانەت لەلای یارسانەکان هەمیشە یەکێک لە "حەوت تەن"ەکان ژنە و بە "دایە" ناو دەبرێ، وەک "دایە ڕێزبار". ئەمانە وایان کردووە ژن لەلای کورد وەک بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لێی بڕوانرێت، لەهەمان کاتدا پیرۆزیش و بێزراویش بێت. ژنی بەرجەستە (واتە خوشک و کچ و هاوڕێ و هاسەر.. و ئەو ژنەی لە ژیانی ئاساییدا دەیانسین و دەیبینین) بێزراوە و، ژن بەگشتی (واتە وێنای ئایدیاڵی ژن کە ئەفسانەیی و دابڕاوە لە لەشی، واتە بەرجەستە نییە) پیرۆزە. وەک دوالیزمی ئاینی "لەش و ڕەوان". ئاینە تەنیاپەرستییەکان (کە زەردەشتیزمیش یەکێکە لەوان و بگرە یەکەمیانە) گیان و ڕەوان بە پیرۆز وێنا دەکەن، لەش وەک بێزراو و قێزەون، لەش پیسە و گیان پیس دەکات. هەتا لەش ئازار بدرێت و ئازادی لێ بگیرێتەوە، کەمتر دەتوانێت گیان و ڕەوان پیس بکات. لەناوبردنی لەش واتە ڕزگارکردنی گیان و وێنای ژنی ئەفسانەیی ئایدیال. ژن پیرۆزە چونکە دایکە، ژن بێزراوە چونکە سووڕی مانگانەی هەیە و خوێن لەلەشی دەردەچێ یا چونکە سێکس دەکات بۆ چێژبردن نەک بۆ منداڵبوون یا تێرکردنی ئارەزووی هاوسەرەکەی. واتە لە نەست و نائاگای مرۆڤی کورددا ژن خوداوەندێکە و نابێت خۆی بخاتە ئاستی ئاژەڵ. لەباوەڕی کورددا، کە لە زانستیشدا وەها وێناکراوە، سێکس کردارێکی ئاژەڵیانەیە. بۆیە بەپێی مرۆڤی کورد ئەگەر ژن بەدەر لە منداڵبوون تەنیا بۆ چێژبردن یا پیویستی تاکەکەسی سێکس بکات، یا لەگەڵ کەسێک بیکات کە هاوسەری خۆی نەبێت، واتە ژن لە خوداوەندەوە دادەبەزێنێتە ئاستی ئاژەڵ. بەپێی کورد، هەموو ژنێک نوێنەری ژنە بەگشتی. بۆی نییە وێنەی ژن دابەزێنێتە ئاستی ئاژەڵ. وێنەی ژن موڵکی ژن نییە، موڵکی پیاوە. هیچ ژنێک بۆی نییە دەسکاری ئەو وێنەیە بکات. بەڵام لە مۆدێرنەدا و دوای ژیانەوەی ئیتالیایی، گەڕانەوە بۆ سرووشت (سرووشتی مرۆڤ و سرووشت بەگشتی) یەکێکە لە میکانیزمەکانی مۆدێرنە. "داروینیزم"یش سەلماندی ئێمە ئاژەڵین و ئامۆزای مەیمونین. "هیومانیزم" لەسەر بنەمای ئاژەڵبوونی مرۆڤ بنیادنراوە. واتە چەندە ژن و پیاویش لە ئاژەڵێتی خۆیان نزیکبنەوە و لەگەڵ ئاژەڵێتی خۆیان تەبا بن، ئەوەندە تەندتروست و هاوسەنگ و جێگیر دەبن. وێنای کورد بۆ ژن هێشتا لە سەردەمەکانی پێش ژیانەوەی ئیتالیدایە، هێشتا نەگەیشتۆتە داروین. هەربۆیە لە خوێندنگەکانماندا کێشەی گەورە ئەوەیە داروینیزم بڵێیتەوە، بەتایبەت ئیسلامییەکان دژی داروینیزمن.