ئه‌گه‌ر ڕقت لێی نیه، پارتیت!
خه‌ریكه کوردستان دابەش دەبێت بۆ دوو تاقم، تاقمێکیان ئەوانەی کە ته‌نیا جنێو ده‌ده‌ن و تاقمێكیشیان ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا جنێویان پێ ده‌درێت. ئەو جنێوانەی کە کوردێک لە یەک رۆژدا بە کوردێکی تری دەدات، بەشی شەش مانگی بەریتانییەک دەکات کە بە بەریتانییەکی تری بدات، بەشی دوو ساڵی سویدییەک دەکات کە بە سویدییەکی تری بدات، بەشی پینج ساڵی هۆڵندییەک دەکات کە بە هۆڵندییەکی تری بدات.
ئه‌مڕۆ، هه‌موو ململانێی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئاینی باشووری كوردستان چڕ كراوه‌ته‌وه له پارتی له لایه‌ك و ئه‌وانه‌شی كه ڕقیان له پارتییه له لاكه‌ی تره‌وه! تۆ ڕۆژنامه‌نووسی، شاعیریت، مه‌لای، بهقاڵیت، پزیشك و كرێكار و هه‌رچی هه‌یت، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت خۆت یه‌كلایی بكه‌یته‌وه كه ڕقت له پارتییه تا به به‌ره‌ی گه‌ل حیسابت بكه‌ن؟ یاخود پارتیت تا حه‌شر و نه‌شری خۆیانت به جنێو له‌گه‌ڵ بكه‌ن؟!
ئەها ئیسلام کە هات، پێش هەموو شت جیاوازییەکانی خۆی و یەهودی و نەسرانی و زەردەشتی و ئێزیدی و هتدی تۆخ کردەوە، جووەکان ڕیش دەهێڵنەوە؟ تۆ بۆ ئەوەی لەو نەچیت، كه ڕیشتهێشتەوە بەر سمێڵی له‌گه‌ڵ بتاشە و شەرواڵت کورت بکەرەوە و هتد. گرنگ نیە ئەو باشە یان خراپ، تۆ هەموو ههوڵێكبده کە لەو نەچیت.لە ئێستادا پارتی و بەرامبەرەکانیشی ئاوا دەبینم، گرنگ نیە پارتی چی دەکات، گرنگ ئەوەیە کە تۆ دژەکەیت پێ باش بێت و دژەکەیت خۆش بوێت. سوپای قودس دژی پارتییە؟ دەی تۆ قاسم سولەیمانیت خۆش بوێت! داعش ڕقی لە پارتییە؟ دەی بۆ وەستاویت؟ خێرا ببە بە مەعشوقەی خەلافەت. پارتی باس لەسەربەخۆیی دەکات؟ دەی تۆ ئۆتۆنۆمیت لەچوارچێوەی عێراقدا بەلاوە باش بێت! پارتی گرنگی بە ئاڵای کوردستان ئەدات؟ دەی دەست بکە بەفەلسەفەبازی، پارچە پەرۆیەکی قۆڕ چییە هەڵبکرێ یان نەکرێ و ئیتر ئالەم قسانە.
گرێی بەرامبەرەکانی پارتی لەوەدایە کە دژبەربوونی پارتییان وەک حیزب نەخستووەتە چوارچێوەی ململانێی ناوخۆییەوە و نائاگا هه‌ر دروشمێك ئه‌م حیزبه بەرزی بکاتەوە، ئەوان دەستبەجێ بە حیسابی ململانێ و لێدانی پارتی دژایەتی دەکەن، ئەمەش وای کردووە، پارتی کەوتووەتە بەرەیەکەوە، هەموو گوتار و دروشمەکانی بوون بە باس و خواستی قەومی و بەرامبەرەکانیشی دژبەری ئەم باسانە، بێ ئاگا لەوەی کە تێکرای کورد لەگەڵ خواستی سەربەخۆییدایە، بەس مادام ئێستا ئەم باسە دروشمی پارتییە (جا درۆ ده‌كات یان ڕاست!) کەواتە دەبێت دروشمی ئه‌وان ئه‌وه‌وه‌یه كه ئیستا کاتی سەربەخۆیی نیە، جا قسەکە ئەوە نیە کە کاتیەتی یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئەمجۆرە مامەڵەیە پارتی کردووەتە خاوەن دروشمی قەومی و بەرامبەرەکانیشی بوون بە دژە قەومی. تۆ سەیرکە، پارتی لە رێی پێشمەرگەوە عاتیفەی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك دەبزوێنێت، کەچی بەرامبەرەکەی لەگێلێتییەوە، بەحیسابی داخوازی بۆ هێزی نیشتمانی، ئەو پێشمەرگەیەی کە لەئێستادا ئەمری واقعە، بە میلیشیا ناو دەبات، دانانی ئاڵای کوردستان بە خۆفرۆشی ناو دەبات، جلی کوردی کە لە میدیای ئێرانییەوە وەک کەرەستەیەکی گاڵتەجاری باس كرابوو، ئه‌و تەهیدی ده‌كات و پێی خۆش ده‌بێت.
جاران ته‌نیا ئه‌وانه پارتی بوون كه خۆیان ئیعلانیان ده‌كرد و له ناوچه و لق و باره‌گا فه‌ڕمییه‌كانی ئه‌و حیزبه‌دا كاریان ده‌كرد، كه‌چی ئێستا له ئه‌نجامی ململانێ سه‌قه‌ته‌كانی ڕكابه‌ره‌كانی پارتییه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به پارتی حیسابن كه ڕۆژانه و جار‌و باور یه‌ك دوو ته‌ڕه جنێو به‌پارتی ناده‌ن، ته‌نانه‌ت پارتی بوون وای لێ هاتووه هه‌ر كه‌س باوه‌ڕی به نیشتمان و ئاڵا و دروشم و شكۆی كوردی هه‌بێت، وه‌ك سوكایه‌تی و تانه لێدان پێی ده‌ڵێن پارتی!
ئه‌ڵبه‌ت من کۆنترۆڵكردنی ناوەنده‌كانی بڕیاری ئەم وڵاتە لەلایەن پارتییەوە، ناگێڕمەوە بۆ ژیرێتی و شاره‌زایی سیاسهتكارانهی ئەم حیزبە، بەڵکو دەیگێڕمەوە بۆ گێلێتی و گەوجایەتی بەرامبەرەکانی. ئاخر ماقوڵە ئێستا سەرجەم دروشمە قەومییەکانی کورد کەوتووەتە لای پارتی، کەچی تۆش بەحیساب پێت وابێت دژایەتی پارتی دەکەیت، نائاگا دژایەتی سەرلەبەری دروشمە قەومییەکان بکەیت و منداڵ و ته‌واڵ فێری دژایه‌تیكردنی نیشتمان وسیمبولهكانی خۆی بكه‌یت؟! ئەمە گێلێتی نەبێت چییە؟ تۆسەیری فەیسبوکی زۆربه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و به‌شێك له یه‌كێتی و به‌شێك له یه‌كگرتوو بکە، هەرچی پارتی بیڵێت، جا چاک بێت یان خراپ، ئەوان پێچەوانەکەیان پێ چاك و باش دەبێت. تەنانەت گەر پارتی بڵێت خوا هەیە، ئەوان (نعذوبالله) خوا نەبوونیان بەلاوە باش دەبێت. ئەمه هێنده‌ی كه ململانێی حیزبی بێت، نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونییه!
ئه‌وان بێ ئاگان لەوەی کە هەندێ دروشم هەیە، لەئەساسەوە دروشمی چاک و گونجاون، بەوەی کە لایەنێکی(دژ بە ئێمە) بەرزی دەکاتەوە، ئەو دروشمانە ناگۆرێن بۆ خراپ و بێ سود، بۆنمونە: سەربەخۆیی لەبنەرەتدا دروشمێکی چاک و ڕاستەقینەیە یانی سه‌وابته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده، جا پارتی بەرزی بکاتەوە لەم کاتەدا یان هەرحیزبێکی تر، دژایەتی کردنی ئەم دروشمە گەوجایەتییە، یان ئاڵای کوردستان و فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی و پێشمەرگە و هتد، بەرزراگرتنی ئەمانە بارێکی عاتفین و بۆ هەرتاکێکی کورد مایەی ئیفتیخارە، تۆ لەگەوجایەتی خۆتەوە، دژایەتی ئەم دروشمانە بکەیت و پێتوابێت دژی پارتی بوویت، تۆ كه‌سێكی نه‌فامیت و سودت بە پارتی گەیاند، ئەو کە بەشان و شکۆی پێشمەرگەدا هەڵدەڵێ و تۆش پێشمەرگە بە میلیشیا ناو دەبەیت، خۆ دژی پارتی چالاکیت نەبووە، تۆ دژبوویتەوە لەگەڵ عاتیفەی عمومیدا. دژایه‌تیكردنی پارتی پۆینته‌كه نییه، كێ ئه‌مه‌ی تێگه‌یاندوویت؟!