هەموو کارتێک بۆ سەربەخۆیی بەکار نەهاتووە

Kurd24

وێدەچی ئێمەی کورد تا ئێستا هەموو کارتەکانی خۆمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەکار نەهێنابی، هەربۆیەش زۆر لە وڵاتانی جیهان لەگەڵ هەبوونی ئازادین بۆ کورد، بەڵام دژ بە پارچەبوونی ئێران و تورکیا و ئێراق و سوریان، لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینن بۆ کورد، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتەکانی ناوەندی رازیبن، کورد بە گەلێكی چەوساوە و غەدرلێکراو دادەنێن، بەڵام ڕێگانادەن، کورد خۆی یەکلابکاتەوە و بڕیار لە داهاتووی خۆی بدا.

ئەو شێوە تێڕوانینە لە پرسی کورد، بێگومان پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئابووری و سەربازیی خۆیانەوە هەیە، ئەوان نازانن، یان نایانەوێ بزانن و بیربکەنەوە، ئەگەر وڵاتێک دانیشتوانی زیاد لە چل ملیۆن کەس بیت، خاوەن زەوی و ئاسمانی خۆی بێت، ئەمڕۆ نا سبەی دەبی بژی چۆن خۆی دەیەوێ، نەک چۆن ئەوان دەیانەوێ و ڕێگای پێدەدەن، دەبی بژی چۆن خۆی پێیخۆشە، نەک چۆن ئەوان پێیانخۆشە، دەبی بژی و خۆی شێوەی حوکمڕانی خۆی هەڵبژێری، نەک ئەوان ڕێگای پێبدەن و داهاتووی بۆی دیاربکەن، دەبی خۆی خۆی ئازاد بکا، نەک چاوەڕێی وەرگرتنی کارتی ئازادی بی، دەبی لەسەر خاکی باوک و باپیرانی هاوڵاتی پلە یەک و ڕەسەنبی، نەک وەک میوان و هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە و زۆری دیکەش، باشە ئەوان زیاتر مێژووی کورد و خەبات و شؤڕشەکانی کورد بخوێننەوە و تا تێبگەن: ئەوان تا ئێستا توانیویانە کێشەی کورد بۆ ماوەیەکی کورت سڕبکەن، نەک چارەسەر بکەن، کێشەی کورد بۆ ماوەیەک دوابخەن، نەک بنبڕ بکەن.

چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەیوەندی زۆری بە هەبوونی دیموکراتییەوە هەیە، چونکە لە وڵاتی دیموکرات، هەموو پرس و کێشە ئاسان و ئاڵۆزەکان تا دەگاتە دابەشبوونی وڵات و کێشانی سنووری تازە، لە ڕێگای دەنگدان و دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەر دەکەن، بەڵام ئەو دیموکراتییەی ئەوان جارێ زۆر لە ئێمە دوورە و لەوانەیە بەم نزیکانە بۆ هەرێمەکەی ئێمە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگا، نەک لەبەر ئەوەی ئێمە دیموکراتیمان ناوێ و دیموکراتیمان قبوڵ نییە، بەڵکو حکومەتەکانی ناوەندی لە دیموکراتییەت نەگەیشتوون و قبوڵیان نییە، چونکە خۆیان و هاوڵاتییانی ئەوان جارێ دیموکراتییان بۆ هەزم ناکرێ. لەڕاستیدا، حکومەت و هاوڵاتی ئەوان، کاریش لەسەر ئەم پرسە ناکەن و بۆ داهاتووێكی نزیک بە پێویستیشی نازانن چونکە، لە جەوهەری دیموکراتییەت نەگەیشتوون و دیموکراتییەت لەگەڵ بەرەڵایی تێکەڵ دەکەن. دیموکراتی وڵاتانی ناوەند و هەڵبژاردنی ئەوان زۆر لە دیموکراتی وڵاتانی ئەوروپی و هەڵبژاردنی ئەوێندەر جیایە. جێگای داخە، گەل و حکومەتەکانی ناوەند، لەبەرنامە و پلانیشیان دانییە، نەوەیەک بۆ داهاتوو بۆ وڵاتێكی دیموکرات و ئازاد پەروەردە بکەن، بۆئەوەی لە وڵاتێکی ئارام و ئازاد و هێمن بژین. لە پلان و بەرنامەیان دانییە، ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن، ئازادی بۆ هەموو کەس بە ڕەوا ببینن.

چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە مێژوو، لەوانەیە هەندێک خەتای کورد خۆشی تێدابیت، کە لە کاتە ناسکەکان نەیتوانیوە هەموو کارتەکانی خۆی بەکاربێنی، لە هەموو دەرگاکان بدا، بسەلمێنێ، کورد دراوسێیەکی باشە. لەوانەیە کورد تا ئێستا نەیتوانیبێ لە ڕێگای فەرهەنگەوە بچێتە ناخی میللەتان، چونکە فەرهەنگ ڕەنگی نییە، سنووری نییە، نەتەوەی نییە، لەهەمان کات، مرۆڤەکان لەیەک نزیک دەکاتەوە، پشتیوانی دروست دەکا.

ئەوکاتە ڕەتبوو، کورد خۆشی نابی ڕازیبێت، کەس دڵی بەکورد بسووتێ. دڵسووتان، لەراستیدا چارەسەر نییە و هیوایەکی لاوازە. دەبی ئێمە رای جیهان لە دڵسوتانەوە بۆ هەق بگۆڕین، بۆ ماف بگۆڕین، بۆ ئەرک بگۆڕین.

یەک هەقیقیەت هەیە باشە هەموو لایەک پێی بزانن، هەتا کێشەی کورد بە تەواوی چارەسەر نەکرێ، قەت ئارامی و هێمنی میوانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست نابی، میوانی گەل و حکومەتەکانی ناوەند نابی. دەبی ئەوەش بزانن، ئەگەر تاکی کورد لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش بکرێ، دیارە هاوڵاتی ئەوانیش ئاسوودە ناژین و دەبی بە جلی سەربازی بنوون، جگە لەوە، ئابوورییان وێران دەبیت و شەڕ و ناخۆشی میوانیان دەبی. بەمشێوەیە، هەبوونی ئازادی بۆ کورد، دەکاتە هەبوونی ژیانێکی ئارام بۆ ئەوان.