دەربارەی: هاتوچۆ و کارکردن بۆ ژینگەیەکی پاکتری شارەکانی کوردستان

Kurd24

باوەڕ ناکرێ هیچ وڵاتێک لەم جیهانە پان و بەرینە هەبێت وەک کوردستان، وێستگەی پاسی لە شارەکان بۆدروستکرابێت و پاسی نەبێت، باوەڕ ناکرێ هیچ وڵات وەک کوردستان هەبن، شارەوانی بەرپرسیارێتی هاتووچۆی لە ئەستۆ نەبێت، باوەڕ ناکرێت هیچ وڵات لەم جیهانە هەبێت، پاسی گەورەی ئەهلی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان لە پایتەخت بەکاربێت و پاسەکانیش تەنیا یەک دەرگایان هەبێت.

لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی جگە لە کوردستان کۆمەڵێک ئامراز بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییان لەناو شارەکان بەکار دێن، هەر بۆ نموونە لە ناو شاری سانکت پیتر – بورگ: پاس، ترێلێ پاس (جۆرە پاسێکە بە کارەبا کار دەکا)، میترۆ، ئێلێکتریچکە (شەمەندەفەری خێراتر لە میترۆ و لەسەرز ەوی دەڕوا)، تڕام، کە هەموویان حکوومین و لە تەک ئەوانە لە نزیک هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەر مینی پاس (نۆ نەفەر)ی ئەهلی هەن و بە بڕە پارەیەکی کەم لەخزمەت هاوڵاتییاندان. بێگومان جگە لەوانە ئۆتۆمبیل و بایسکلیش بەکار دێت... تەنیا هێڵی میتڕۆی سانکت پیتر – بورگ پێنج خەتە و درێژی 113 کیلۆمەترە. 67 وێستگەی تێدا، لە ساڵی 2015 نزیکەی 742 ملیۆن کەسی گواستبۆوە. ڕۆژانە یەک ملیۆن و سەد هەزار هاووڵاتی, لەم شارە جوانە میترۆ بەکاردێنن.

لە ناو شاری ستۆکهۆڵم: پاس، میتڕۆ، تڕام، پێندل تۆگ (شەمەندەفەری سەرزەوی لەنێوان گەڕەکەکان کاردەکا) بۆ پیر و خانەنشینکراوەکانیش پاسی بچووک بەناوی (هێڵی نەرم) هەیە. میترۆی ستۆکهۆڵم 109 کم درێژە و 100 وێستگەی هەیە. بەسەر سێ هێڵ: سەوز، سوور، لەگەڵ شین دابەشکرایە. ساڵانە 320 ملیۆن کەس دەگوازێتەوە یان بەکاری دەینن.

لەم گوتارەم تەنیا نموونەی دوو شارم باسکرد، بەڵام لەڕاستیدا هاتووچۆ لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیا و چین و هیند و یابان... هتد بە هەمان شێوةیە. لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیێت هەر شارێک ژمارەی دانیشتوانی بگەیشتبا یەک ملیۆن، یەکسەر هێڵی میتڕۆیان بۆ ڕادەکێشا.

خەڵکێکی زۆر ئامرازەکانی هاتووچۆی حکوومی یان گشتی بەکاردێنن، زیاتر بۆئەوەی ژینگەی شارەکەیان پیس نەکەن، ئاسانتر و لە کاتی خۆی بۆسەر کارەکانیان بگەن، لە ڕێگاش خەریکی خوێندنەوەی رۆژنامە یان کتێبەکانیان بن. هاتووچۆ بە میتڕۆ یان بە شێوازەکانی دیکە لە ئەوروپا هیچ شەرم نییە و هەموو کەسێک لێی سوودمەند دەبیت. (پێش چەند ساڵێک لە کاتژمێر 12ی شەو برادەرێک سەرۆک وەزیرانی پێشتری سوید ئینگڤار کارلسۆن لەگەڵ خێزانەکەی بینیبوو لە وێستگەیەکی پاس دانیشتبوون و چاوەڕێی پاسیان دەکرد).

لە ستۆکهۆلم بلێتی یەک مانگ بۆ هەموو جۆرەکانی هاتووچۆ بۆ کەسێکی سەرووی ٢٥ ساڵ بە نزیکەی سەد دۆلاری ئەمریکییە، لەوانەیە لە هەندێک وڵاتانی دیکە هەرزانتربێت، بەڵام دیسان ئەو بڕە پارەیە، هەموو کەسێک هەیەتی و ئەگەر بە ئۆتۆمبیلی خۆی بۆسەرکار بچیت، زۆر گرانتر دەکەوێ و بەتایبەتیش ئەگەر کەسەکە کار لە ناوشار بکات، کە کرێی گەراج زۆرە.

دەبی بنووسم بەشێوەیەکی گشتی ئەو پاسانەی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتی لە سوید و زۆربەی وڵاتانی دیکە بەکاردێن، سێ دەرگایان تێدا، لە دەرگای پێشەوە خەڵک سوار دەبن و لە دوو دەرگای دواوەش دێنەخوار. جگە لە شوێنی دانیشتن، شوێن بۆ سێ عارەبانەی منداڵ هەیە، دایکان لەگەڵ منداڵەکانیان لە دەرگای ناوەند بە خۆڕایی سواری دەبن.

بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنیا پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکو پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانیشە، چونکە شۆفێرەکان بەتوانان و رێنماییەکانی هاتوچۆ وەکخۆی بەکاردێنن.

کێشەی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە کوردستان کێشەیەکی زۆر گەورەیە و بەداخەوە تا ئێستا ڕێکنەخراوە، بەڵام قەت درەنگ نییە، بەرنامەی بۆدابندرێ و کاری لەسەر بکرێ. شار و شەقامەکانی کوردستان، بەتایبەتیش هەولێر و دهۆک و کەرکووك و سولەیمانی لە داهاتووێكی نزیک بەرگەی ئەم هەموو ئۆتۆمبیلە ناگرن، ئەگەر ئێمە باس لە پاراستنی ژینگەش نەکەینەوە، کە رۆژ دوای ڕۆژ پیستر دەبێت و لە دوورەوە یان ئەگەر لەبەرزایی سەیری بکەین، شار بە تەمێکی بۆر و پیس و ترسناک داپۆشراوە، ئاسمانەکەی شێلو دێتەبەرچاو و هەوای وەک جاران پاک نییە. هەوای پیسیش دیارە کۆمەڵێک نەخۆشی لەگەڵ خۆی دێنیت و لەوانە شێرپەنجە و ئاستمە (رەبو)، حەساسییە و زۆری دیکەش.

لەوانەیە حکوومەتی هەرێم لەم کاتەی ئێستا نەتوانی میترۆ بۆ شارەکان دروست بکا، بەڵام دەتوانی پاسی یەک دەرگا بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان لەناو شارەکان قەدەغە بکا، دەتوانی پاسە کۆنەکان لە ترافیک دەربهێنی و مەرجی گرانتر بۆ خاوەنەکانیان دابنێ، کە تێیدا بیر لە ژینگە بکرێتەوە. دەتوانی پلانێک دابڕێژیت و کاتێک دیاربکات، بۆ دروستکردنی میتڕۆ هەرنەبێ لە هەولێر، دەتوانی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ هەر شارێک چەند پاسێکی نوێ بکڕێت و لەخەت دایانبنێ، دەتوانی بەرنامەیەکی جوانی هەبێت و هاوڵاتییان تێبگەینیت، کە بەکارهێنانی پاس پێش هەموو شتێک خزمەتکردنی ژینگەیە، پاکڕاگرتنی شارەکانە و هیچ پەیوەندی بە ستاتوسی کۆمەڵایەتییەوە نییە.