مام ترامپ ئەو هەموو هات و هاوارەت لە چییە؟

Kurd24

بڕیارەکەی ئەم دواییەی ترامپ سەبارەت بە  لێدانی سوریا، بە هاوپەیمانیێتی فەرەنسا و بەریتانیا، تەنیا بۆ سەرپۆشکردنی کارە نایاساییەکانی (دۆنالد ترامپ)ە کە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ (ڤلادیمیر پوتین)ی سەرۆکی روسیا ئەنجامی دابوو.

بۆیە لێدانی ئەم دواییەی سوریا لەبەر خۆشەویستی منداڵانی سوریا نەبوو، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیانە، ئەگەر نا بۆ لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی کە شەڕ لە سوریاوە سەریهەڵداوە تا ئێستا هیچ چارەسەرییەک و هەڵوێستێکیان وەرنەگرتووە بۆ رزگار کردنی گەلی سوریا لە دەست رژێمی ئەسەد.

هەر وەک ئاشکرایە چ رووسیا و چ ئەمەریکا لە پێناو مانەوە و بوونی خۆیان لەو دەڤەرە ئامادەن هەموو کارێک بکەن، با دوور نەچین لە دوای نەمانی داعش لە ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی شەرڤانانی کوردەوە، ئەمەریکا و ئەوروپا و روسیا زۆر بە ئاشکرایی پشتیان لە کورد کرد، چونکە چیتر کاریان بە کورد نەما، هەر بۆیە عەفرینیان رادەستی سوڵتانی تورکیا کرد. ئێستاش دەیانەوێ بە رای گشتی جیهان بڵێن کە ئەوان نیگەرانن لەوەی کە لە سوریا روودەدات، کەچی روسیا و ئەمەریکا و دەوڵەتە ئیقلیمیەکانی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە دەستێکی باڵایان هەبووە هەیە لە هەڵگیرساندنی شەر و خاپورکردنی سوریا.

لە کاتێکدا وڵاتێکی  وەک تورکیا ئەندام لە هاوپەیمانی  ئەتلەسی (ناتۆ) و ئەندام لە ئەنجومەنی ئەوروپا هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە کوردستانی رۆژئاوا، کە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی مافی نیودەوڵەتیيە، کە هەر ئەم جۆرە پێشێلکردنە بوو لە ساڵی 1991 هاوپەیمانیێتیەک لە نێوان  رۆژئاوا و رۆژهەڵات دروست بوو لە دژی سەدام بە تۆمەتی داگیرکردنی کوەیت، کەچی بۆ عەفرین هەموو لایەک بێ دەنگیان نواند. لە سەرووی هەمووشیانەوە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بۆیە دەڵێم مام ترامپ ئەو هەموو هات و هاوارەت لە چیە؟