دەربارەی: زستانی روسیا و ئاسۆیەکی گەش

Kurd24

زستانەکانی روسیا یەکجار ساردبوون و هەموو شتێک لە دەرەوە دەیبەست. لەم نووسینە، مەبەستم زیاتر زستانی شارەکانی مۆسکۆ و پێتربوورگە نەک ئۆرال و سیبیریا، کە زۆرجار پلەی ساردی دەگاتە خوار پەنجا و هەندێک جار هێشتا نزمتریش دەبێتەوە. من پێش مۆسکۆ چەند زستانێکی سویدم بینیبوو، کە ئەوانیش زۆر ساردبوون و تا نزیک 30 ژێر سفر دەڕۆیشتن. لەوکاتەی پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دەڕوا دەبەستێ، چەند زیاتر ژێر سفر بێت، ئەوەندە ساردترە، چەند بەرەو باکوریش بڕۆین، دیارە بەفر زۆرترە و زستان سەختتر دەبی... برادەرێکم پانتۆڵێکی کابۆی خۆی لە مۆسکۆ شوشتبوو، بۆ وشکبوونەوەش لە بالکۆن لەسەر ڕستەیەک هەڵیواسیبوو، بەیانی هێنابوویەوە ژوور، ویستبووی قەدی راست بکاتەوە، پانتۆڵەکەی شکا، چونکە بەستبووی.

زستانی 1987ی مۆسکۆم بە ئاسانی دێتەوە بیر. کچێکی زۆر جوان، لە نزیک پەیمانگای فێربوونی زمانی روسی، سندوقێكی گەورەی لەسەر شەقام دانابوو و دۆڵدرمەی دەفرۆشت. هەموو زستانەکە، خەڵکم دەبینی بۆ کڕینی دۆڵدرمە لە سڕە دەوەستان. من لەوە تێنەدەگەیشتم، ئاخر بەو چلەی زستانە، کە پلەی ساردی نزیک 25 ژێر سفرە، چۆن ئەو دۆڵدرمەیان بۆدەخورێ؟ بڕیارمدا تاقیبکەمەوە و وەک هەموو ئەوانەی دیکە جارێک لە سڕە وەستام و دۆڵدرمەیەکم کڕى. من چاوەڕێی پارچە سەهۆلێکم لەناو دەمم دەکرد، کەچی هەستدەکەم، دۆڵدرمە نەرمە و ناودەمی گەرم کردمەوە... هەستێکی زۆر سەیربوو، تا تاقی نەکەیتەوە تێیناگەیت.

لە پیتربوورگ هەر لەوکات، ساڵانە بەلای کەم پێنج مانگی زستان هەموو شتێک دەیبەستا، ئێستاش لەبیرناکەم، کە چۆن ئەوجار کۆتایی نیسانە و وەک سەدان کەسی دیکە بەسەر ڕوباری نێڤە (لە شوێنی پەڕینەوەمان بەرینی نزیکەی 200 مەتر بوو) لە ناوەڕاستی سەنتەری پێتربوورگ لەگەڵ چەند برادەرێک بە پێ پەڕینەوە... ژێر پێمان، فڵتە فڵتی لێدەهات و شەختەی سەر ڕووبار خەریکبوو دەتوایەوە، شوێنی بوت و پۆستاڵەکان 20 سم قووڵبووبوو، دیسان خەڵک نەدەترسان و هەر دەپەڕینەوە... من لەو پەڕینەوەم تا سەرئێسقان پەشیمانم و هەرجارێک دێتەوە بیرم، زەندەقم دەچیت و لە هەمان کات و ترس دەژیمەوە، چونکە ئەگەر شەختەی سەر ڕووباری نێڤە لەژێر پێمان یان بەهۆی شەپۆلێکی چاوەڕێنەکرا و بشکابا، کارەسات ڕوویدەدا و هەرکەسێک بکەوتبا ناو ڕووبار ئەگەر نقومیش نەبووایە، لەماوەی چەند خولەکێک لە ساردییان دەمرد و دڵی دەوەستا. لە دەریاکەی نزیک بەشی ناوخۆمان (دەریای باڵتیک) شەختەکە ئەوەندە ئەستووربوو، دەیان ئۆتۆمبیلی گەورە و بچووکم دەبینی پێشبڕكێ و یارییان لەگەڵ یەکتر لەسەر ئەو شەختە ئەستوورە دەکرد و کاتی خۆشیان بەسەر دەبرد.

ئەگەرچی زستانەکان ئەوەندە ساردبوون، بەڵام خانوو و ژوورەکان بەهۆی سۆبا زەیتییەکان گەرمبوون و کەس لە ژوورەوە سەرمای نەدەبوو، هەروەها بۆدەرەوەش خەڵک جلی زۆر گەرمی لەبەر دەکرد و هیچ کێشەیەک نەبوو. بەڵام جگە لە جلی گەرم و پاڵتۆیەکەی ئەستوور، دەبوایە دەستەوانە و ملپێچ و کڵاویش لەسەر هەبێت.

زستانەکانی ئەوکات، نەک هەر دەرەوە بەڵکو ناو زۆربەی پاسەکانیش دەیبەستا. ئێمە جارێ زۆر شارەزا نەبووین و نەماندەزانی لەکوێندەرین یان چەندمان بۆ شوێنی مەبەست ماوە. بۆئەوەی بزانین لەکوێندەرین، پەنجەوانەمان لەدەست دەکردەوە، ناولەپمان لەسەر جامی پاس دادەنا، پاش نزیکەی 15 – 20 چرکە شوێنی ناولەپمان دەتوایە و دەرەوەمان بە لێڵی دەبینی و دەمانزانی لەکوێندەرین.

ئەوەی سەرەوە ژیانی ئێمە لە روسیا بوو، ئێستا بیر لە ژیانی بیست ساڵی ڕابردووی کوردستان دەکەمەوە، دێتە بیرم هەرجارەی شانسێک بۆ کورد هاتبێتە پێش دەرکەوت، وەک پێویست سوودی لێوەرنەدەگیرا و زۆربەمانی خەمبار دەکرد، بەڵام زۆری نەدەبرد، شانسێکی دیکەی لەوەی پێشتر گەورەتر و باشتر میوانمان دەبۆوە... بەمشێوەیە ڕاستە بەرزی و نزمی هەبوو، بەڵام شانسەکان بەردەوامبوون و کوردیان بەتەنها جێنەدەهێشت.

چەند ڕۆژێکە هەستدەکەم بۆ کورد کۆتایی ژیان و خەبات نییە و شانسی دیکە بەڕێوەن. ئەگەر بیر لە زستان و پاسەکانی پێتربوورگیش بکەمەوە، بیر لە شێوەی بینینی دەرەوە و شوێن و پێگەمان لە هاوکێشە جیهانی و ناوچە بکەمەوە، نازانم بۆ یان چۆن، دیوێكی دیکەی کوردستان بە ڕوونی دەبینم، کە زۆر جوانە و خەڵک ئاسوودە دەژی. من ئەوەش دەبینم، هەر گۆڕانکاریێک لە ناوچەکە بکرێ، ئێمە بەشدارین و خەرمانی 50 ساڵی خەبات و تێکۆشانمان دەدوورینەوە، چونکە لەم کاتە ناسکە لێم ئاشکرایە، نە خودای گەورە و نە زلهێزەکانی جیهان، کورد بەتەنها جێناهێڵن.