پاراستنی به‌ها و هێزی ریفراندۆم
ئه‌وه‌ی لێره و له‌وێ رژێمه سته‌مكاره‌كان به‌سه‌ر كوردی ده‌هێنن، له ئازایه‌تییان نییه، به‌ڵكوو ده‌ردی بێ ده‌وڵه‌تی و بێ پشتی خۆمانه. ئه‌گه‌ر كوردیش خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و كیانێكی سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز بوایه، ئه‌وانه‌ی خاك و ژیانیان داگیركردووین، به‌و ئاسانیه نه‌یانده‌توانی هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت بمانكوژن و ماڵ و حاڵمان بسووتێنن.
دوور نه‌ڕۆین، 16ی ئۆكتۆبه‌ر حكوومه‌تی عێراق له كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، شتێكی خراپ نه‌ما به كوردی نه‌كات. زۆر كه‌س پێیان وابوو كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێن، كۆتایی سه‌رده‌می سته‌م و كوشتن و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده، لێ ده‌ركه‌وت به عه‌قڵیه‌تی دوێنێ و له ژێر ناو و به‌رگێكی نوێ، پرۆسه‌ى زوڵم و سته‌مكارى، برسیكردن و په‌راوێزخستنى كورد، درێژه‌ى هه‌یه.
ئه‌و غه‌دره‌ش ته‌نیا له سه‌رده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایانی عێراقه‌وه نه‌كراوه و ناكرێت، به‌ڵكو وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش درێخیان له په‌یڕه‌وكردنى ئه‌و سیاسه‌ته نه‌كردووه، هه‌روه‌ك رۆژانی رابردوو شایه‌تیی هێرشی مووشه‌كبارانى ئێران بووین بۆ سه‌ر خوشك و برایانمان له كۆیه، كه به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین رۆڵه‌ی خه‌باتكاری كورد شه‌هید و بریندار بوون. كه‌چی له به‌رامبه‌ردا كه‌مترین هه‌ڵوێستى حكوومه‌تی عێراقمان نه‌بینی. پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌گه‌ر كوردستان خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری بووایه، ئێران بوێریی ئه‌وه‌ی ده‌بوو ده‌ستدرێژى بكاته سه‌ر سه‌روه‌ریى وڵاتێكى دیكه و توانای سه‌ربازیی خۆی له كوشتنى ژن و پیاوى كورد تاقیبكاته‌وه؟ بێگومان نه‌یده‌توانی په‌نا بۆ ئه‌و كرده‌وه هۆڤانه‌یه به‌رێت.
كه به خه‌یاڵ بۆ دوێنێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه، ده‌زانم له‌وه‌ته‌ی فامم كردووه، هه‌ستی سه‌ربه‌خۆییخوازی له‌ناخمدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه.
دوای راپه‌ڕینی ئاداری 1991، هه‌ر حزب و لایه‌نێك، دروشم و گوتاری تایبه‌ت به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرتبێت، خۆشه‌ویستییه‌كی زۆرم بۆی هه‌بووه. له ته‌مه‌نى پازده شازده ساڵیمه‌وه به هۆی بیری نه‌ته‌وه‌یی و گوتاری سه‌ربه‌خۆییخوازیی، له ده‌ره‌وه‌ی ئینتمای سیاسیم له دڵه‌وه پارتی سۆسیالیستی كورد "پاسۆك" م خۆش‌ویست، له‌به‌ر ئه‌وه نا به‌رنامه‌ی ئه‌و حزبه‌م به‌دڵ بێت و ئه‌ندام و لایه‌نگری بم، به‌ڵكوو به‌هۆی هه‌ڵوێستی جوانی كوردانه و بڵاوكراوه‌كانیان، كه پڕ بوون له په‌یڤی سه‌ربه‌خۆیی.
سه‌ركرده و ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه، زۆر به فراوانی كاریان له سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و بایه‌خی ده‌وڵه‌تی كوردستان بۆ گه‌لێكی ماف زه‌وتكراو و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی خۆشه‌ویستی بۆ نه‌خشه و ئاڵای كوردستان ده‌كرد.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردی بێ ده‌وڵه‌ت، له ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز و ناسه‌قامگیری مینڕێژكراو ده‌ژیت، ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی به توندوتیژی و سڕینه‌وه، كه‌مترین درێخی له ئازاردانی نه‌كردووه. هه‌ربۆیه‌شه میلله‌تێكی شپرزه، زامداری خوێن له جه‌سته چۆڕاو، ده‌روون ماندووى لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت، واته سه‌رگه‌ردانی و بێ كه‌سیى تاكه‌كانی، هه‌ر ئه‌و بێ ده‌وڵه‌تییه‌شه وای كردووه هاونیشتمانییانی به ئاسانی بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ئه‌م و ئه‌وی ده‌وروبه‌ر، هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێندرێن و بێ بیركردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن، ده‌ست له مافه‌كانیان هه‌ڵبگرن، زۆر جاریش بكه‌ونه به‌ره‌ی دوژمن و خیانه‌ت له خاك و میلله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن.
كورد هه‌تا قۆناخی بێ ده‌وڵه‌تی تێنه‌په‌ڕێنێت، نابێ چاوه‌ڕوانیی بۆ ژیانێكی دوور له شه‌ڕ و ماڵوێرانی هه‌بێت.
كه‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ریفراندۆم هیچ گرنگییه‌كی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان له گه‌مژه‌یی، یان بڕوانه‌بوونیان نییه بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكوو له رقی ئه‌وانه‌یه كه به‌و په‌ڕی جدیبوون و بڕوابه‌خۆبوونه‌وه، شانیان دایه به‌ر ئه‌و ئه‌ركه گرانه و ئه‌و رێگه‌یه‌یان هه‌ڵبژارد.
هه‌رچه‌ند ژانی له‌دایكبوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی زۆر سه‌خت و دژوار بوو، لێ رژێمه سته‌مكاره‌كان چه‌ند دژایه‌تی بكه‌ن و دانی پێدا نه‌نێن، ریفراندۆم هه‌ر به به‌رزترین و باڵاترین ده‌ستكه‌وت له مێژووی نوێی گه‌له‌كه‌مان ده‌مێنێته‌وه و به‌دیهاتنی سه‌ربه‌خۆییش مه‌حاڵ نییه.
ئه‌و ریفراندۆمه‌ی دژایه‌تییه‌كی زۆر و پیلانگێڕیی زۆری ده‌رهه‌ق كرا، رووداوێكی ئه‌وه‌نده بچووك نییه له زاكیره و رۆحی هیچ كوردێكی وڵاتپه‌روه‌ر و ئازادیخواز بسڕێته‌وه. ریفراندۆم رووداوێكی به‌رده‌وامه و جه‌نگی قبووڵكردنی ئه‌نجامه‌كه‌یشی، كۆتایی نایه‌ت.
نابێ له پرسى سه‌ربه‌خۆیدا، بێ ئومێدی بمانكوژێت، دوور نه‌ڕۆین، خۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ش هێنده ئاسان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر سه‌یری زۆرێك له‌و 35 ده‌وڵه‌ته‌ی كه له دوای ساڵی 1990 به رێگه‌ی جیاواز دروست بوون، بكه‌ین، ده‌بینین به ئاسانی و بێ قوربانیدانی گه‌وره نه‌هاتوونه‌ته كایه‌وه.
ئه‌گه‌ر ده‌ست به شوناس و به‌ها و هێزی ریفراندۆمه‌وه بگرین، رۆژێك دێت شوێنی خۆی ده‌گرێت و تامى به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌چێژین.