شەڕە ھەنگوینیەکەی ھەولێر و بەسرە و چەند پرسیارێک

Kurd24

لەساڵی 2003 وە تاوەكو ئێستا ئەو ھەموو كوردە لەرێگای بەغدا و شارەكانی عێراق ڕفێندرا، ئەشكەنجەدرا، سەربڕا و پارەی بەشەق لێسەندرا! داوای لێبووردنیان کرد؟ بۆ ئەو ھەموو کیمیاباران و گوند خاپوورکردن و ئەنفالەی کرا داوای لێبووردنیان کرد؟ چەندین جار سووکایەتیان بەیانەی تۆپی پێی ھەولێر کرد! داوای لێبووردنیان کرد؟

لەنەجەف بوو یان کەربەلا ئاڵای کوردستانیان لەسەر عەرزی شةقام وێنە کردبوو بەپێ بەسەری ھاتووچۆیان دەکرد داوای لێبووردنیان کرد؟ جگە لە ھاووڵاتی کوردی سادە سووکایەتیان بەوەزیری کورد کرد و ڕەوانەی كوردستانیان کردەوە کەس داوای لێبوردنی کرد؟ لەپرسەی مام جلال لەبەغدا بینیمان چۆن پاسەوانەکانی مالیکی سوکایەتیان بەپاسەوانی سەرۆک کۆماری کورد کرد! داوای لێبووردنیان کرد؟ شەش پاسەوانی تایبەتی سەرۆك کۆمار تاوەکو ئێستاش شوێن بزرن؟ کەس داوای لێبووردنی کرد؟ چەندین جار حەنان فەتلاوی و عالیەخانی ڕەفیقی و زۆری تریش زۆر بەبێ شەرمانە و دوور لەھەموو ڕەوشت و ئەتەکێتێکی کاری پەرلەمانی بەلێدوان ھێرشیان کردۆتە سەر جەنابی کاك مسعود، کەس داوای لێبووردنی کرد؟ لەمەڕاسیمی بەخاكسپاردنی مام جەلال لەفڕۆکەخانەی سلێمانی کۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی عەرەبی عێراق لەبەردەم ئەم ھەموو مێوانە سووکایەتیان بەکورد و ئاڵای کوردستان و مەڕاسیمەکە کرد و یەکسەر گەڕانەوە بەغدا کەس داوای لێبووردنی کرد؟ لەکاتی خۆپیشاندانەکانی بەغدا کۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی کورد لەبەغدا بەجێگری سەرۆك پەرلەمانەوە سوکایەتیان پێکرا و تێرشەق و جنێو کران کەس داوای لێبووردنی کرد؟ ئەکرەم شه‌ریف وێنەگری کوردستان تیڤی لەپێش چاوی ماڵ و منداڵی بەچەقۆ جەستەی کون کون کرا حەشد داوای لێبووردنی کرد؟ ڕۆژانە ئەو شوفێرانەی لەھەولێرەوە ھاتوچۆی موسڵ دەکەن لەناو موسڵ و لەگەراجی موسڵ سووکایەتیان پێدەکرێت بشپرسن!! کەس داوای لێبووردنی کرد؟

 ھەموو خەڵکی کوردستان لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن بینیان چەند مانگێك پێش ئێستا شوفێرێکی تاكسی گەنجی خەڵکی ھەولێر لەتەمەنی 34 ساڵی بەناوی رەزوان لەبازگەی حەشدی شەعبی لەموسڵ گوللـەباران کرا تەنھا لەبەر ئەوەی کوردە. کەس داوای لێبووردنی کرد؟  ھەر لەو بەسرایەی ئێستا زۆر تامەزرۆی داوای لێبووردنین بۆی (بەڕەسمی و ناڕەسمی) سووکایەتی بەئاڵای کوردستان کرا، داوای لێبووردنیان کرد؟ بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعش عەبادی تەنھا دەستخۆشی لەسوپای عێراق کرد بێ ئەوەی ناوی پێشمەرگە بێنێت. داواێ لێبووردنی كرد؟ دواتر گووتی لەبیرم چو! دیارە زھایمەری ھەیە و كورد ناناسێت؟

لێرە لەچوار گەنجی عەرەب دراوە لەسەر ستایشکردنی حەشدی شەعبی (بەئیعتیڕافی خۆشیان)، بەڵام لەوێ سووکایەتی بەشکۆی میلەتێک کرا و دەکرێت و بەردەوامیشە، ئێستاش جگە لە داوای لێبووردنی رەسمی باسی ناردنی وەفدیش دەکرێت بۆ بەسڕە. ئەگەر وابێت بەناردنی وەفدەکە بۆ بەسڕە دەڵێم: لەدڕك قەت ترێ ناچننەوە و خۆچەمانەوەش بۆ ئەو ئاستە ھیچ دەستکەوتێك زامن ناکات. ئەگەر ئەوەندەش پەرۆش و عەوداڵی داوای لێبووردنن کەپێویست نەبوو بیکەن دەتانتوانی بە بەسڕە و بەغدا و ناسریە و حیللە بڵێن: ئەوەی قەوما  لەگەڵی نەبووین و پێمان ناخۆشە بەڵام ڕووداوێکی ئاساییە لەھەموو کۆمەڵگا و وڵات و شارێك ڕوودەدات و ئێستاش یاسا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، زیاتر نا، بەڵام سروشتی تاکی کورد وایە یان زۆر شەڕاوی و روح گەورە و توندە و کەس بەھیچ نازانێت یان دادەبەزێتە نزمترین ئاست.

 بەرز دەفڕێت و نزم دەنیشێتەوە نموونەش ئەو شەڕەی ناو بازاڕ و ئەو تەنازولەی کرا و دەڵێن شاندمان بۆ بەسڕەی ئازیز بەڕێوەیە. حەدی وەسەتمان نیە، مزگێنیشتان پێدەدەم ئەگەر وەفدەکە تەشریفی برد و چوونە بەسڕەی ئاخیر شاری عێراق لەسەر نەخشە. لەوێ مریدەکانی عەسائیب و ھێزی بەدر و جەماعەتی ئەلکەتائیب نیشانی خەڵکی بەسڕه‌تان دەدەن و دەڵین ئەو برادەرانە (إخواننا الاكراد الكاكات بارك الله بيهم خوش رجال خطية جايين يعتذرون من عدنا ويتوسلون ميخالف هاي المرة هم نسامحهم ؟ المسامح كريم). برا کوردەکانمان بۆ پاڕانەوە و داوای لێبووردن ھاتوون گوناحن ئێمەش لەراھی خودا ئەم جارەش عەفویان دەکەین و دڵمان گەورەیە!.

 لەگەڵ ئەوەشدا من لەسەرەتای ڕوودانی شەڕەکەی ناو بازاڕ لەنێوان ئەو گەنجانەی بەسڕە و گەنجانی خۆمان بەدیاردە و شتێکی ناشرین و ھەڵەم زانی و گووتم شتێکی ھەڵەیە و نەدەبووایە رووبدات، ھەموو کەسێکیش لەشارەکەی خۆی بەخەڵکی میوان و بێگانە دەوێرێت، بۆیە بەجوامێری و ئازایەتیم نەزانی؟